ناونیشانی بابەت: ڕاستکردنەوەی چەمکی نیشتیمان و نیشتیمانپەروەری
لەئاوێنەی شیعرێکی #نالی# دا
ناوی نووسەر: #سامان مستەفا ڕەشید#
(ئەم نووسینە ئەو کات نووسراوە (2010) کەقسە لەسەر ئەوە بوو کە گەنج ئینتیما و وەلائی نەماوە بۆ نیشتمان و کۆچ دەکات، بۆیە زۆرتر قسەی لەسەر کۆچ کردووە وەک هەڵبژاردنێکی ناچاری، ئیستاش دۆخێکی هاوشێوە زاڵە، ئەم وتارە هەوڵیداوە تۆمەت و تەخوینکردنی گەنجان ڕەتبکاتەوە و هاوکێشەی نیشتمان و نێشتیماپەروەری ڕونبکاتەوە)
ماوەیەکی زۆرە لێرە و لەوێ، قسەلەسەر چەمک و مانای نیشتمان و نیشتمانپەروەری و وەلاء دەکرێت، هەندێکجار بە ئەنقەست بێ یان بێئاگا، دەبینین ئەم چەمکانە دەشێوێنرێت و دەستکاری دەکرێت و تای تەرازووی یەکسانی ئەم پەیوەندییە لاسەنگ دەکرێت.
ئێمە لێرەدا بە خوێندنەوەیەکی سیاسی بۆ هۆنراوەیەکی نالی هەوڵی ڕاستکردنەوەی ئەم چەمکانە دەدەین. هەوڵدەدەین چەمکی نیشتمان و نیشتمانپەروەری لە مەحەکی هۆنراوەیەکی نالی بدەین، ڕەنگە بۆ دەستپێکردنی بابەتەکەمان ئەم پرسیارانە بەسوود بن: نیشتمان چییە؟ پەیوەندی مرۆڤ بەنیشتمانەوە چییە؟ کامانەن ئەو وابەستەگییانەی مرۆڤ بەنیشتمانەوە گرێدەدەن؟ دواجار پەیوەندی هاونیشتمان بە نیشتمانەوە دەبێت چۆن بێت؟ ئایا دەبێت نیشتمان چی بۆ مرۆڤ بکات؟ ئایا دەبێت مرۆڤ چی بۆ نیشتمانەکەی بکات؟ ئایا ئەم پەیوەندی مەرجدارە یان بێ مەرج و عاشقانەیە؟
سادەترین پێناسەی نیشتمان ڕەنگە ئەوە بێ، نیشتمان ئەو پارچە زەویەیە کە مرۆڤ تێیدا چاوهەڵدێنێ، لەدایک دەبێت، پەروەردە دەبێت و، گەورە دەبێت و پێدەگات. هەر بۆیە تێپەڕاندنی ئەو قۆناغانە لەتەمەن لە نیشتماندا مرۆڤ دەرگیری ڕستێک پەیوەندی و وابەستەگی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئایینی، سیاسی، مرۆیی، ڕوحی و دەروونی ... دەکات.
ئیدی نیشتمان لەوەدەکەوێت کە تەنیا پنتێکی ماددی، جوگرافی بێت، بەڵکە دەبێتە سەرزەمینێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ڕوحی، کە لە چەند جەمسەرێکەوە مرۆڤ سەیر بەخۆیەوە شەتەک دەدات، دەبێتە ئەو بازنەیەی کە دەرچوون لێی کارێکی سەخت بێ و, ڕاکردن و بێباکبوون بەرانبەری کارێکی ئەستەم و تاڕادەیەک نەکردە بێ، لەوەش زیاتر، زیاتر لەجەستە ڕۆح و دەروونی مرۆڤ سەیر بەخۆوە گرێدەدات.
بەمانایەکی تر دەبێتە شێرپەنجەیەکی بێچارەسەری ڕۆح و دەروون، کە چارەسەری لای هیچ تەبیب و دەواکاریک نییە لە جێگەیەکی تری ئەم سەر زەمینە.
