ناو: عوسمان
ناوی باوک: شێخ لەتیف شێخ عەبدولکەریم
ساڵی لەدایکبوون: 1935
ساڵی کۆچی دوایی: 2009
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
شوێنی کۆچی دوایی: سلێمانی
$ژیاننامە$
شێخ عوسمان کوڕی شێخ لەتیف کوڕی شێخ عەبدولکەریمی شێخ عەبدولقادری مهاجری سەنەندەجی کوردستانی، بە مامۆستا شێخ عوسمانی شێخ لەتیفی دانساز ناسراوە.
ساڵی (1935) لە گەڕەکی دەرگەزێن لە دایکبووە، قوناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواوکردووە، پاشان لە کۆلێژی کشتوکاڵ وەرگیراوە، بەڵام لەبەر حەز و ئارەزووی بۆ مامۆستایی، خولی پێگەیاندنی مامۆستایانی لە #کەرکووک# تەواوکردووە.
ساڵی (1956) وەک مامۆستا لە عەربەت دەستبەکار بووە بۆ ماوەی دوو ساڵ، پاشان گواستراوەتەوە بۆ قوتابخانەی (خالیدیە) لەناو شاری سلێمانی تا ساڵی (1980) لەسەر داوای خۆی گواستراوەتەوە بۆ قوتانخانەی (ئەیوبیە).
ساڵی (1990) لەسەر داوای خۆی خانەنشین بووە، لەبەر ئەوەی ئەو کات مامۆستایان دەکرد بە (جەیش شەعبی).
دوای ڕاپەڕینی (1991) گەڕاوەتەوە بۆ پیشەی مامۆستایی لە قوتابخانەی (خانزاد) چەندین جار داوای لێ کراوە ببێت بە سەرپەرشتیار، بەڵام تەنیا حەزی بە وانەوتنەوە کردووە.
شارەزایی لە بواری هونەری وەکوو (وێنەکێشان، خۆشنووسی و موزیک) وای کردبوو ببێتە هۆکاری سەرکەوتنی لە وانەوتنەوەدا لەسەر زاری یەکێک لە قوتابییەکانی: لە پۆلی یەکی سەرەتایی بووین هەر وانەیەکمان دەبوو لە ئەلفوبێی باڵداردا، مامۆستا شێخ عوسمان بەخێرایی لەگەڵ خوێندنەوەی وانەکەدا وێنەی ناو پەرتووکەکەی وەکوو خۆی لەسەر تەختەڕەشەکە درووست دەکردەوە، کە هەمومانی سەرسام دەکرد و زۆر حەزمان بە وانەخوێندن دەکرد وە شمشاڵەکەی دەهێنا و کەمێکی بۆ دەژەنین و دەیوت: ئەوە شمشاڵەکەی مام زۆرابە. چەند جار وێنەی قوتابی کێشاوە لە کاتێکدا ئەو سەرقاڵی نووسین بووە زۆر خێرابوو لە وێنەکێشاندا.
وەکوو مامۆستای هونەر چەندین جار ڕێز و سوپاسی ئاڕاستەکراوە لەپای بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی شارەکە لە پێشانگای هونەری قوتابخانەکان، ژووری وێنەکێشان و ئیشی دەستی تایبەت بە وانەی هونەری هەبوو. چەندین ساڵ لە (دائرة الاشغال الیدویة) خولی ئیشی دەستی بینیوە و وەکوو هەڵکۆڵینی تەختە (تخریم) و (نحت) و نەحتی بارز ئیشی قوڕ و زۆری تر کە بەوردی و زۆر لێهاتویی ئەنجامی داون.
هاندەرێکی باشی قوتابییە بەهرەمەندەکانی بوو، شانۆگەری بۆ ڕێکدەخستن و پرۆڤەی بە قوتابییەکان دەکرد هەر خۆی کاری دیکۆر و دەرهێنانەکەیشی بۆ دەکردن لەسەر تەختی شانۆی چالاکی قوتابخانەکان پێشکەش دەکرا کە لە تەنیشت قوتابخانەی خالیدیە بوو.
بەشداری چەندین پێشانگای خۆشنووسی کردووە یەکێک بووە لە خۆشنووسە دیارە دەگمەنەکان کە هەر لە قامیشێکی سادەی باخچەکەی خۆیان ئوچێکی وای درووست دەکرد جوانترین خەتی پێ دەنووسی، ئەندامی خۆشنووسانی ئێراق بووە.
