ناونیشانی بابەت: نامەیەکی مێژوویی گیو موکریانی بۆ دکتۆر جەمال نەبەز
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
نووسەر و ڕۆژنامەنووسی کورد، #عەبدولڕەحمان سەید عەبدوللەتیف# ناسراو بە #گیو موکریانی#، لە ساڵی 1904 لە شاری #مەهاباد#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە، برا بچووکی حوسێن حوزنیی موکریانی و باوکی دکتۆرە #کوردستان موکریانی#یە.
گیو موکریانی، لەگەڵ حوزنی برای لە ساڵی 1926 چاپخانەیەک لە حەلەبەوە دەهێنن لە شاری #ڕواندز#ی باشووری کوردستان دای دەمەزرێنن، کۆواری (زاری کرمانجی) و چەند نامیلکەیەکی دیکەی لێ بە چاپ دەگەیەنن، هەروەها ساڵی 1934 دەچنە شاری هەولێر، لەوێش چاپخانە دادەنێن و کۆواری (ڕووناکی) چاپ دەکەن، دوای کۆچی دوای حوزنی موکریانی، برای لە 1947 ئەرکی هەڵسووڕاندنی چاپخانەی دەکەوێتە ئەستۆ، جگە لە بەرهەمەکانی خۆی، چەندین دیوانی شاعێرانی کلاسیکی کوردیش چاپ دەکات و ناوی دەنێ (چاپخانەی کوردستان).
گیو بۆ زیاتر بایەخدانی بە بواری نووسین و ڕۆشنبیری، پەیوەندی لەگەڵ نووسەرانی شار و شارۆچکەکانی کوردستان دروست دەکات، لەپێناو بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیان، یەکێک لە نامەکانیشی ئاراستەی د.کتۆر #جەمال نەبەز# دەکات، جگەلەوەش، دەگوترێت گیوی موکریانی وێنەگریش بووە. وێنەی زۆر لە شاعیران و ئەدیبانی هاوسەردەمی خۆی گرتووە، لەسەر ئەو کار و پیشەیەی بەردەوام بووە تا ساڵی 1977 بەهۆی نەخۆشی لە نەخۆشخانەیەکی شاری مووسڵ کۆچی دوایی کردووە.
$دەقی نامەکەی گیو موکریانی بۆ دکتۆر جەماڵ نەبەز:$
بۆ برازای دڵسۆز مامۆستا جەمال نەبەزی بەڕێز و خۆشەویست ڕۆژتان باش دوو مانگە هەوڵ دەدەم، کەسم دەست نەدەکەوت، کە خەتەکەی مەر ئەسعەدی خەیلانی بخوێنێتەوە، ناچار بووم لەسەرەتاوە خۆم دەستم بە نووسینەوەی کرد تا 26 لاپەڕە، ئینجا برادەرێک پەیدابوو چەند لاپەڕەیەکی نووسییەوە و بەسەری دامەوە، هەر بەدوای ئەودا یەکێکی دیکەم پەیدا کرد.
هینەکەی لای من، کە دەستنووسی مەلا ئەسعەدی کوڕی عومەر خەیلانییە، 92 لاپەڕەیە، بەڵام لە نووسینەوەیدا گەیشتووەتە 124 لاپەڕە، ئەگەر ترسی ئەوە نەبا، کە لە ڕێگادا لەناو بچێ و بەدەستان نەگات، ئەوە نوسخە ئەسڵییەکەم بۆ دەناردن، ئومێدم وایە، کە مەلیخایەکەشم بۆ بدۆزرێتەوە و نوسخەیەکی ئەویشتان بۆ بنووسمەوە و بینێرم. ئیتر گرنگترین ئاواتم خۆشی و پێشکەوتنتانە مامتان. ئیمزای ( گیو موکریانی) گیو موکریانی، لەکۆتایی نامەکەیدا باس لە دۆزینەوەی مەلیخا دەکات. بۆ زانیاریی خوێنەران، پەرتووکی (مەلیخا) تۆمارێکی مێژوویی پاشا و میرەکانی میرنشینی سۆران بووە، بەتایبەتی لە کاتی فەرمانڕەوایی میر محەمەد پاشای گەورەی ڕواندز، لەسەر فەرمانی پاشای گەورە لەلایەن (میرزا محەمەد) نووسراوەتەوە. تیادا باسی یەکە یەکەی میرە فەرمانڕەواکانی ماڵباتی سۆرانی تیدا نووسرابووەتەوە، کەچی ئەم پەرتووکە دەوڵەمەندەی پاشای گەورە، بەهۆی شەڕ و ماڵوێرانی، بەتایبەتی لەدوای هەڵگیرسانی یەکەم جەنگی جیهانی و وێرانکردن و سووتاندنی کتێبخانەکانی شاری رواندز لەلایەن رووسەکان لە ساڵی 1916، ون بووە و دیار نەماوە.
$ سەرچاوەکان:$
- مەلیخا پەرتووکە ونبووەکەی میرنشینی سۆران، جەواد ساڵح نەورۆز، پەرتووکی (وەستا ڕەجەب چاکسازی بلیمەت).
- دەقی نامەکەی گیو کوکریانی، لە پەرتووکی میژووی ئیمارەتی سۆران لە ئامادەکردنی (سەدیق ساڵح و ئارێز عەبدوڵا) –
عەبدوڵا مەردۆخ کوردستانی، - فەرهەنگی نۆبەرە، لە دەزگای ئاراسەوە چاپ کراوە، دۆکومێنتی فەرهەنگە سەرسپییەکانی گیوی موکریانی.
لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=