واتا خۆشی نیشتمان و خۆشی هاونیشتمانی دەبنەیەک، زیان و ناخۆشی نیشتمان لەگەڵ زیان و ناخۆشی مرۆڤ تەماهی دەکەن.
مادامەکی خاک و زەوی و هەواو ئاوی نیشتمان سەرچاوەی پرکردنەوەی پێویستییە ماددییەکانی ژیانی مرۆڤ بن و مرۆڤیان پێ گۆشبکرێت، ئەوا بەهەمان شێوە پەیوەندی و وابەستەگییە ڕوحی و دەروونییەکان بە نیشتمان و مرۆڤەکانی تری هەمان نیشتمان پێویستی و داواکارییە ڕوحی و دەروونییەکانی مرۆڤ پڕدەکەنەوە, واتا بەمشێوە جەستە و ڕۆجی مرۆڤیش دەبێتە بەشێک لە نیشتمان.
هەموو ئەوانەش بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و خۆکرد مرۆڤ دەخاتە بەردەم بەرپرسیارییەتییەکی مەزنەوە بەرانبەر بە نیشتمانەکەی.
واتا بەپێی ئەم پێوەدانگە مرۆڤ لەوەدەکەوێت تاکێکی دابڕاوی بێ هەست بێ و بێدەربەست بێت بەرانبەر نیشتمان و هاونیشتمانییانی خۆی، ئەمە تا ئێرە گرفت نییە! بەڵام دەمانەوێ دەست بۆ خاڵێکی گرنگ ببەین، مەبەستمانە لێرەدا و لەم وتارەدا، ڕوونی بکەینەوە، ئەویش پەیوەندی هاونیشتمانییان و نیشتمانە و وەلائە.
بەکورتی ئێمە پێمان وایە مرۆڤ لە هەرنیشتمانێکدا چەند ماف و ئازادی و ڕێزی هەبێت بارتەقای ئەو ماف و ڕێزە وەلائو هەست بەبەرپرسیارییەتی بەرانبەر نیشتمانەکەی دەبێت. واتا بەکورت و کرمانجی دوولای ئەم هاوکێشە پێویستە یەکسان بن!
لێرەدا دەگەینە ئەوباوەڕەی پەیوەندی مرۆڤ ونیشتمانەکەی پەیوەندی دوو لای یەکسانی ئەو هاوکێشەی سەرەوەیە، کە دەرئەنجامەکەی بەگۆڕانی لایەکی هاوکێشەکە ڕاستەوانە دەگۆڕێت . بچینەسەر بابەتە سەرەکییەکەمان.
یەکەم: هەموو مرۆڤێک نیشتمانێکی هەیە. واتە دەتوانین بە جۆرێکی دی بڵێین، نیشتمان بەشی هەموو کەسێک(هاونیشتمانی)یەکی پێوەیە و بۆ هیچ کەس و لایەن و دەستە و گرووپێک نییە ئەم مافە سەرەتاییەی لێ زەوت بکات و نیشتمان بکاتە موڵکی: گرووپێک، ماڵباتێک یان دەستەیەک لەخەڵک و ئەوانی تر بەمیوان یان کرێچی ئەژمار بکات.
بەڵگەشمان بۆ ئەم وتەیە فرەن، جا چ بەڵگەی ئایینی بێت یان فەلسەفی، ئەوەتا ئەرستۆ مامۆستا یەکەم لە پەرتووکی (سیاسەت)دا گوتوویەتی: ئەو بوونەوەرەی نیشتمانی نییە یان خودایە یان ئاژەڵ . واتا نیشتمان پێشمەرجێکی ئنتۆلۆجی بوونی مرۆڤە وەک هایدیگەر لە (بوون و کات)دا ئاماژەی بۆ کردووە .
دووەم: ئەگەر نیشتمان ماڵ و زێدی هاونیشتمانییان بێت ئەوا خێر و بێری ماددی و سەرمایەی مەعنەوی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی و مەعریفی و ئازادییەکان پشکی هەموو تاکێکی پێوەیە، دەبێت دەرفەتی یەکسان لە بەردەم هاونیشتمانییاندا کراوە بێ بۆ بەدەستهێنان و سوودمەندبوون لێی بە پێی توانا و تاقەتی تاکەکان.
