ناونیشانی بابەت: پارێزگاریی لە ناوچە شوێنەوارییەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکرێت
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری #سۆران# دەڵێت: بەشێوەیەکی جدیی کار لەسەر پاراستنی ناوچە شوێنەوارییەکانی سنوورەکەمان دەکرێت، ئەویش بە تەلبەندکردن و دانانی تابلۆی هۆشیاری و پێدانی ڕێنمایی لە ڕێگەی ناوەندەکانی خوێندن.
لەمبارەیەوە حسێن عومەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند: ”سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کە لە چەندین شارۆچکە و شارەدێ و گوند پێکدێت، چەندین شوێن و ناوچەی شوێنەواریی گرنگی تێدایە، زۆر جاریش لە کاتی کار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، یان ڕووچوونی زەوی، گۆڕ و گۆزە و خەڵووز و پارچەی شوێنەواری بەدیار دەکەون، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کە هەزاران ساڵ لەمەوبەر ژیان لەم دەڤەرە بەردەوام بووە، باشترین بەڵگەش، دۆزینەوەی ئێسکە پەیکەری مرۆڤی نیادەرتاڵە لە ئەشکەوتی شانەدەر.
وتیشی: تا ئێستا بە سەدان شوێنی شوێنەواری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە شێوەی فەرمی تۆمار کراون، لەگەڵ ئەوەشدا، چەندین شوێن و ناوچەی شوێنەواریی دیکە هەن پێویستە لە لیستی شوێنەوارە ناوخۆیی و جیهانییەکان تۆمار بکرێن، هەروەها پێویستیشە کاری کنە و پشکنینیان تیادا بکرێت، هەروەک لە (#ئەشکەوتی شانەدەر#، گردە دەشت، بانە هێلک و مجێسەر و چەند شوێنێکی دیکەی شوێنەواری) لەلایەن تیمە شوێنەوارییە جییهانییەکان، بە هاوکاری و هەماهەنگیی شوێنەوارە ناوخۆییەکان کنە و پشکنینیان بۆ کراوە و لە هەندێک شوێنیش بەردەوامە.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، ئاماژەی بەوەش دا: بەشێوەیەکی جدیی کار لەسەر پاراستنی ناوچە شوێنەوارییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکرێت، بە تەلبەندکردن و دانانی کامێرا و تابلۆی هۆشیاری و پێدانی ڕێنمایی بە خەڵکەکە، بۆ ئەوەی دەستکاریی ئەو شوێنەوارانە نەکەن، چونکە شوێنەوار ناسنامە و مێژووی گەل و نەتەوەکان پیشان دەدات.
حسێن عومەر، دەشڵێت: هەوڵەکانمان بەردەوامن بە ئەنجامدانی سیمینار و پێدانی هۆشیاریی شوێنەواری بە چین و توێژەکان، بەتایبەتیش لە ڕێگەی ناوەندەکانی خوێندن، ئەمەش هۆکارێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی هەموو لایەک لە ئاست پاراستنی شوێنەوارەکان هەست بە بەرپرسیارییەتی بکەن.“[1]