گوندی جوانی کەندۆلە یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییەکانی شاری #سەحنە# و بەدووریی 80 کم لە ناوەندی پارێزگای #کرماشان# و 62 کم لە شاری سەحنەوە دوورە.
ئەم گوندە یەکێکە لە 14 گوندی ئامانجی گەشتیاریی کرماشان، کە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و سرووشتێکی تایبەت و پاکوخاوێنی هەیە.
کەندۆلە لە تایبەتمەندییەکانی جوگرافیی 47 پلە و 12 خولەک لە درێژایی ڕۆژهەڵات و 34 خولەک لە پانیی باکوور هەڵکەوتووە. گوندی کەندۆلە بە شاخ دەورە دراوە. ئەو شاخانە لە وەرزی بەهار و هاویندا بە ڕووەکی دەرمانی و گوڵی ڕەنگاوڕەنگ داپۆشراون و لە زستاندا بەفر دایدەپۆشێت. گوندەکە لە دامێنی گردەکان درووستکراوە و لە باکوورەوە دەگاتە چیای (کولە بزرگ) و (درە قەڵعە)، لە باکووری ڕۆژاواوە تا چیای (خرە سیاە)، لە ڕۆژاواوە تا چیای (16 تەپە) و لە باشوورەوە تا (پیرئافتاب).
لە هەندێک کۆڵاندا دار و درەختە کۆن و گەورەکان هەن و چەمێکی شین و بێگەرد دەڕژێتە ناو گوندەکەوە. خانووە قوڕ و گڵییەکانی گوندی کەندۆلە بەزۆری پەنجەرەیەکیان هەیە و بە شێوەیەکی جوان و ناوازە درووستکراون. دیواری خانووەکانی گوندی کەندۆلە زۆر ئەستوورن و تەلارسازیی خانووەکانی ئەم گوندە وایان لێ دەکات، لە زستانە قوورسەکانی ناوچەکەدا گەرمتر بمێننەوە، هەروەها پەنجەرەی بچووک لەم دیوارانەدا جێگیر کراون و بنمیچی خانووەکانی گوندی کەندۆلە بە دار و قوڕ درووستکراون.
لەم ساڵانەی دواییدا کەرەستەی نوێتری وەک ئاسن و گەچ و خشت و چیمەنتۆ بۆ پتەویی خانووەکان بەکار دەهێنرێت، کە بێگومان ئەمەش سیمای گوندەکە لە دۆخی کۆن و نەریتی و تایبەتیی خۆی دوور دەخاتەوە.
لەنێو خواردنە بەتام و خۆجێیەکانی ناوچەی کەندۆلە، دەتوانیت دۆغینە یان دۆینە، کە بە سیمۆلیای گەنم و دۆی ترش دەکوڵێنرێت، شۆربای شێلم، کە بە شێلم و ئاوی هەنار ئامادە دەکرێت، هەروەها سمۆلیای گەنم، شۆربای ترش، کە درووست دەکرێت، لەگەڵ شۆربای دیکەیش، کە لەگەڵ فاسۆلیا و سەوزەوات و دۆ درووست دەکرێن و هەروەها فەسنجان و دۆڵمە.
زمانی خەڵکی ئەم گوندە کوردی بە شێوازی #هەورامی#یە و ئایینەکەیان ئیسلامیی شیعەی جەعفەرییە. گوندەکانی (کەندۆلە، شەریف ئاباد و پەرنیان) تەنیا گوندی هەورامی زمانن لە شارەدێی سەحنە.
خەڵکی کەندۆلە یەکێکن لە خێڵە بەناوبانگەکانی ناوچەی کرماشان. خێڵەکانی کەندۆلە بەسەر چەند تیرەیەکدا دابەش بوون و لە سێ بەشی گوندەکەدا دەژین، کە بە گەڕەکی سەرەوە و گەڕەکی ناوەڕاست و گەڕەکی خوارەوە ناسراون.
کەندۆلە شوێنی لەدایکبوونی شاعیران و زانایانی ناوداری کورد وەک (ئەڵماس خان کەندۆلەیی، مەلەک بیستون، #مەلارەزا# و خوالێخۆشبوو محەمەد باقر بانیانی) لە شاعیرە جوانەکانی کەندۆلەن. گڵکۆی ئەڵماس خان، کە یەکێکە لە شاعیرانی کورد لەم ناوچەیە، بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا وێران بووە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە.
خەڵکی کەندۆڵە بەهلوول، کە لە سەردەمی عەباسیدا بە مەجنوون عاقڵ ناسراوە، وابەستە بە کەندۆلەوە دەیزانن.
خەڵکی گوندی کەندۆلە زۆر دڵگەرم و میواندۆستن و بە میهرەبانییەوە پێشوازیی لە گەشتیاران دەکەن.[1]
ئامادەکردنی: #ڕۆیا سەردار#