سێیەم: هەموو هاونیشتمانییەک بەرپرسیارە لەبەرگەگرتن لەهەر زیانێک کە هەڕەشەبێت بۆ سەر نیشتمانەکەی و بەهەمان شێوە هێنانی هەرخێر و خۆشییەک بۆ هاونیشتمانییەکانی، پێویستە وەلائی هەبێت بەرانبەر بە نیشتمان و هاونیشتمانییەکانی.
چوارەم: ئەوەی لە هەموو گرنگترە ئەوەیە، ئەو وابەستەگییە ڕوحی و دەروونی و مەعیشی و ماددیان وا لەمرۆڤ دەکات بەهیچ شێوەیەک نەگونجاوە و بەخۆڕا و بێ هیچ پاڵدەرێکی ڕاستەقینە، هاونیشتمانی هەست بە بێبەریبوون (حرمان) و نامۆبوون بکات لە نیشتمانەکەیدا و، لەوەش ئەوڵاتر بیرلەجێهێشتنی نیشتمانەکەی بکاتەوە . (ماسی لە ئاو ڕاناکات!)
ئەم چوارخاڵەی سەرەوە چوار توخمی سەرەکی هاوکێشەکەن، کە بەنەمان و تێدابردنی توخمی یەکەم و دووەم ئەوا بەشێوەیەکی خۆکرد وردەوردە دوو توخمەکەی تر لەناودەچن بەوەش هاوکێشەکە بەتەواوی هەڵدەوەشێتەوە .
واتا تا چ ئەندازەیەک هەرکۆمەڵگەیەک بتوانێت هاوسەنگی نێوان ئەم چوارکۆڵەکە ( توخم ) یە ڕابگرێت بەهەمان ئەندازە توانیویەتی ڕیتم و باڵانسی ئاسایی ژیان و هەست و دڵسۆزی و وەلائی هاونیشتمانییانی خۆی ڕابگرێت.
بەمانایەکی تر, وابەستەبوونی مرۆڤ بە نیشتمان و پەیوەستی بەدڵسۆزی بۆ ئەرکەکانی لە نیشیتماندا بەستراوە بە حیساب بۆ کردنی تاکتاکی کۆمەڵگە وەک خاوەن و هاوبەش لە خێر و بێری نیشتمان و پێدانی ماف و ئازادییەکان. بەگوزارشتێکی تر لە هەرجێیەک ستەم و ستەم و پێشێلکاری لەمەڕ ماف و ئازادییەکانی هاونیشتمانییان هەبێت لەو جێگەیە نامۆبوون و هەستکردن بە بێگانەبوون و بێباکبوون و تەنانەت ڕاکردن و هەڵهاتن و جێهێشتنی نیشتمان دەبێتە کارێکی باو و ئاسایی . چونکە ئاشکرایە مرۆڤ بەدوای ماف و ئازادی و ژیانێکی شەرەفمەندانەوەیە. جا ئەگەر ئەمجۆرە ژیانە لە نیشتمانی خۆیدا دەستنەکەوت، ئیدی ئاساییە بیر لە گەڕان وپەنابردن بۆ شوێن و جێگەیەکی تر بکاتەوە بۆ هەمان مەبەست.
لە دۆخی تێکچوونی ئەو چوار پایەی لە پێشەوە باس کران، پەیدابوونی: بێزاری، نامۆبوون بەخۆ، بێگانەبوون لە نیشتمان، بێ هەڵوێستی و پاسیڤبوون و بێ وەلائی بەرانبەر نیشتمان و هەتا توڕەبوون لە نیشتمان کارێکی ئاسایی و چاوەڕوانکراوە.
