ناونیشانی بابەت: خۆشاوى پێنجوێن
ئامادەکردنی: راڤیار پێنجوێنی
زۆرن ئه و خواردنە کوردەوارییانەى، کە لەم سەردەمەدا و بەهۆى پێشکەوتنى ژیانەوە، لەلای زۆربەى هاووڵاتییان، ناخورێن، یان کەم بوونەتەوە، بەڵام هێشتا بەهۆى سەرما و سۆڵە و بەفرى زۆرەوە، هێشتا لەلاى زۆربەى خێزان و ماڵەکانى سنوورى شارۆچکەى #پێنجوێن#، کە ناوچەیەکى کوێستانی و بەرزە، بەزیندوویی هێڵراونەتەوە، ئەویش بریتییە لەخواردنى (خۆشاو).
لەوبارەیەوە، سۆیبە کەریم، خانمێکى دانیشتووى پێنجوێنە، بە (باسکورد)ى راگەیاند: ”خۆشاو یەکێکە له و خواردنە کوردەوارییانەى، کە لە پێنجوێندا و لە سەردەمانى زوودا دەکرا، لەبەرئەوەى پێنجوێن بەهۆى بەفر و سەرماوە، ناوچەیەکى دوورەدەست بووە و خەڵک زیاتر لە وەرزى زستاندا و بەتایبەتیش لە کاتى بەفرباریندا، خۆشاویان دروست کردووە و خواردوویانە“.
گوتیشى: خۆشاو ئه و خواردنەیە، کە لە میوەکان دروست دەکرێت، وەک هەرمێ، بەتایبەتى هەرمێى باڵەکى و هەرێمێ رەشە، کە لە وەرزى هاویندا وشک دەکرێن، ئەمانە تایبەتن بە خۆشاو، هەروەها (قەیسى و قۆخ و سێو)ى وشک و (مێوژى رەش و سپى)، جوان دەشۆردرێنەوە و دواتر لەناو مەنجەڵێکدا، باش ئەکوڵێندرێن، بۆ ماوەى نیو سەعات لەسەر ئاگر دادەنرێن و پاشانیش سارد دەکرێنەوە.
شەوانى کۆنى کوردەوارى درێژ بوونە و وەک ئێستا کارەبا نەبووە، بۆیە زۆربەى خێزانەکان لە ماڵەکانى خۆیاندا یان لە دیوەخانەکاندا پێکەوە تا درەنگانێکى شەو، بەدەم خواردنى خۆشاوەوە، لە پێنجوێن، کاتەکانیان بردووەتە سەر.
بە وتەى خاتوو سۆیبە، لە کاتى شەوچەرەى شەوانى ماڵەکان و پێشوازیى لە میوان و رێبواراندا، خۆشاو بە زۆرى خوراوەتەوە، جگە لە کۆکراوەى میوەکان، هاوکات شەربەتەکەیشى خواستى زۆرى لەسەر بووە. کە شەربەتێکى هەیە، هیچ شەربتێکى دنیا تامى شەربەتى خۆشاو نادات، بۆیە هیوادارین خەڵک بگەڕێنەوە بۆ خواردنە کوردەوارییەکان.
ئەوەشى خستە ڕوو: هەموو ماڵەکان دەیانکرد، هەمیشە زستانان بەفرى تیا باریوە، میوەکان لە توورەکەى خامدا هەڵدەگیران و لاى زۆپاى دار دادەنران، تاوەکوو هیچ جۆرە میکرۆب و بەکتریایەک پیسى نەکات و کارى تێ نەکات، میوەکان باشییان لەوەدایە، هەندێک شەکر هەیە، کە لە ترێدایە و ئەوەندە کاریگەرە بەڕاستى لە مێوژدا نییە“.
ڕوونیشی کردەوە: لە زستاندا خەڵک زۆر پێویستى بە وزە هەیە، کە ئەوەش زیاتر لە مێوژ و گوێزدا هەیە و تایبەتمەندیى خۆیان هەیە. واتە بە شێوەیەکى گشتى خواردنى خۆشاو تایبەتە بە وەرزى زستان، چونکە لە هاویندا میوەکان ئامادە دەکرێن و لە زستاندا بەکار دەهێندرێن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=