لە ناحیەی قۆرەتوو سەر بە شاری #خانەقین#، لە گوندی حەوش کوروو، کۆشکێکی کۆن بە ناوی (کۆشکی حەوش کوروو) هەیە، ئەم کۆشکە شوێنەوارێکی دێرینە و بە دیمەنە کۆنە بەردینەکەی سەرنجی خەڵک بۆ لای خۆی رادەکێشێت. بەڵام ئێستا کە بەشێکی رووخاوە و تەنیا بۆ جارێکیش نۆژەن نەکراوەتەوە.
سەبارەت بە مانای ناوەکەی ئەم کۆشکە، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە: ناوی ئەم کۆشکە بە مانای (حەوت کوڕ، یان حەوشی ئەسپە بچووکەکان) دێت.
بەپێی سەرچاوەکان، مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حوکمڕانیی خەسرەو پەروێز (پاشای #ساسانییەکان#) کە لە ساڵی 590ز هەتا 628ز، واتە بۆ ماوەی 38 ساڵ وەکوو پاشایەک حوکمی کردووە و هەر لەو ماوەیەدا بۆ چەندین مەبەست فەرمانی دروستکردنی ئەم کۆشکەی داوە. بە پێی بۆچوونەکان، خەسرەو پەروێز ئەم کۆشکەی بۆ حەوانەوەی خۆی و خێزانەکەی و بەخێوکردنی ئەسپەکانی دروست کردووە، هەروەها وەک بازاڕێک بۆ سەردەمی خۆی دروستی کردووە و سەرجەم ئەو تاقانەش کە ئێستا تەنیا شوێنەوارەکانیان ماوە، وەک دوکان بەکار هاتوون، ئەم کۆشکە بە نزیکەی حەوت کیلۆمەتر دەکەوێتە بەشی سەرەوەی #قەسری شیرین#ەوە، هەروەها کۆشکێکی دیکەی هاوشێوەی ئەم کۆشکە لە قەسری شیرین دروست کراوە، بەڵام گەورەترە لە کۆشکی حەوش کوروو.
ئەم کۆشکە لەسەر زەوەییەکی فراوان دروست کراوە، هەرچەندە دیواری ناوحەوشەکەی داڕماوە و تەنیا لە چەند بەشێکی جیاواز بەردی بناغەکەی دیارە، بەڵام ئەو بەشەی ماوە پێی دەگوترێت کۆشکی حەوش کورو، لەسەر رووبەری پێنج هەزار مەتری دوجا بەشێوازی لاکێشەیی دروست کراوە، پێکهاتەی دروستکردنی وەک بەشێکی زۆر لە شوێنەوارەکانی دیکە (بەردی سروشتی و قسڵ و تاوێرە) ئەم کۆشکە لە دوو نهۆم و زیاتر لە دەیان ژووری گەورە و بچووک و دیوەخان پێکهاتووە، بنمیچی هەردوو نهۆمەکە بە شێوازی کەوانەییە، بەڵام لەبەر کۆنیی بیناکە و داڕووخانی، دەرگا و پەنجەرەی لێ نەماوە، تەنانەت هیچ جۆرە کەرەستەی ئەو سەردەمەش لەسەر زەویی کۆشکەکە نییە.“
کۆشکەکە لەدوای پاشا هەتا ساڵی 1975 لەلایەن خەڵکی گوندەکە بۆ کۆگاکردنی دانەوێڵە و بەخێوکردنی مەڕوماڵات بەکار هێنراوە، ئەگەر بەوردی سەیری بکرێت، بەهۆی دوکەڵی ئاگری ئەو کەسانەی زستانان ئەم شوێنەیان بەکار هێناوە، بەردی تاقەکان ڕەش هەڵگەڕاون، هەرچەندە ئەم کۆشکە ساڵانێکی زۆر بەکار هێنراوە و ئێستا تەمەنی نزیکەی هەزار و 434 ساڵ دەبێت، بەڵام تا ئێستا نۆژەن نەکراوەتەوە و مەترسیی داڕووخانی لەسەرە و دەبێتە هۆی لەدەستدانی مێژوو و شارستانییەت و بیناسازی وڵاتەکەمان. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=