لەوەش زیاتر کارێکی ناڕەوا و ناپەسەندیشە چاوەڕوانی وەلائو بەرپرسیارییەتی لە هاونیشتمانییەلێک بکرێت کە لە ماف و ئازادییە سەرەتاییەکان بێ بەشکراون. بەدیوێکی تردا، ئیدی پەرتبوونی کۆمەڵگە و پەرەگرتنی ڕق و توڕەیی و بێزاری و دەستەگەرایی بەرەنجامی تێکچوونی(لا)یەکانی هەمان هاوکێشەن نەک هیچ فاکتەرێکی تر. ئیدی وەها دۆخێک مرۆڤ دەخاتە بەردەم دوڕیانێکی ناچارییەوە و بەبێ خواستی خۆی یەکێک لەم دوو ڕێگەیەبگرێتەبەر یان ئەوەتا لەوەها نیشتمان و وەها حاڵێکدا بمێنێتەوە وجەور و ستەم و بێدادی و نایەکسانی قبووڵ بکات و خۆی سەرقاڵی ژیانێک بکات کە کەڵکی ژیانی مرۆڤێکی ئازاد و مەزن ناکات، یان ئەوەتا ڕێگەی دووەم بگرێتەبەر ئەویش قبووڵ نەکردنی بێدادی و چەوسانەوە و بێ ماف و بێ ئازادی و ژیانێکی بودەڵە، ئەویش بە دوو شێوە یان بەوەی ڕیسک بە ژیانی خۆیەوە بکات و ببێتە بەرهەڵستکاری ستەمکاران و هەوڵی گۆڕینی وەها حاڵێک بدات یان ئەوەتا دەست لەخۆی بەربدات و سەختترین بڕیار بدات ئەویش هەڵهاتن و جێ هێشتنی نیشتمانی دایکە!
نالی و نیشتمان و نیشتمانپەروەری .
بێگومان ئەوەی ئاگاداری دونیای هۆنراوەی کلاسیکی کوردی بێت، دەزانێت کە نالی و هۆنراوەەکانی لە ترۆپکی نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی نیشتماندان. ئەمە بە جۆرێک نالی لەم بوارەدا چەندین فەرسەخ پێش شاعیرانی هاوپیشەی خۆی کەوتووە، ئەمەش تەنیا بە گوزارشتی من نا! بەڵکوو زۆربەی هەرەزۆی لێ کۆڵیاران و نالیناسان و ئەوانەی لەسەر نالییان نووسیوە جەخدیان لەسەر ئەو ڕاستییە کردووەتەوە، کە لێرەدا بە پێویستی نازانین ناویان ڕیز بکەین.
کەواتە نالی بێ ڕکابەر لە ئەدەبی کلاسیکی کوردیدا لە لوتکەی نیشتمانپەروەری و شانازیکردن بە زمان و نەتەوەکەیەوە جێگەی گرتووە، ئەم ڕاستییە بۆ هەرکەسێک ئاشکرا دەبێت گەر گەشتیکی کورت بەناو دیوانەکەی حەزرەتی نالییدا بکات . من نامەوێت لەسەر ئەم ڕاستییە نموونە بهێنمەوە، ئەوەندەی دەمەوێ لە ڕێگەی ئاوێنەی تەنیا هۆنراوەیەکی نالییەوە ڕاستکردنەوەیەک بۆ شێواندنی و تێکەڵکردنە بکەین کە لێرە و لەوێ لەم زەمانەدا (2010) بەئەنقەست و بێئاگای بە چەمکی نیشتمان و دڵسۆزی و نیشتمانپەروەری دەکرێت, پەنجەی تۆمەت بۆ لاوان ڕادەکێشرێت گوایە نیشتمانیان بیرچووەتەوە یان بێدەربەستن، جێگەی خۆیەتی پرسیارێکی زۆربەجێیە، بپرسین: ئایا دەتوانین نالی بەو هەموو نیشتمانپەروەری و خۆشەویستییەی بۆ نیشتمانەکەی بەبێ وەلائوەسف بکەین کە لەم هۆنراوەی ( ڕەفیقان من ئەوا ڕۆیم لەلاتان ...) بڕیاری جێهێشتنی نیشتمان دەدا ؟ بەپێویستی دەزانم بەر لە شرۆڤەی هۆنراوەەکەی نالی سەرنجی خوێنەر بۆ خاڵێکی گرنگ ڕابکێشم، لێکدانەوەی ئێمە بۆ ئەو هۆنراوە لێکدانەوەیەکی سیاسیانەیە و ئەوەش بەمەبەست کراوە، چونکە بابەتەکەی ئێمە وا ئیجابی کردووە.
