ناونیشانی بابەت: شوێنەواری (سایتی سووتاو) لە گوندێکی دەڤەری برادۆست
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
گوندی شوێنەواری بێواس لە دەڤەری #برادۆست#، دەکەوێتە سنووری قەزای #سیدەکان# لە ئیدارەی #سۆران#، چەند ساڵێک لەمەوبەر لە کاتی دروستکردنی ڕێگایەک، چەندین شوێنەواری (سایتی سووتاو) و بناغەی خانووبەرە و گڵێنە و گۆڕی مردووەکان دۆزراونەتەوە. بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شانشینی #ئورارتۆ#.
لای خۆیەوە د. #زێدان ڕەشید خان ئاودەل برادۆستی#، لە لاپەڕەکانی 168- 169ی پەرتووکی (دەڤەری برادۆست... جوگرافیا، مێژوو، شوێنەوار، کەلەپوور) نووسیویەتی: ”گوندی بێواس لە سنووری قەزای سیدەکان، یەکێکە لە شوێنەوارە گرنگەکانی دەڤەری برادۆست، بەمەش لە ئەنجامی دروستکردنی ڕێگای دۆڵی زەرزێ، لە ساڵی 2013، لە سنووری گوندەکە شوێنەوارێک دۆزرایەوە، ڕاستەوخۆ بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سۆرانی لێی ئاگادار کرایەوە، ئەوانیش بە هاوکاریی تیمێکی شوێنەواریی (زانکۆی بۆستن و پنسلڤانیای ئەمریکی) دەست دەکەن بە کاری کنە و پشکین لە شوێنەکەدا.
ئاماژە بەوەش دراوە: لەو شوێنەدا چینە خۆڵێکی ڕەش بەشێوەی زنجیرەیەکی درێژی یەک لەدوای یەک، بە ئەستووریی (20 تا 30) سانتیمەتر وەک پاشماوەی سووتاو بەدەرکەوتووە، بەمەش شوێنەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سۆران بە ناوی (سایتی سووتاو) تۆمار کراوە. ئەم چینە سووتاوانە و پارچە گڵێنەکانی لە شوێنەکە دۆزراونەتەوە، بوونە هۆی ئەوە، کە ئەگەری ئەوەی هەیە مێژووەکەی بگەڕێتەوە بۆ ساڵی 714 پێش زایین، کاتێ لە سەردەمی سەرجۆنی دووەم هێرشەکان کراونەتە سەر شانشینی ئۆرارتۆ، بەهۆشییەوە ناوچەیەکی زۆری ئۆرارتۆییەکان سووتێندراون.
ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە: ئەگەر ئەمە راست دەربچێت، ئەوا سەرەداوێکی گرنگە بۆ زانین و دڵنیابوون لە پایتەختی ئۆرارتۆییەکان، کە شاری #موساسیر# بووە، بۆیە لەوکاتەوە بڕیار درا بۆ ئایندە کاری زیاتری لەسەر بکەن، هەروەها دوای کارکردنی زیاتر لە شوێنەکە، پاشماوەی خانووبەرە بە شێوەیەکی بەربڵاو بەدەر کەوتن، لەگەڵ دەرکەوتنی گڵێنەی ساغ و پارچە گڵێنەی شکاو بە قەبارەی جیاواز، هەروەها پاشماوە بەدەر کەوتوون، کە لە یەکێک لە گۆڕەکان گڵێنەی قەبارە بچووکی لێ بووە، پێدەچێت بە نەریتی پێشکەشکردنی خواردن بە مردووەکان بەکار هێنرابێت، لەگەڵ پاشماوەی سووتان.
خانووەکان بە شێوەیەکی زۆر سادە بە بەردی ناوچەکە دروست کراون، ئەم جۆرە بەردانە لە دەڤەری برادۆست لە چینەکانی زەویدا هەن و بە سروشتی خۆی بەردی ڕێک و تەختن و زۆر گونجاون بۆ دروستکردنی دیوار، بەجۆرێک، کە لەم سەردەمانەی دواییشدا بەکار هاتوون، بەڵام ئەو بەردانە بەرامبەر بە کەش و هەوا و هۆکارە سروشتییەکان بەهێز و پتەو نین و توانای بەرگریی زۆریان نییە.
- سوود لە زانیارییەکانی دۆسیەی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری سۆران ساڵی 2020 وەرگیراوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=