لەنێو بارەگەی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# و بە ئامادەبوونی هەریەک لە #وسام محەمەد بازگ# سەرپەرشتیاری گشتی تیمی تۆپی پێی یانەی وەرزشی پێشمەرگە و دەستەی سەرپەرشتیارانی هونەری و کارگێڕی و ڕاهێنەران، کۆبوونەوەی قوتابخانەی تۆپی پێیی یانەی وەرزشی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.
سەبارەت بە ناوەرۆکی ئەو کۆبوونەوەیە وسام محەمەد بازگ سەرپەرشتیاری تیمەکانی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە بۆ پێشمەرگە سپۆرت وتی، پلانی گشتگیرمان هەیە بۆ برەودان و بەرەوپێشچونی تیمەکانی تۆپی پێی یانەکەمان کە لەنێویاندا گرنگی دانە بە قوتابخانەی پێگەیاندنی منداڵان بۆ ئاستە تەمەنییەکان.
وسام ئاماژەی بەوەشکرد کە ساڵانە بە پێویستی وەرزەکان دەستەی سەرپەرشتیاران و ڕاهێنەران کۆبوونەوەی بەردەوام یان دەبێت و ڕاو سەرنجەکانیان دەخەنە ڕوو بۆ بەرەوپێشچوونی زیاترمان لە یاری تۆپی پێدا کە ئەوەش جێگەی دڵخۆشیمانە و هیوایەکی نەبڕاوە دەبێت بۆ دواڕۆژ کە وەک چۆن لە ساڵانی ڕابردوو تا ئەمڕۆ ئەو قوتابخانەیە چەندان یاریزانی گەیاندووەتە ئاستەکانی تازەپێگەیشتووان و لاوان و پێشکەوتوان بۆ داهاتووش بەردەوام دەبێت و یاریزانی زۆر ئاست بەرزتر لەنێو قوتابخانەکەمان دەبینینەوە.
بازگ وتیشی لەم کۆبوونەوەیەشماندا جەختمان کردەوە کە لە پشووی ئەم وەرزەدا جیاواز کار دەکەین و چەندان تیم لە قوتابخانەکەمان درووست دەکەین بە پۆلێنی تەمەنەکان.
دواجار وسام محەمەدی سەرپەرشتیار وتی، لە ڕێکەوتی #01-06-2024# مەشقەکانی تیمەکان لە قوتابخانەی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگە دەست پێدەکات و هەر بۆیە داوای لە دایکان و باوکان و خانەوادەکان کرد تا ئەو بەروارە ناوی جگەرگۆشەکانیان تۆمار بکەن بەو ژمارە تەلەفۆنانەی دیاری کراوە. [1]