ڕەشۆڵ؛ لە سایەی پاراستنی مەقامە کوردییەکاندا
نووسینی: #حەسەن فەلاح#
ڕەشید حاجی عەبدوڵڵا میرزا عەزیز، ناسراو بە ڕەشۆڵ، هونەرمەندێکی دیار و ناسراوی کوردستانە، خاوەنی دەنگێکی بەسۆز و کاریگەر بووە، ساڵی 1912 لە گەڕەکی #سەرشەقامی# شاری #سلێمانی# لەدایکبووە، سەربە بنەماڵەیەکی دیاری سلێمانیی بووە و باوکی بازرگان بووە و لەنێوان کوردستان و شارەکانی ڕووسیا کاری کردووە، لە سەردەمی لاوێتییەوە تێکەڵاوی جیهانی هونەر و گۆرانی بووە و ئاشنایەتیی لەگەڵ مەقام پەیداکردووە.
بیستەکانی سەدەی ڕابردوو، هاوشانی مەلا کەریمی هونەرمەند و عومەر قەزازی بریکاری قەوان لە سلێمانی، ڕوویان لە شاری #بەغدا# کردووە و چەند گۆرانییەکیان لەسەر قەوان تۆمارکردووە، قۆناغی بەناوبانگبوونیشی وەکوو مەقامبێژ، دەگەڕێتەوە بۆ کردنەوەی ئێزگەی کوردی بەغدا و لە ڕێگەی پێشکەشکردنی بەرهەمەکانییەوە لەم ئێزگەیەدا، ناسراوە و ناوبانگی پەیداکردووە.
ڕەشۆڵ بە هونەرەکەی نەژیاوە، کاری کردووە بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی، وێڕای کارکردنی بەردەوام، کاری لەسەر بەرەوپێشچوونی هونەریی کردووە و شارەزاییەکی گەورەی لە مەقاماتەکان هەبووە، لەوانە: ئەفشار، دەشت، قەتار و خاوکەری بەباشیی زانیوە.
هاوتای خۆتەرخانکردنی بۆ هونەر، کوردپەروەر بووە و خەمخۆری نیشتمان بووە، بەشداریی لە ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کورد کردووە و لە ڕیزی شۆڕشی ئەیلوولدا پێشمەرگە بووە.
=KTML_Bold=لە دیارترین گۆرانییەکانی ڕەشۆڵ بریتین لە:=KTML_End=
ئۆخەی گردەکەی یارە
لە دەریاوە
ناسکە دولبەر
ئاگر بارانە
گوڵاڵە سوورە
ڕێکەوتی #14-06-1974#، پاش نەخۆشکەوتن و خراپبوونی دۆخی تەندرووستی، لە تەمەنی 62 ساڵییدا کۆچی دوایی کردووە و لە دەڤەری #چۆمان# و حاجی ئۆمەران بەخاک سپێردراوە. [1]