لە بنەماڵەیەکی هەژاردا لاوێکی وەرزێڕ بە ناوی سمایل و هاوسەری خۆشەویستی بە ناوی ئامان، دڵیان بە لەدایکبوونی کۆرپەیەک شاد و ماڵیان ئاوەدان بووەوە. ناویان نا کەریم، چونکە ئەو منداڵەیان بە بەخشش و دیارییەک دەزانی لەلایەن خوداوە. سمایلی نەخوێندەوار بە ئاوات بوو کەریم-ی بچکۆلە، پێ هەڵگرێ و خوێندەوار بێ و بۆ ڕێگەی تاریکی ژینی پاشەڕۆژ چرای زانستی بە دەستەوە بێ. کەریم لە تەمەنی حەوت ساڵی پێی نایە خوێندن؛ پێی نایە ڕێگایەک کە هەژدە ساڵ درێژەی هەبوو. لە ماوەی ئەو هەژدە ساڵەدا، بە دابی فەقێیەتی لە کوردستاندا، زۆری ئەم دێ و ئەو دێ کرد. زۆر ماندوو بوو. برسێتی و هەژاری و کوێرەوەرییەکی زۆری چێشت. تاکوو لە ئاکامدا لە ساڵی 1332ی هەتاوی (1953) لە خزمەت مەلا ئەحمەدی حەیدەری لە ئاوایی نەمەشیری بانە دەرسەکانی ئەو سەردەمی بە دوایی گەیاند و ئیجازەی وەرگرت. پێنج ساڵ لە گوندی نستان دانیشت و خەریکی وانە وتنەوە بوو. ساڵی 1337/1958 هاتە کاوڵانی سەرێ، ئاوایییەکی خنجیلە و ئارامی قەدپاڵی کێو. ئیتر نە بەزیندوویی و نە بەمردوویی ئەم شوێنەی بەجێ نەهێشت. سیوچوار ساڵ لەوێ دانیشت و لە هەموو غەم و شادییەکی خەڵکدا هاوبەش بوو.
مەلا کەریم هونەرمەند (فیدایی) ، 11/30 شەوی پێنج شەممه، پێنجی خاکەلێوەی ساڵی 1372ی هەتاوی، ڕێکەوتی 25-3-1993، لە کوێرە دێیەکی موکریان، بە ناوی کاوڵانی سەرێ، پیرەپیاوێکی شەست و چوار ساڵە دڵی لە کوتان کەوت.[1]