ناو: ئاراس
نازناو: هاوڕێ هێرش
ناوی باوک: مەحموود
ناوی دایک: مەلیحە نەجم
ساڵی لەدایکبوون: 1956
ڕۆژی شەهیدبوون: #31-12-1985#
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
شوێنی شەهیدبوون: سلێمانی
$ژیاننامە$
شەهید ئاراس لە ساڵی 1956 لە گەڕەکی کانی ئاسکانی شاری سلێمانی لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی بازرگانی لە سلێمانی تەواوکردووە، ئاراس تاقانەی دایک و باوکی بوو. هەر لە سەرەتای لاوێتییەوە تێکەڵ بە جووڵانەوەی خوێندکاران دەبێت.
لە ساڵی 1974 دا بەرپرسی یەکێتی قوتابییانی کوردستان بووە لە دواناوەندی سەڵاحەدین. دوو ساڵ دواتر و لە دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول وەک لاوێکی بزێو و چالاک، لە ساڵی 1976 دا پەیوەندی دەکات بە ڕیزەکانی #کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان#ەوە، دەبێتە یەکێک لە ئەندامە چاونەترس و ئازاکانی ڕیکخستن. ماڵەکەیان دەبێتە شوێنی کاری ڕێکخراوەیی و چالاکی پێشمەرگانەی ناوشار.
شەهید ئاراسی یەکێک بوو لەو (سێ) تێکۆشەرەی کۆمەڵە کە لە کاتژمێر هەشت و هەشت خولەکی ڕێکەوتی (#05-05-1977# )دا لە گەرەگی شێخان، بەڕیوەبەری ئامادەیی بازرگانی کە ئەندامێکی باڵای #بەعس# بوو بەسزای گەل گەیاند. ئەم چالاکییە وەڵامێکی توند بوو دژ بە بەعسیکردنی خوێندکاران و بەعەرەبیکردنی خوێندن بوو لەو کاتەدا.
شەهید ئاراس کادری پێشکەوتووی کۆمەڵە بوو، بەشداری دوو کۆنفرانسی کۆمەڵەی کردووە.
کۆنفرانسی دوو لە ساڵی 1982 لە ناوەزەنگ. کۆنفرانسی سێی ساڵی 1984 لە کانی سێوی مێرگەپان.
بەداخەوە لە ڕێکەوتی 31-12-1985 لەلایەن ئاساییشی سلێمانییەوە و بە چاوساغی چەند خۆفرۆشێک لە دوکانەکەی خۆی دا لە بازاڕی (ڕیناس) دەستگیرکرا و خرایە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی دڕندانەی جەللادەکانی بەعسەوە، بە بەخشینی گیانی خۆی گیانی هاوڕێکانی لە مەترسی گرتن پاراست. ئەو (کاسێتە)ی کە لە کاتی ئەشکەنجەدانی دا تۆمارکرابوو، لە ڕاپەڕینی بەهاری 91 دا کەوتە بەردەست، کە ئازایەتی و جوامیری شەهید ئاراسی گۆڕونمان بۆ دەگێڕیتەوە.
ڕێکەوتێکی ناخ هەژێنە، کوڕ و باوک هەردووکیان گۆڕونن، شەهید مەحموود حاجی تۆفیق لە باڵی مەکتەبی سیاسی #پارتی دیموکراتی کوردستان# بوو، ساڵی 1964 لەلایەن دەستەڵاتی کوردییەوە دەڕفێنرێت و دواتر بە فەرمانی بارەگای بارزانی گوللەباران دەکرێت و تەرمەکەیان نەدایەوە بە کەسوکارەکەی و تا ئێستاش2024 گۆڕی ونە.
دایکی شەهید ئاراس ناوی (مەلیحە نەجم)ە شەهید ئاراس بە (دادە) بانگی دەکرد. حاجی تۆفیقی باپیری و سەبریە خانی پووری و دادە و کاکە ڕەزا و هەموو خزمەکانی خۆشەویستییەکی تایبەتییان هەبوو بۆ شەهیدی جوانەمەرگ.
شەهید خاوەنی دوو گوڵاڵە سوورە، دوو کچی بەڕێزە بە ناوەکانی (ڕیناس) و (کارناس) بۆ کوردستانی جێ هێشتوون.
حاجی تۆفیقی باپیری بەر لە مردنی، بەشێکی باش لە خانوو و دوکانەکانی لەسەر شەهید ئاراس تاپۆ کردووە. شەهید ئەو کات یەکێک بوو لە لاوە دەوڵەمەندەکان و داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافی ژنان بوو. کاک ئاراس پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی بەهێزی هەبوو لەگەڵ هاوڕێکانی. شەهید نموونەی تێکۆشەری خۆنەوسیت و دەست و دەم و داوێن پاک بوو...
ڕێی پڕ ڕێبوار و یادی بەرز و پیرۆز بێت.
[1]