نەورۆزی 1978 لە #کەلار#
#سەباح عەلی جاف#
وەک لەو وێنەدا دیارە، کاک شێروان عەلی بەکامێرای خۆی گرتوویەتی، خەڵکێکی زۆر لە ئێوارەی 20-21 ی ئازاری 1978، بە بۆنەی ڕۆژی نەورۆزەوە لەدیوی پشتەوەی #قەڵای شێروانە# کۆبوونەتەوە، لەیادەکەدا هونەرمەندان #سەڵاح داودە# و فایەق داودە بە گۆرانی و دەهۆڵ و زوڕنا بەشداربوون، وەک دەردەکەوێت گەڕەکی بنگرد لەوێنەکەدا دیارە، بەڵام ژمارەی ماڵەکان زۆر نین.
بەپێی بیرەوەرییەکانی ڕەوانشاد، مستەفا نەریمان، لە ساڵی 1945 یەکەمین ئاهەنگی نەورۆز لە کەلار کراوەتەوە، بەدوایدا ساڵانە ئەو یادە پیرۆز کراوە بە چالاکی جۆربەجۆر، لە ساڵی 1957 لە بەردەم ماڵی مستەفا بەگدا ئاهەنگێکی گەورە کراوە، جگە لەگۆرانی و بەستە و کردنەوەی ئاگری نەورۆز، شانۆگەری (کاوە و زوحاک) تێیدا پێشکەشکراوە، لە 20ی ئازاری 1969یشدا باڵی مەکتەبی سیاسی (جەلالی)، ئاهەنگێکی گەورەییان لە کەلار بە بەشداری هەزاران کەس سازداوە، چەندین بڕگەی هۆنراوە و پەخشان و شانۆ و گۆرانی و سروود پێشکەش کراوە، لە ڕۆژنامەی (النور)دا ڕاپۆرتێکی نیو پەڕەی لەسەری بڵاوکراوەتەوە، لە ساڵانی پاشتردا بەتایبەت دوای بەیانی (11ی ئازار)، نەورۆز بەگڕوتینێکی کوردانەوە کراوەتەوە، لەبینای ئەو کاتی ناوەندی کەلار (بینای پێشووی پەروەردەی کەلار، تەنیشت ڕیعایەکە)، نەورۆزێکی جیاواز لە (نەورۆزی1972)، بەچەندین بڕگەی جیاواز کراوەتەوە، ڕەوانشاد ئەحمەد کەلاری تێیدا شیعری پێشکەش کردووە، بە بەردەوامی یادی نەورۆز لە کەلار کراوەتەوە بەتایبەت لەسەر قەڵای شێروانە، پاش ڕاپەڕینی 1991 یادەکە بۆنەیەکی جیاواز تری وەرگرتووە و زۆرتر دامودەزگاکانی ئیدارەی #گەرمیان# پێی هەڵدەسن و خەڵکیش بە جۆش و خرۆشەوە بەجلوبەرگی کوردی وەک بۆنەیەکی نەتەوەی لێی دەڕوانن و بەشدار دەبن. [1]
*تێبینی: وێنەکە بەڕەش و سپی و بەدەستکارییەوە لە فایلی پەیوەندیدار دادەنێین، بە یارمەتیی کاک شێروان عەلی.