ناونیشان: خورۆشان
ڕۆژ و ساڵ: #17-05-2014#
ناوی نووسەر: #ڕەشید حەیدەری#
ساڵانی زوو
هەر لەم شارە
بە چاوی خۆم خەڵکم دیوە
کەمێ کەمتر لەم ژمارە
بە بانگەوازێکی حاکمی شار
خورۆشاون بۆ تواشای وەشاندنی تووڵی شەرم
لە ژنێکی چارەڕەشی بێدەرەتان و لێوبەبار
دیل و کۆیلەی بارودۆخی تاڵی ژیان
کۆڵەواری دواکەوتوویی و بیری هەژار
خورۆشاون بۆ بینینی شەللاقدانی پیاوێکی مەست
بۆوەی قوبزی پیاوێتیی بشکێنن
بە بەرچاوی خەڵکەوە
ئاوی ئاوڕووی بتکێنن
بیکەن بە پەن، سەرکز و پەست
بەڵام ئەمڕۆ هەر لەم شارە
ئاپۆرەی خەڵک خورۆشاون
نەک بۆ سەیری شکاندنی
شەقڵی شکۆی ئافرەتێکی کز و داماو
یان بەرزەدەماخیی پیاوێکی لاسار و
نەسازاو لەگەڵ کۆتوبەندی باو
بەڵکوو ئەمان ئەمڕۆ هاتوون
ناڕاستەوخۆ
بە گژی تاریکیدا بچنەوە
لەگەڵ سێبەری مەرگدا بجەنگن
ئاراستەی هەنگاوەکان بگۆڕن
بیرەکان دەمەزەرد کەن
ژەنگی کۆنی لێ داشۆرن
ئەمڕۆ هەرکام لەمان مەلەوانێکن
بەپێچەوانەی شەپۆلەکان دەبزوون
پشتیان لە بای مەرگە و
بۆ ڕزگاریی هەناسەیەک لە خنکان
پەلەیانە
دڵنیا بن، دڵنیا بین
ئێوە ئەمڕۆ بەم کارەتان
بە یەکیەتیی کەم وێنەتان
ڕچەی ڕێگەیەکی نوێ دەشکێنن
تۆوی جیهانێکی بێ سێدارە
لە هزرگەی لاو و کاڵی ئەم وڵاتە
بۆ هەمیشە دەچێنن
هەنگاوتان پیرۆز، دەستان خوەش
باوەش باوەش گوڵتان پێشکەش [1]