نالی گوتویەتی:
ڕەفیقان! من ئەوا ڕۆیم لەلاتان
لەمەزلومان بڵا چۆڵ بێ وڵاتان
ئێمە سەرەتا لەوە ئاگادارین ئەم پارچە هۆنراوەیە لەدیوانی نالی دا جێگەی مشتومڕ و کێشەیە، یەکەم لەبارەی ئەوەی کە هێشتا پرسیار هەیە لەبارەی خاوەندارێتی ئەم هۆنراوەە، دووەم: تاکوو ئێستا هۆکاری نووسینی ئەم پارچە لەلایەن نالییەوە جێگەی پرسیارە. بەڵام لە زۆربەی دەستنووسەکانیشدا دراوەتەپاڵ نالی وەک لەدیوانەکەیدا ئاماژەی بۆ کراوە.
ڕەنگە هۆکاری مشتومڕ و پرسیارکردن لەبارەی ئەم هۆنراوەەوە لەوەوە سەرچاوەی گرتبێ کە ئایا نالی بەو هەموو گەورەی و خۆشەویستییەی بۆ نیشتمان بۆ دەبێت ئاوها هۆنراوەیەک بنووسێت؟ پێمان وایە ئەمە پرسیارە سەرەکییەکەیە، هەوڵی ئێمەش هەر لەم لایەنەوەیە لەم وتارەدا.
هەرچەندە نامانەوێ و نەشمان ویستوە بانگەشەی ئەوە بکەین کە کەشفی مانا و مەدلولەکانی پشت ئەم هۆنراوەەیەمان کردووە، بەڵکوو بەپێی بواری ئەم نووسینە ویستومانە بزانین: ئایا بۆ دەبێت گەورە نیشتمانپەروەرێکی وەک نالی وەها هۆنراوەیەک بنووسێت؟ ئایا نیشتمانپەروەری چ مانایەکی هەیە لای نالی ؟ ئایا ئەو بڕیارەی نالی لە گەورەی و دڵسۆزی نالی بۆ نیشتمان کەم دەکاتەوە؟ ئایا دەکرێت بەمانایەکی تر بەهۆی ئەو بڕیارەی نالییەوە ئیدی دوای ڕۆیشتنی پەنجەی تۆمەتباری بۆ ڕابکێشین و بەبێکەڵک و هیچ لەبارانەبوو وەسفی بکەین؟ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی سەرەوە و, وردبوونەوەیەکی بەدیقەت لە هۆنراوەەکە تاڕادەیەک کۆمەکێکی باشمان دەکات بۆ ئاشنابوون بە چەمکی نیشتمان و نیشتمانپەروەری و وەلائو ڕادەی پەیوەستبوونی مرۆڤ بە نیشتمانەکەیەوە.
مانای هۆنراوەکە(برادەرینە! وامن ڕۆیشتم و بەجێم هێشتن، سا خوا بکات پاش من وڵاتەکەتان ستەملێکراوی تری تێدا نەبێت، یاخود هیچ وڵاتێک ستەملێکراوی تێدا نەبێت، تا وەکوو منی بەسەر نەیەت) لێرەدا دووخاڵی گرنگمان بۆ ڕەەندەبێتەوە، یەکەم: وێڕای ئەو هەموو خۆشەویستییەی نالی بۆ نیشتمانەکەی بەڵام سەختترین و ئەستەمترین بڕیار دەدات، ئەویش جێهێشتنی نیشتمانە بە هەموو پەیوەستەگی و ڕەهەندە ڕوحی و کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانییەوە . لەنالییەوە فێردەبین ڕاستەنیشتمانمان خۆش دەوێت بەڵام ئەمە تا ئەو کاتەی کە لە نیشتماندا وەکوو بێگانە، کۆیلە، میوان و بێ ماف ڕەفتارمان لەگەڵدا نەکرێت، بەڵام ئەگەر هاتوو ئەم بارە پێچەوانە بویەوە بەهۆی ستەم و بێ مافییەوە توانای ژیانمان لەنیشتماندا نەما ئاساییە بڕیاری جێهێشتن بدرێت. دووەم: نالی ئەو بڕیارەی خۆی نەک هەر بەهەڵە نازانێت، بەڵکوو بە کارێکی باشیشی دەداتە قەڵەم بۆ ئەوەی ئیدی دوای ئەو مەزلومی تری تیانەبێت، واتا ئەو لەجێگەی ئەوانی تریش سزا دەچێژێ.
