ناونیشانی بابەت: هەنارە ڕەشەی مەندەلی.. میوەیەکی هەزاران ساڵەی وڵاتی کوردەوارییە
ئامادەکردنی: #فاتمە قاسم#
لە شارە کوردەکەی #مەندەلی#، کە بەپێی پێگەی جوگرافیای، هەڵکەوتووی پارێزگای دیالە و نزیک سنووری عێراق - ئێرانە، رووبەرێکی فراوان باخی میوە هەیە، که ساڵانە بەپێی وەرز بە دەستی زۆربەی باخەوانە کوردەکان، چەندین جۆری جیاوازی میوە بەرهەم دێت و ڕەوانەی شار و شارۆچکەکانی دیکە دەکرێن. یەکێک لەو میوە هەرە دیار و بەهەڕمێنانە، هەنارە.
لەم شارە کوردەدا زیاتر له 10 بۆ 12 جۆری هەنار هەیە و لەنێوانیاندا جۆرێکی دەگمەن و جیاوازی هەیە، کە لەلایەن خەڵکەوە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکان بەکار دەهێنرێت و ناوی (هەناری ڕەش)، بە زاراوەی کوردی مەندەلاوی (عەنار سییە)یە.
ئەم جۆرە هەنارە بە جۆرێکی زۆر دەگمەنی هەنار ناو دەبرێت و مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بنیاتنانی شارە کوردییەکەی مەندەلی بە 5000 ساڵ پێش ئێستا.
شاری مەندەلی بە نیشتمانی سەرەکیی ئەم جۆرە هەنارە دادەنرێت، لە هەمان کاتدا، ئەمە دەرخەری ئەوەیە، کە #کوردستان# و کورد و کوردەواری خاوەن دەگمەنترین جۆری هەنارن، چونکە ڕەگی مێژوویی ئەم دارە لەگەڵ ڕەگی مێژووی مەندەلییدا پێکەوە بەستراون و جگە لە باخەوانە عەرەبەکان، زیاتر لە سەدان باخەوانی کورد ئەمجۆرە هەنارەیان چاندووە و تا ئێستا پاراستوویانە.
سەبارەت بەم جۆرە میوەیە، قەیس سادەق، ئەندازیاری کشتوکاڵی و ڕاوێژکاری شارەزا و بەڕێوەبەری بەشی کشتوکاڵیی مەندەلی، تایبەت بە (باسکورد) گوتی: هەناری ڕەش یەکێکە لەو جۆر هەنارانەی توێکڵێکی ڕەشی تۆخ و جیاواز لە رەنگەکانی دیکەی هەناری هەیە، لەناوەوە دەنکە هەنارەکان ڕەنگیان سووری تۆخە، ئەم جۆرە میوەیە لەنێو باخەکانی مەندەلی، لەژێر سێبەری دارە بەردارەکانی دیکەدا دەچێنرێت، بۆ ئەوەی لە تیشکی خۆر و گەرمای هاوین و بارانی زستان پارێزراو بێت، شاری مەندەلی بە ماڵی رەسەنی ئەم جۆرە هەنارە دادەنرێت، بۆیە جیاوازی لەنێوان بەرهەمی هەناری ڕەشی مەندەلی لەگەڵ ناوچەکانی دیکەدا هەیە و بەرهەمی ئەم جۆرە هەنارە کەمترە لە جۆرەکانی هەناری ئاسایی.
ئەو ئەندازیارەی کشتوکاڵ، باسی لە تایبەتمەندییەکانی هەناری ڕەش کرد و گوتی: هەناری ڕەش توێکڵێکی ڕەشی تەنک و دەنکی سووری تۆخی هەیە و لە قۆناغەکانی کۆتایی پێگەیشتندا توێکڵەکەی دەتەقێت، قەبارەی هەنارەکە مامناوەندە و کێشی لەنێوان 300 بۆ 400 گرامدایە، هەرچەندە هەنارەکانی دیکە بازرگانیین، بەڵام هەناری ڕەش بەهۆی چێژەکەیەوە، کە ڕێژەی تاڵی تیایدا 75% و ڕێژەی شیرینی تەنیا 25%ە، بۆ کڕین و فرۆشتن نابێت و لەنێو بازاڕدا نافرۆشرێت، هەروەها سرکەی هەناری لێ دروست ناکرێت، بەڵام لەلایەن خەڵکەوە بەمەبەستی چارەسەری هەندێک نەخۆشی سوودی لێ وەردەگیرێت.
