ناونیشانی بابەت: زەویی پیرۆز، کەنیسەی نەنە مەریەم لە باوەش دەگرێت
ئامادەکردنی: #ڕۆیا سەردار#
#کەنیسەی نەنە مەریەم# یەکێک لە شوێنەوارە مێژووییە ئاشوورییەکانی ورمێیە. کەنیسەی نەنە مەریەم، یەکێکە لە دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاو،ا کە بە (شرق اشور) ئاشووری ڕۆژهەڵات ناسراوە و لەڕابردوودا بە ناوی دیکەی وەک (کلیسای حضرت مریم) کەنیسەی حەزرەتی مەریەم و کەنیسەی مارت مەریەم ناو دەبرا.
شێوازی تەلارسازیی سەردەمی ساسانییەکان بە ڕوونی لە تەلارسازیی کەنیسەی نەنە مەریەمدا دەبینرێت. لێکچوونە باوەکان لە بینای پەرستگا ئاگرینەکانی ساسانیدا و لە بینای کەنیسەکەشدا هەن. بیناکارانی کەنیسەکە، تەلارسازی ساسانی و پارتەکانیان لەناو بیناکەدا تێکەڵ کردووە.
لەم کەنیسەیەدا دیکۆراتی سەرنجڕاکێش و جوانکاریی تەلارسازی نابینرێ، چونکە ئاشوورییەکان خۆیان لە ڕازاندنەوەی کەنیسەکان بەدوور دەگرت.
کەنیسەی نەنە مەریەم لە دوو بەش پێکدێت، بەشی یەکەم، دەرگای چوونە ژوورەوە و هۆڵی نوێژ و قوربانگا و ژوورەکانی دەوروبەری دەگرێتەوە.
بەشی دووەم، هۆڵێکی دیکەیە، کە ژمارەیەک ژووری تێدایە و هاوتەریبە لەگەڵ هۆڵی یەکەم، بەپێچەوانەی زۆربەی کەنیسە بەناوبانگەکان، کە بنمیچێکی بەرزیان هەیە، کەنیسەی نەنە مەریەم، لە ورمێ بنمیچێکی نەویی هەیە و بۆ چوونە ژوورەوەی دەبێت سەرت بچەمێنیتەوە.
ئەم کەنیسەیە جگە لە کورسییەکی بچووک بۆ بەساڵاچوان لە کۆتایی هۆڵی سەرەکیدا، هیچ کورسییەکی دیکەی نییە، هەروەها شوێنی دانپێدانان، یان وتاری قەشە لە کەنیسەکەدا دیار نییە.
لەسەر دیوارەکانی کەنیسەکەدا هیچ تابلۆیەک نییە و هیچ وێنەیەکیش نەکێشراوە، میحرابی کەنیسەکە تەنیا قەشە ڕێگەیان پێ دەدرێت بچنە ژوورەوە، ژوورێکی قوببەیی و هێلانەدارە. ئەو ژوورە جێگەیەکی بچووکی هەیە، کە چەندین وێنەی مەسیحی لەسەرە بە شێوەی تابلۆ و چەرموو و چەقۆ و... هتد. لە لای ڕاستی میحرابەکە رێڕەوێک هەیە، کە لە ڕێگەیەوە خەڵک دەگەنە شوێنی داگیرساندنی مۆم. پشتی کەنیسەکە تا چەند ساڵێک لەمەوبەر پڕ بوو لە بەردی قەبر، هەندێکیان تا ئێستاش لەپشت کەنیسەکەوە ماونەتەوە. لە لای چەپ و ڕاستی هۆڵی چوونە ژوورەوەی کەنیسەکە، دوو هێڵکاری هەن، کە بەردی قەبریان لەسەرە و پێدەچێت لەڕابردوودا شوێنی ناشتنی قەشە مەسیحییەکان بووبن، لەکاتێکدا ئەو بەردی قەبرەی، کە ئێستا لەم شوێنەدایە، شوێنی ناشتنی سێ سەرکردەی کەنیسە و میسیۆنەری کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسی ڕووسیایە.
