نونیشانی بابەت: مۆزەخانەیەکی شوێنەواری و کەلەپووری لە ئیدارەی سۆران دروست دەکرێت
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری ئیدارەی #سۆران#، لە دیدارێکی (باسکورد)دا دەڵێت، سەدان پارچە شوێنەواری مێژوویی پڕ بایەخ لەلامان پارێزراون، هەروەها بەردەوامیش لە کاتی کنە و پشکنینەکان دەدۆزرێنەوە، بۆ پاراستن و دانانیان لە شوێنێکی تایبەت، داوامان کردووە مۆزەخانەیەکی شوێنەواری و کەلەپووری لە سنوورەکەمان دروست بکرێت، بۆ ئەم مەبەستە دیزانینمان بۆ شوێنێکی شوێنەواری کردەوە.
لەمبارەیەوە، د. #عەبدلوەهاب سولەیمان#، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، بە (باسکورد) ڕاگەیاند: لە سنوورەکەمان زیاتر لە هەزار شوێنی شوێنەواری هەن، هەروەها سەدان پارچە شوێنەواری مێژوویی پڕ بایەخ دۆزراونەتەوە و پارێزگارییان لێ کراوە، لە ئەنجامی کنە و پشکنینەکانیش، ناوە ناوە پارچەی شوێنەواری و کەرستەی مێژوویی دەدۆزرێنەوە، کە سەردەمانێک بۆ کاروباری ڕۆژانە بەکار هاتوون، بۆیە گرنگە مۆزەخانەیەکی شوێنەواری و کەلەپووری لە ئیدارەی سۆراندا هەبێت، چەندین جاریش داواکاریمان بەرز کردووتەوە، هەروەها قسەمان لەگەڵ هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردووە و بەڵێنی داوە، کە کاری جددیی لەسەر دروستکردنی مۆزەخانەکە بکەن.
بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، ئاماژەی بەوەش دا: بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی ئیدارەی سۆران بکات، یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانمان بریتی دەبێت لە دامەزراندن و دروستکردنی مۆزەخانەی شوێنەواری و کەلەپووری سۆران، کە بە پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژیی دەزانین، بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو کەرستە شوێنەواری و مێژووییانەی لەلامان پارێزراون، بیانگوازینەوە بۆ ئەو مۆزەخانەیە، هەروەها ببێتە هۆکارێکیش بۆ ڕاکێشانی گەشتیار و ئارەزوومەندانی کەلەپوور و ئەو کەسانەی ڕووش لە ناوچەکە دەکەن، سەرێک لە مۆەخانەکە بدەن.
د. عەبدلوەهاب سلێمان، دەشڵێت: بۆ دروستکردنی بیناکە شوێنێکمان لە شوێنەواری #ئیچ قەڵا#ی بارەگای میر محەمەد، فەرمانڕەوای میرنشینی سۆران، بە شێوەیەکی سەرەتایی دیزاین کردووە، بۆ ئەوەی بکرێت بە مۆزخانەی شوێنەواری و کەلەپووری سۆران، هەوڵەکانمان بۆ ئەم مەبەستە بەردەوامن و گەشبینین بە دروستکردنی بیناکە و دامەزراندنی مۆزەخانەکە.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!