- لە بواری موزیک و ژەنینی ئامێرەکانی وەکوو کەمانچە و عوود و جمبوش و شمشاڵ کە بەلێهاتویی دەیژەنین و هەمووی دەستکردی خۆی بوون ، ئەمەش پاڵپشتێکی تری مامۆستا بوو کەوانەی هونەری دەوتەوە یان لەوانەی کوردی و لەکاتە تایبەتەکاندا چێژبەخش بوون بۆ قوتابییەکانی ڕۆژانی هەینی قوتابی دەبردەوە بۆ قوتابخانە فێری میوزیکی دەکردن.
دەستڕەنگینی مامۆستا لە ڕادە بەدەربوو بە جۆرێک ئەو سەردەمە درووستکردنی (الوسائل التعلیمیة) هۆیەکانی فێرکردن کاری مامۆستابوون و ساڵانە چەند مامۆستایەک بەشداریان دەکرد، پاشان دەچونە پێشبڕکێوە، هەموو ساڵێک کە بەشداری دەکرد پلەی یەکەمی بەدەست دەهێنا و لە بەغداوە ڕێز و سوپاسی ئاڕاستە دەکرا.
لە ناوەڕاستی حەفتاکان بوو ئامێرێکی درووستکردووە بەدەست ئیشی کردووە وەکوو سینەما، سەد وێنە زیاتری کێشاوە بەدەستی خۆی کە بەخێرایی دوابەدوای یەکتر لە ڕێی ئامێرەکەوە نیشانی دەدا و لە ڕێی گڵۆپێکەوەکە لەناو ئامێرەکەدا دایناوە، ڕووناکی دەدا لەسەر دیوارەکە و پارچە خامێکی هەڵدەواسی بەسەر دیوارەکەدا، وەکوو (داتاشۆ)ی ئێستا کە چیرۆکێکی منداڵانی دەگێڕایەوە بەشێوەی وێنەی جوڵاو (فیلم کارتۆن) کە ئەویش هەر یەکەمی بەدەستهێنا لە بەغدا.
هەر لە ساڵی حەفتاکاندا لە نهۆمی سەرەوەی قوتابخانەی خالیدیە، کرمی ئاوریشمی بەخێودەکرد و سەرجەم قۆناغەکانی درووستبوونی کرمەکەی پیشانی قوتابییەکانی دەدا بۆ ئەوەی شارەزاییان هەبێت.
لە بواری دینداری و پەرەوەدەی درووست و نیشتمانپەروەرییدا، مامۆستا کارێکی تر و خولیایەکی تری بوو، کە وای کردبوو خۆشەویستی قوتابییەکانی و کەسوکاریان و خەڵکی گەڕەک و شارەکەی بێت. کە وانەی ئایینی دەوتەوە لە قوتابخانەی ئەیوبیە، منداڵەکانی دەبردە مزگەوتی عەبدوڵڵا لوتفی بەرانبەر قوتابخانەکە بوو، فێری دەستنوێژ و نوێژی دەکردن
لە بواری نیشتمانپەروەریشدا سروودی (شاخی ڕەنگاوڕەنگی گوێژە و چەند شیرینە لام) و سەرجەم سروودە نیشتمانییەکانی دەژەند بە ئامێری عوود یان کەمانچە و سۆز و خۆشەویستی نیشتمان و خاکی دەچاند لە دڵی قوتابییەکانیدا. یەکەم کەس بوو درووشمەکانی هاندانی کوردایەتی و شۆڕشی کوردی دەنووسی لەسەر (ئەشیعە)تیشک بۆ ڕێکخستنە نهێنییەکانی ناوشار.
خۆشەویستی بۆ ژینگە و سرووشت و باخداریی و گوڵ و باڵندە بە تایبەت کەناری و فیزەنت کە پێی دەڵێن: (پۆڕی ئەمریکی) ئەمانەی بەخێودەکرد و شارەزایی لەو بوارەدا جارێکی تر لێهاتویی پێدابوو.
ساڵی (1964) ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە لەگەڵ خاتوو ڕووناکی حاجی حەمەئەمینی برنجفرۆش، خاوەنی شەش کچ و دوو کوڕە کە سەرجەمیان بەسەرکەوتویی خوێندنیان تەواوکردووە .
ساڵی (1996) تووشی جەڵتەی مێشک بووە و دوای (13) ساڵ مانەوەی بە نەخۆشی، لە ساڵی (2009) کۆچی دوایی کردووە و لە گردی شێخ قادر بە خاکسپردرا.
زانیاری مامۆستا: بەهار عوسمان
ئامادەکردنی: نیهایەت مەحمود [1]