دروستکەرانی ئەم بینایە لە بەشی ڕاستی قوربانگاکەدا، ڕێڕەوێکی تەسک و کورتیان دروست کردووە، کە فڕنێکی دیواری لەسەر دیواری ڕاست هەبوو، کە بۆ لێنانی نانی پیرۆز بەکار دەهێنرا، حەوشەی کەنیسەکە پان و گەورە دروست کراوە و حەوشەکەی لە لای ڕۆژئاوا لە ڕێگەی دوو دەرگای چوونە ژوورەوە دەچێتە سەر شەقام، بوونی فەرشی دەستی لەناو کەنیسەکەدا یەکێکی دیکەیە لە سەرنجڕاکێشییەکانی ئەو شوێنەوارە مێژووییە.
بەشێکی دیکەی سەرنجڕاکێشی ئەم کەنیسەیە ئەو تابلۆیەیە، کە ئەم ڕستەیەی خوارەوەی لەسەرە و بە فارسی نووسراوە:
(نعلینت را از پاهایت بیرون کن؛ زیرا مکانی که در آن ایستادەای، زمین مقدس است)، واتا: پێڵاوەکانت لە پێیەکانت دابکەنە، چونکە ئەم شوێنەی لێی وەستاویت زەویی پیرۆزە.
نووسەرانی ئاشووری و مەسیحی پێیان وایە، ئەم کەنیسەیە لە کاتی دروستکردنیدا وەک پەرستگایەکی زەردەشتی بەکار هاتووە و سەردەمانێک یەکێک بووە لە مەزارگە هەرە بەناوبانگەکانی زەردەشتییەکان، بەڵام کاتێک ئایینی مەسیحییان قبووڵ کرد، ئەم بینایەیان کردە کەنیسە.
لەنێو ئەو کەسە بەناوبانگانەی، کە سەردانی ئەم کەنیسەیەیان کردووە، (مارکۆ پۆلۆ)ی بەناوبانگە، کە لە سەفەرنامەکانیدا باسی ئەم کەنیسەیەی کردووە.
کەنیسەی نەنە مەریەم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی سەرەتای دوای زایین، کە ساسانییەکان لە ئێراندا حوکمڕانییان دەکرد. بەپێی نەریت و کتێبە مێژووییەکان، سێ موغی زەردەشتی، کە پێشبینی لەدایکبوونی عیسا (د.خ)یان کردووە، دوای گەشتکردنیان بۆ (ئۆرشەلیم)، ئاگاداری وردی پێشبینییەکەیان دەبن. چیرۆکەکە ئەوە بوو، کە ئەو سێ کەسە شەوێک لە پەرستگاکەیان پەرستشیان دەکرد و لەناکاو ئەستێرەیەکی درەوشاوەیان بینی، کە بەرەو ڕۆژهەڵات دەجووڵێت، ئەمو ئەستێرەیە بە نیشانەی لەدایکبوونی مەسیح دەزانن و یەکسەر بەرەو لای ئەستێرەکە دەڕۆن، تا دەگەنە (ئۆرشەلیم). دوای سەفەرەکەیان، گەڕانەوە بۆ ورمێ و پەرستگای زەردەشتییان کردە کەنیسە.
ناوی دوو کەس لەو کەسانە (مەلکووم و بەخت ناسڕ) بوون، بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر کەسی سێیەم نییە. بەردی گۆڕی ئەو سێ کەسە تا ساڵی 1915 لە دەروازەی کەنیسەکەوە بووە، تا ئەمساڵ لەلایەن ڕووسەکانی ئۆرتۆدۆکسەوە گواستراوەتەوە بۆ مۆزەخانەیەکی شاری کیێڤ. چیرۆکێکی دیکە هەیە، کە ئەم شوێنە ئایینییە وەک یەکەم کەنیسەی ڕۆژهەڵات دەناسێنێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=