نالی بەردەوام دەبێت.
بڵا سا شاربەشار و دێبەدێبین
لەدەست دۆستان بکەین گهی وڵاتان
واتا (چش قەید ناکا، بالەدەست دۆست و برادەران و بەهۆی ئەوانەوە، دەربەدەر و ئاوارە بین و ڕێی دوری وڵاتان ببڕین و سەری خۆمان هەڵگرین)
لەهەرکوێ جەور و ستەم و بێ دادی لەگەشەدا بوبێ، ڕیک لەوێدا ماف و ئازادی و ژیانێکی شەرەفمەندانە لە پاشەکشەدابووە. بێدادی و گەندەڵی لەیەککاتدا ئاشنایەتی و دۆستایەتی لەگەڵ نەزانی و غەفڵەت و ترس و بێئابڕووی و کۆیلەیەتی هەیە و دوژمنایەتیشی لەگەڵ: هۆشیاری، ماف، ئازادی و ئازایەتیدا هەیە . بەڵام لێرەدا نالی خاڵێکی گرنگمان بۆ ڕووندەکاتەوە، ئەویش ئەوەیە مەرج نییە هەمیشە تەنیا داگیرکەران و دوژمنان و ئەوانی تری ستەمان لێ بکەن، بەڵکوو نابێت بەلامانەوە سەیر بێت یان جێگەی باوەڕنەبێت کە کاربەدەستێکی خۆمانە(کوردی)مافەکانمان لێ زەوت بکات یان پانتاییە ئازادییەکانمان بە بیانوی جۆاروجۆرەوە بەرتەسک بکاتەوە! نالی دەیەوێت تێمان بگەیەنێ! ئەوە تەسەورێکی ناسیۆنالیستی پەڕگیرانەیە وابیردەکاتەوە جیاوازی دەکات لەنێوان جەوهەری جەور و ستەمی بێگانە و خۆمانە، بەڵکوو ئەیەوێ پێمان بڵێت نابێت بەناوی نیشتمانپەروەریی و وتاری ناسیۆنالیستییەوە مەودای ماف و ئازادییەکانمان بەرتەسک بکەنەوە و ئێمەش نابێت چاوپۆشی بکەین . چونکە ئەوەی لێرەدا نالی لە دەستی هەڵدێ و سەری خۆی هەڵدەگرێت (دۆستان، یاران)نن، خۆی واتەنی.
نالی ئاگاداریشمان دەکاتەوە لەوەی کە نابێت هۆکاری ڕۆشتنەکەی سادە تەماشا بکەین و بڵێین:
مەڵێن کەڵکی نەبو، ڕۆیی، جەهەنەم
سەرم قەڵغانە بۆ تیری قەزاتان
نالی لەم دێرەدا بە تیرێکی شاعیرانە دوو نیشانەی بەنرخ، جوان دەپێکێت. یەکەم: دەزانێت دوای ڕۆیشتنی پڕوپاگەندە و قسەی پڕوپوچی بۆ هەڵدەبەستن بۆیە زۆر زیرەکانە وەڵامی هەموو ئەو پڕوپاگەندانە دەداتەوە . پێمان دەڵێت ڕۆیشتنی من لەبەر ئەوە نەبووە.کە هیچم لەبارەدا نەبوبێ، بەڵکوو فاکتەری ڕاستەقینەی خۆی هەبووە. دووەم: شاعیر پێمان دەڵێت یاخیبوونی من (نالی) جارێکی تر باوەشکردنەوەی منە بە نیشتماندا، واتا ڕێگەیەک بۆ تەخوینکردنی خۆی لەلایەن ناحەزەکانییەوە ناهێڵیتەوە و پێیان دەڵێ نیشتمانپەروەری و دڵسۆزی بە من مەفرۆشن، بەڵکوو لەگەڵ ئەوەشدا ئێوە لەگەڵ من خراپبوون بەڵام من هەردلسۆزەکەی جارانم و سەرم قەڵغانە بۆ تیری قەزاتان . کە بەبڕوای ئێمە ئەمە یەکێک لە جوانترین و بەرزترین هەستی نیشتمانپەروەری و تێزی مرۆڤدۆستی لەلای نالی، ئەو لەمەش زیاتر دەڕوات و دەڵێ:
سەفەرمان چونکە ڕێی هات و نەهاتە
دوعامان بۆ بکەن، ئێوە و خوداتان
تەماشاکەن! نالی هێشتا چاوەڕێی خێرە لە هاوەڵان و هاونیشتمانییانی، ئەمەش ئەوپەڕی هیوا و ئومێدە کە لای نالی بەرجەستەیە . دواتر دودڵی و ترسی خۆی بەرانبەر دواڕۆژی میللەت و نەتەوەکەی لە دوای ڕۆیشتنی خۆی ناشارێتەوە و دەڵێ:
منم سەرکردەتان بۆ لەشکری غەم
دەترسم من بڕۆم، بشکێ سوپاتان
لێرەدا نالی جارێکی تر دڵسۆزی خۆی دوپاتەدەکاتەوە، بەوەی دردۆنگە بەرانبەر چارەنووسی هاوەڵان و نیشتمانەکەی دوای ڕۆیشتنی، چونکە پێی وایە لەم دڵسۆزتر و سەرکردەی باشتریان نییە بۆ لەشکری غەم، ئەترسی لە دۆخی نائامادەیی ئەو کەسی تر هەم نەزانێت و هەمیش نەتوانێ وەکوو ئەو غەمە نەتەنەوەیی و مرۆییەکانیان بخوات . بەڵام مادام بڕیاری خۆیداوە و دەڕوات ناچار دوای جێ هێشتنی ڕێنماییەکی بە پێز و بەنرخمان بۆ بەجێ دەهێڵێت و دەڵێ:
شکاری وەحشیان بەس دەستەمۆکەن
نەوەک بەرببێ شکاری خانەزاتان
بڕوانن، دڵسۆزی و نییەتپاکی و ڕاستەقینەی خۆشەویستی نالی مەزن بۆ نیشتمانەکەی! هەر بەتەنیا بەترس و دودڵی بەرانبەر بە ئاییندەی هاونیشتمانییان و نیشتمانەکەی ناوەستێ کە لە دێڕی پێشوودا ئاماژەی بۆ کرد, بەڵکوو نالی وەستایانە دەست بۆ برینێکی مێژوویمان دەبات ( بێگانەپەرستی) و لەوبارەیەوە ئامۆژگاریمان دەکات، پێمان دەڵێت: بەس نێچیری کێوی ( بێگانە) دەستەمۆبکەن و بڵاوێننەوە، ئەگینا نێچیری پەروەردەکراوی بەردەرگا و بەوەفای خۆتان لەداخا سەری خۆی هەڵدەگرێ و ئەڕوا خاک و بوومتان بەجێ دێڵێ . لەکۆتای ئەم شاکارە بەرزەدا نالی جارێکی تر دڵسۆزی خۆی دووپاتە دەکاتەوە و دەڵێ:
ئەوەند ئەرجو دەکات (نالی) کە جارجار
بکەن یادی موحیبی بێ ڕیاتان
لە کۆتاییدا نالی پێمان دەڵێ، من هەردڵسۆزەکەی جارانم و خۆشەویستی ڕاستەقینەتانم، بۆیە تەنیا تکایەکم هەیە ئەویش ئەوەیە کە جارجار یادێکی خۆشەویستە ڕاستەقینە بێ ڕیایەتان بکەن . ئێمەش هیوادارین ئەم چەند دێڕە سادەی ئێمەش شایەنی یادی باڵانمای شاعیری شاعیران حەزرەتی نالی بێت.
ئەم بابە لە ژمارە (41) گۆڤاری زنار / لە نیسانی /2010 بڵاوبووەتەوە / ل ل 52_57 [1]
=KTML_Bold=⚠تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=