هەر لەمێژەوە هەتا ئێستا خەڵکی شارەکە و دەوروبەری هەنارە ڕەشیان وەک جێگرەوەیەک بۆ چارەسەری پزیشکی بەکار هێناوە، واتە بۆ چارەسەرکردنی هەندێک نەخۆشی لەناوەوەی سک، وەک ئازاری سک، گەدە، ڕیخۆڵە، قۆڵۆن و سکچوون، تەنانەت توێکڵەکەشی دوای وشککردنەوە و وردکردنی لە خەنەدا، لەلایەن خانمانەوە بۆ ڕەنگکردنی قژیان بەشێوەیەکی سروشتی بەکار هێنراوە، هەرچەندە ئێستا توێکڵەکەی لە دوکانەکانی گیادەرمانیدا بە شێوەی هاڕدراو لەبەردەستە و دەفرۆشرێت، بەڵام دەتوانرێت لە ماڵەوەشدا وشک بکرێت، چونکە یەکێکە لە ڕێچکەکانی بەهێزکردنی تاڵەکانی قژ و پاککردنەوەی پێستی سەر لە میکرۆبەکان و زیادکردنی بریقە و درەوشانەوەی قژ.
$بەراوردێک لەنێوان رابردوو و ئێستا$
ڕاوێژکاری شارەزا و بەڕێوەبەری بەشی کشتوکاڵیی مەندەلی، بەراوردی بەرهەمهێنانی هەناری ڕەشی لەنێوان رابردوو و ئێستادا کرد و گوتی: پێش هەڵگیرسانی شەڕ لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، زیاتر لە هەزاران داری هەنارە ڕەش لەنێو شاری مەندەلی هەبوو، لە هەر باخێکدا تەنیا 5 بۆ 6 دانە دار دەچێنرا، هەروەها لەنێو بەشێک لە باخچەی ماڵاندا، بەتایبەت ماڵە کۆنەکان، کە خاوەن باخچەی گەورەتر بوون، هەناری رەش بوو، تەنانەت باخەوانەکان لە شار و شارۆچکەکانی دیکەدا سەردانی مەندەلییان دەکرد و لەلایەن باخەوانەکانی شارەکە نەمامی ئەم جۆرە هەنارە بەبێ بەرامبەر پێیان دەدرا و ئەوانیش نەمامیان لێ دەگواستەوە بۆ ناوچەکانی دیکە و 80%ی ئەو نەمامانە دەگواسترانەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە زانیارییان لەسەر بەخێوکردنی ئەم جۆرە هەنارە هەبوو، وەک (کەربەلا، دیالە، بەدرە و جەسسان، خانەقین و بەغدا) و دوای وەرزی رنینی هەناریش، ڕێژەی بەرهەمهێنانی ساڵانە لەنێو شارەکەدا لەنێوان 2 بۆ 5 تۆن دەبوو، بەرهەمی ئەم جۆرە هەنارە نەدەفرۆشرا و بەبێ بەرامبەر بەسەر خەڵک دابەش دەکرا، خەڵکی شارەکەش وەک نەریتێکی کۆن، بە پەتێک هەنارە ڕەشیان لەگەڵ یەکدا دەبەستنەوە، کە درێژیی هەر پەتێک لەنێوان 5 بۆ 10 مەتر دەبوو و ژمارەی ئەو هەنارانەی بە هەر پەتێکەوە دەبەستران، 25 بۆ 30 دانە دەبوون، دواتر لەنێو ماڵەکانیاندا هەڵیاندەواسی، بەمەبەستی پاراستنیان لە باران و سەرما و بەکارهێنانیان بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی ئازاری سک و سکچوون و گەدە و قۆڵۆن و ئازاری ڕیخۆڵە، تەنانەت توێکڵەکەشی لە خەنەدا لەلایەن خانمانەوە بەکار دەهێنرا، ئەم دۆخە بەم شێوازە بۆ ساڵانێکی دوورودرێژ و نەوە دوای نەوە لەسەر هەمان نەریت بەردەوام بوون، هەتا پێش سەرهەڵدانی پەڵەهەوری ڕەشی شەڕ، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕ لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو، کۆمەڵێک هۆکاری گرنگی وەک (کاریگەرییەکانی شەڕ، ئاوارەبوونی زۆرینەی خێزانەکان، سووتانی باخەکان بەهۆی بوونی مەندەلی بە گۆڕەپانی شەڕ، کەمیی ئاو، مردنی