#محەمەدی ماملێ#؛ دەنگێک لە ترۆپکی هونەری کوردیدا
نووسینی: #حەسەن فەلاح#
25 ساڵ لەمەوبەر و لە ڕێکەوتێکی وەکوو ئەمڕۆدا، #23-01-1999#، هونەرمەند و گۆرانیبێژی دیاری کورد، محەمەد ماملێ، لە تەمەنی 73 ساڵییدا کۆچی دوایی کردووە.
محەمەد کوڕی میرزا سەعیدی کوڕی عەلی، کە ناسراوە بە ماملێ، یەکێکە لە بەناوبانگترین مەقامبێژەکانی کورد، #02-06-1925#، لە شاری #مەهاباد#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە.
ماملێ، لەسایەی خێزانێکی پیشەوەر و نیشتمانپەروەردا پەروەردە بووە، میرزا سەعیدی باوکی، نەخوێندەوار بووە، بەڵام مامەڵەی بەردەوامی لەگەڵ شیعر و گۆرانی و هونەر، بەرەو ترۆپکی ڕێز و هۆشیاریی دەبات، لە کۆڕی عاریفانەی خانەقای #شەمزینان#، نازناوی میرزایان پێبەخشیوە.
بنەماڵەی محەمەدی ماملێ، پێکڕا هونەرمەند و دەنگخۆش بوون، باوک و براکەی، ناوبانگیان بە هونەری ڕەوان دەرکرد بوو، بەڵام ماملێ، خاوەن دەنگ و سەدایەکی جیاواز بووە و هەر زوو، لە ڕیزی خێزان و بنەماڵەکەیدا، وەکوو ئەستێرەیەک، دەدرەوشێتەوە و مەقامبێژییەکەی، بەرەو تەختی نوێنەرایەتیی هونەریی دەبات و بۆ ماوەی 50 ساڵ، نەک هەر لە ئاستی بنەماڵەدا، بەڵکوو لە ئاستی کوردستان، سەدای دەنگەکەی دەدرێتەوە و دەبێتە سەرداری مەقامبێژیی سەردەمی خۆی.
لە قۆناغە جیاوازە سیاسییەکانی حوکمڕانیی ئێراندا، محەمەدی ماملێ، وەکوو هونەرمەندێکی ئازادییخواز و نیشتمانپەروەر، خۆڕاگریی نواندووە و لەسەر پرسی کورد، دوچاری پلار و کوچەی زیندان بووەتەوە.
ماملێ، لە ماوەی 56 ساڵی تەمەندا، توانیویەتی بەنزیکەیی 325 گۆرانی تۆمار بکات، لە دیارترین گۆرانییەکانی بریتین لە: (تۆ بەڵێنم پێ بدە، پەرێشانم من دەناڵێنم، پەنجەی بێهێزی، زەمانە، ئامینێ تۆ گوڵەکەم و وەرە وەرە با بچینە ناو شلێران).
بەرهەمەکانی ماملێ، بەسەر فۆلکلۆر، گۆرانی هاوبەش، گۆرانی خوازرا و گۆرانی داهێنراو دابەش دەبن، لە ئاستی داهێناندا، ماملێ پشکی شێری بەردەکەوێت و خاوەنی زیاتر لە 300 گۆرانییە، کە چەندین کەسایەتیی دیکەش، هاوکاری بوون لە بەرهەمهاتنیاندا.
ساڵی 1994، ماملێ بەسەختیی نەخۆشدەکەوێت، بۆ ماوەی پێنج ساڵ، لەگەڵ ئێش و ئازاردا دەجەنگێت و لە کۆتاییدا، ساڵی 1999 دڵی لەکاردەکەوێت، لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کردووە و هەر بە خاکی ئەوێش، دەسپێردرێت.
ماملێ، پاش کۆچی دوایی، هەگبەیەکی گەورەی هونەریی بەدوای خۆیدا جێدەهێڵێت و تا هەتایەک مەقامبێژیی و دەنگخۆشییەکەی لە ئاسمانی هونەری کوردیدا دەنگدەداتەوە، پاشان، وەکوو سیمبولێک بۆ ڕێزلێنان لەم هونەرمەندە مەزنە، پاش تێپەڕینی 10 ساڵ بەسەر کۆچەکەیدا، لەلایەن وریای کوڕیەوە، ساڵی 2009 خەڵاتی ماملێ دادەمەزرێت و ماوەی 15 ساڵە دەدرێت بە دیارترین کەسایەتییەکانی ناو هونەری کوردیی، دیارترین ئەو کەسایەتییانەی ئەم خەڵاتەیان پێدراوە: #قالەمەڕە#، #عەباسی کەمەندی#، #مەزهەری خالقی#، #تیپی مۆسیقای سلێمانی#، خەلیل غەمگین، دڵشاد سەعید و کاوە فەقێ زادە، بۆ ساڵی 2024، بڕیارە خەڵاتەکە ببەخشرێت بە #شیڤان پەروەر#ی هونەرمەندی باکووری کوردستان.[1]