بە مەبەستی دیاری کردنی هەڵبژاردەکەی، یەکێتی ناوەندی کاراتێی ئێراق بە بەشداری یاریزانانی یانەکانی پاڵاوتنی دووەمی لە شاری #بەغدا# بەڕێوەبرد.
لەو پاڵاوتنەدا تیمی کاراتێی یانەی پێشمەرگە بە حەوت یاریزان بەشداری کردوو تێیدا و دوای ڕکابەرییەکی بەهێز، دواجار #شڤان عوسمان# لە کێشی قورس توانی پلەی یەکەم و میدالیای ئاڵتون بەدەست بهێنێت، هەروەک (ڕێباز حەکیم) بە هەمان ئەنجامەوە ئاڵتونی لەمل کراو یاریزان (هەریاد هەردی) -یش بە پلەی یەکەم لە یاری کۆمێتەدا ئاڵتونی گەڕاندەوە شاری #سلێمانی#.
ئەمه و لە هەمان یاری (ژیرۆ ئاراس) دووەم و (لاکۆ محەمەد) سێیەم بوون و هەروەک (داسیار ئالان) لە یاری کاتادا توانی پلەی دووەم و میدالیای زیو بەدەست بهێنێت.
سەبارەت بە ئەنجامی یاریزانانی تیمەکەیان (توانا سەعید) کارگێڕی تیمی کاراتێی یانەی پێشمەرگە بۆ پێشمەرگە سپۆرت وتی، تیمەکەمان لە حەوت یاریزان پێک هاتبوون کە خۆشبەختانە ئەنجامی بەرچاویان بەدەست هێنا و لەو ژمارەیە 5 یاریزانمان بە میدالیای پێشەنگەوە گەڕانەوە.
هەروەک وتیشی هەردوو یاریزانی لاومان (مازیار غەفور و محەمەد تاهیر) بۆ یەکەم جاریان بوو بەشداریان لەو ڕکابەریانەدا کرد لەگەڵ ئەوەی ئەنجامیان بەدەست نەهێنا بەڵام توانیان ڕکابەری یاریزانانی بەرانبەریان بکەن و هەر بۆیە چاوەڕوانی داهاتوویەکی پرشنگداریان لێدەکەین.
جێگەی باسە بڕیارە لە دوای دیاری کردنی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی کاراتێی ئێراق پاڵاوتنی سێیەمی یاریزانانی یانەکان ئەنجام بدرێت و دواتر پێکهاتەی سەرەکی هەڵبژاردەکە دیاری دەکرێت.[1]