باخەوانەکانی نەوەی یەکەم و نەوەی دووەم)، هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی بەرهەمی ئەم جۆرە هەنارە بە ڕێژەی 70% بوون، بەڵام دوای تەواوبوونی شەڕ و گەڕانەوەی خەڵک بۆ شاری مەندەلی، لە ساڵی 2000 سەرلەنوێ باخەوانەکان، کە لە نەوەی نوێ بوون، دەستیان بە گرنگیدان بە باخی میوەکان و چاندنی ئەم جۆرە هەنارە کرد، بەڵام وەک نەوەکانی پێشوو نەبوون، چونکە دوو نەوەی یەکەم و دووەم، کە لە ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابردوو لەناو شاری مەندەلیدا ژیان، گرنگیی زۆریان بە چاندن و چۆنیەتیی بەکارهێنانی هەنارە ڕەش دەدا، لەبەر ئەوەی لەو ساڵانەدا چارەسەری پزیشکی زۆر نەبووە، بۆیە زیاتر ئارەزووی چاندنی ئەم میوەیە هەبووە، چونکە دانیشتوانی شارەکە و دەوروبەرەکەی لە چارەسەری ئەو نەخۆشییانەی، کە پێشتر باسمان کرد بەکاریان دەهێنا، بۆیە بەرهەمهێنانی هەنارە ڕەش دووبارە وردە وردە زیادی کرد، بەڵام بەو جیاوازییەی لە تۆنەوە بەرەو کیلۆ دابەزی، ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر چەند هۆکاری زۆر گرنگ، جگە لە هۆکارەکانی پێشوو، کە ئاماژەمان پێیان دا و لە کاتی شەڕدا سەریان هەڵدا، ئەویش:
- دەستبەکاربوونی نەوەی نوێ دوای شەڕ و کەمیی شارەزایی لە چاندن و گرنگیدان، بەراورد بە نەوەکانی پێشوو.
- کەمیی ئاو و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما.
- گەشەسەندنی بواری پزیشکی و دەرکەوتنی چارەسەری جۆراوجۆر، یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی کەمبوونەوەی ئارەزووی خەڵک بوو بۆ ئەم میوەیە، بە بەراورد بە رابردوو، تەنیا گرنگییەکەی بۆ ئەو خێزانانە مایەوە، کە ئەم نەریتە کۆنەیان پاراست و نەوە دوای نەوەی بەکاری دەهێنن، ئێستا ژمارەی داری هەنارە ڕەش لەنێو باخەکانی شاری مەندەلی نزیکەی 500 دانە دەبێت و هەوڵ بۆ زیادکردنەوەی دەدرێت.“
گەشتی هەناری ڕەش لە چاندنەوە بۆ رنین
قەیس سادق، گەشتی چاندن و رنینی هەنارە رەشی بەوردی روون کردەوە و گوتی: هەر دارێک بۆ ئەوەی بەرهەمەکەی لە ئێستا و داهاتوودا لەبەردەست بێت، پێویستە ساڵانە چەندین نەمامی ئەو دارە لەنێو خاکدا بچێنرێت، بۆیە شێوازی چاندنی داری هەناری ڕەش لە ڕێگەی بڕین و قەڵەمکردن لە داری دایکە، کە تەمەنی دوای چاندنەوە لەنێوان 2 بۆ 3 ساڵ بێت، هەموو ساڵێک لە 15ی مانگی 2 هەتا 1ی مانگی 3 لە ڕێگەی باخەوانەکان دەست بە قەڵەمەکردن لە داری دایک دەکرێت، ئەویش لە ڕێگەی بڕین لە لقەکانی، بەمەرجێک قەڵەمەکە بەدرێژیی 20- 30سم بێت و هەڵگری گرێی ڕووەکی بێت، بۆ ئەوەی گەڵاکان لە گرێکاندا لقیان لێ دەربچێت، قەڵەمی هەنار نرخی مادیی نییە و بەخۆڕایی دەبەخشرێت بەو کەسانەی داوای دەکەن، دوای بڕین و قەڵەمکردنی لقەکان، دەست بە چاندنی دەکرێت، کە ماوەی چاندن لە 15ی 2ی هەموو ساڵێک دەست پێدەکات و هەتا 16ی 4ی هەمان ساڵ بەردەوام دەبێت، چاندنی قەڵەمەکان بە دوو شێواز ئەنجام دەدرێت.
یەکەم: چاندن لەنێو بتمۆس، کە ئەمەش لە 15- 2 هەتا 16- 4 ئەنجام دەدرێت و قەڵەمەکە دوای بڕین بۆ ماوەی 45 ڕۆژ لەنێو بتمۆس دەچێنرێت، لەم ماوەیەدا قەڵەمەکە دەست بە دروستکردنی ڕەگ دەکات و ئامادە دەبێت بۆ چاندن لەناو خاک.
دووەم: چاندنی راستەوخۆ، کە لە 15- 2 هەتا 16- 4 ئەنجام دەدرێت و قەڵەمەکە راستەوخۆ لەنێو خاکەوە دەچێنرێت.
لە هەردوو حاڵەتەکەدا، باخەوانەکان دەست دەکەن بە چاندنی ئەمجۆرە هەنارە لەژێر سێبەری دارەکانی دیکە لەنێو باخەکاندا، ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی گەرمای هاوین و بارانی زستان کاریگەرییەکی فراوان لەسەر نەمام و دار و بەرهەمی هەناری ڕەش نەکات، وەک ئەوەی پێشتر ئاماژەم پێ دا، پێش دەستپێکردنی شەڕ ئەمجۆرە میوەیە لەنێو باخچەی ماڵانیشدا دەچێنرا، بەڵام لەگەڵ گەشەکردنی تەکنەلۆجیا و گۆڕانی سەردەمەکە و بەرەوپێشچوونی ئاستی رۆشنبیریی مرۆڤەکان، هەموو ئەمانە بوون بە هۆکار بۆ ئەوەی ئەم جۆرە میوەیە چیتر لەنێو باخچەی ماڵاندا نەمێنێت و تەنیا لەنێو باخەکاندا بچێنرێت، ئەو هۆکارانەی کاریگەرییان لەسەر گەشەی داری هەناری ڕەش هەیە، خاکی تێکەڵی باش و هەوا و تیشکی خۆر و سیستەمی ئاودانه، بەگشتی لە هەموو وەرزێکدا داری هەنار پێویستی بە ئاودان هەیە و پێویستە لە مانگێکدا لە 3 جار کەمتر نەبێت، چونکە ئاوی زۆر دەبێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشی بۆ دارەکە، هەروەها ڕێژەی سەرکەوتنی چاندنەکەی لەنێو شاری مەندەڵی 100% دەبێت، که ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی جوگرافی و بەپیتیی خاکەکەی، کە لەگەڵ دۆخی پێگەیشتنی هەنارەکە گونجاوە، بەڵام ڕێژەی سەرکەوتنی چاندنەکەی لە ناوچەکانی دیکەدا تەنیا 50- 60% دەبێت. هەناری ڕەش دوای چاندنی بە 2 بۆ 3 ساڵ بەپێی گرنگیدانی باخەوانەکە دەست بە بەرهەمهێنان دەکات، لە مانگی 2 دارەکە دەست بە دەرکردنی گوڵی بچووک دەکات، کە ئەمانە گوڵی بەرهەمەکەن، دواتر لە مانگی 4 گوڵەکان دەبنە بەرهەمی هەنار و لە 15ی 10 بەرهەمەکە دەست بە پێگەیشتن دەکات، لە 1ی 11 وەرزی رنینی دەبێت، لە ماوەی ساڵەکانی بەرهەمهێناندا کاتێک دارەکە دەبێتە 3 ساڵ، بەر دەدات، لەم تەمەنەدا دارەکە 150سم بۆ 2 مەتر بەرزە، بەڵام بەرەکەی کەمە و تەنیا لە 10 دانە هەنار زیاتر نییە، لە تەمەنی7 بۆ 8 ساڵیدا کاتێک درێژیی دارەکە دەگاتە 4 مەتر، ڕێژەی بەرهەمهێنانی دەگاتە 15 بۆ 25 کیلۆ بۆ هەر دارێک، ئەمەش لە حاڵەتی چاودێریی باشی دارەکە لەلایەن باخەوانەکان و کاتێک تەمەنی دارەکە دەگاتە 8 بۆ 10 ساڵ، دارەکە لە باشترین قۆناغدا دەبێت بۆ بەرهەمهێنان، لەوکاتەدا بەرزیی دارەکە لەنێوان 4 مەتر و نیو بۆ 5 مەتر دەبێت و ڕێژەی بەرهەمەکەی لەنێوان 30 بۆ 40 کیلۆ دەبێت، لەدوای تەمەنی 10 ساڵیدا ئیتر دارەکە بەرز نابێت، بەڵکوو لقەکانی زیاتر دەبێت و بەرهەمهێنانی زیاتر دەبێت و بەرهەمەکەی لەنێوان 50 بۆ 60 کیلۆ دەبێت، لە تەمەنی 15 ساڵیدا دارەکە لە بەرهەمهێنان دەوەستێت و باخەوانەکانیش ناچار دەبن هەڵیکەنن و قەڵەمی هەنارە ڕەشێکی نوێ لە شوێنیدا، یان لە کەناریدا بچێنن، سەبارەت بە ڕێژەی بەرهەمهێنانیش، لە ساڵی 2010 بەرهەمی ئەم هەنارە 300 کیلۆ بووە، ساڵی 2015 بەرهەمەکە گەیشتە 500 کیلۆ، لە 2020، 600 کیلۆ و لە ساڵی 2023 گەیشتە 750 کیلۆ، بۆ ئەمساڵ 2024 بەرهەمەکە گەیشتە 300 کیلۆ، هۆی کەمبوونی لە ئەمساڵدا دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی ئاو و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، کە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر بڕی بەرهەمهێنانی میوەی هەناری ڕەشدا هەبوو.“
لە کۆتاییدا قەیس سادق، ئەندازیاری کشتوکاڵی و ڕاوێژکاری شارەزا و بەڕێوەبەری بەشی کشتوکاڵیی مەندەلی گوتی: بەپێی زانیاریم لەسەر ئەم بابەتە، هەتا ئێستا هەناری ڕەش هەناردەی دەرەوەی وڵات نەکراوە، بەڵام لە ساڵی 2023 توێژینەوەیەکی پزیشکی لەسەر هەناری ڕەش لەناوخۆی عێراق ئەنجام درا، بۆیە هەنار و گەڵا و ڕەگی ئەم دارە میوەیان بۆ توێژینەوەکانیان برد، بۆ ئەوەی بتوانرێت لە چارەسەری پزیشکیدا بەکار بهێنرێت، بەڵام تا ئەمڕۆ ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە نادیارە، بۆیە ئەم میوەیە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زانستیی بەرفراوانتر هەیە، بەتایبەتی کە ئەم جۆرە لە سەرتاسەری عێراق بەتەواوەتی ناناسرێت و پێویستی بە پشتگیریی میدیایی هەیە، چونکە بە یەکێک لەو جۆرە بەرهەمە سەیرانە دادەنرێت، کە دەتوانێت ئاسۆ لەسەر دۆسێی دەرمانەکان بکاتەوە، بەتایبەت، کە توانایەکی سەیروسەمەرەی هەیە بۆ چارەسەرکردنی راستەوخۆی هەندێک لە نەخۆشییەکانی سک.“[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!