ناو: جەلال
ناوی باوک: سەعید
نازناو: جەلال جۆبار
جەلال جۆبار- شاعیر
نووسینی: #خالید عومەر عوسمان#
ناوی تەواوی (جەلال سەعید عەبدوڵڵا حاجی محەمەد خدر بەگ)ە، لە تیرەی #خۆشناو#ە و باپیرە گەورەی کە خدر بەگ خەڵکی گوندی (#ئاوڕێ#) بووە بەهۆی بڵاو بوونەوەی نەخۆشییەکی کوشندە (تاعون) بەیانییەکی کە لە خەو هەڵساوە سەیری کردووە هەموو خزم و کەسوکاری مردوون تەنیا خدر بەگ و خوشکێکی ڕزگاریان بووە، ئەوانیش گوندەکەیان جێهێشتوەو ڕویان کردۆتە شاری #کۆیە#، خدربەگ بەهۆی پەیوەندییەکی کۆن لەگەڵ ماڵی مەحموود ئاغای غەفوری ڕووی کردۆتە ئەوێ مەحمود ئاغا زۆر هاوکاری کردووە و لە کۆیە نیشتەجێ بووە و ژنی هێناوە و بە تێپەر بوونی ساڵ چەند نەوەیەکیان لێ کەوتووەتەوە تا گەیشتوتە ئەم زاتە.=KTML_Quote_Begin==KTML_Style=width:30%;float:right;=KTML_Quote_Icon=❞=KTML_Quote_Content=با بچینە کوێستان بۆ گەشتی ئەم ناوە
جوانی جیهانی خوا بەم شوێنە داوە
لە چلەی هاوینا نەو بەهار ببینە
قەندیل مەندیلی هەر فڕێ نەداوە
تا چاو لێی دیارە چیمەن و گوڵزارە
پڕ جۆگە و کانی و ڕووباری بەفراوە
ئەم ناوچە جوانە شوێنی کۆچەریانە
هۆبە بە هۆبە ڕەشماڵیان هەڵداوە
بلوێری شوانی لە بەرزی تەلانی
کیژ لەسەر کانی دێنێتە سەماوە=KTML_Quote_End=
جەلال جۆبار لە ساڵی 1929 لە شاری کۆیە لەدایک بووە، باوکی مەلا بووە، لە تەمەنی چوار مانگی باوکی کۆچی دوایی کردووە و خۆی و سێ خوشکی کە هەرسێکیان لەو گەورەتر بوون بەجێ ماون و دایکی پەروەردە و بژێوی ژیانی خۆی و چوار کۆرپەکەی بە درووستکردنی کڵاو خەیاتی بە ڕێوە بردووە تا تەمەنی جەلال گەیشتووەتە (ساڵ ئینجا کەوتووەتە هانای دایکی و پێکەوە کەوتونەتە ئیش بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان، جۆبار ئیشی شاگردی و کرێکاری کردووە تا تەمەنی 16-17 ساڵی لە دوای ئەو تەمەنە بروای بەخۆی بووە و دوکانێکی سەربەخۆی داناوە لە ساڵی 1948، نازناوی (جۆبار) بە مانای کۆی جۆگەکان دێ هۆی هەڵبژاردنی ئەم نازناوەش ئەوە بووە تاکوو کەس نەزانێت هونراوەکانی هی ئەون بۆ ئەوەی کەس نەیناسی نەوەکوو سەرکەوتوو نەبێت، شاعیر لە هێچ قوتابخانەیەک و حوجرەیەک نەیخوێندووە چونکە هەژار بوون، بێچوونە قوتابخانە بەهەوڵی خۆی و هاوکاری منداڵە هاوڕێکانی فێری خوێندن و نووسین بووە بە خەتێکی خۆش، دوای ئەم قۆناغە دەستی بە خوێندنەوەی پەرتووک و گۆڤار و ڕۆژنامەی کردووە، هەروەها بە خوێندنەوەی پەرتووکی فارسی و عەرەبی شارەزایی زمانی عەرەبی و فارسی پەیدا کردووە، هەر لە منداڵییەوە حەزی بە خوێندنەوەی شیعر دەکردو شعری شاعیرانی وەک شێخ ڕەزا و ناڵی و عەونی و خوێندۆتەوە.
لە تەمەنی20 ساڵی یەکەم شیعری نووسیوە بەڵام بە ناوی خۆی بڵاو نەکردووەتەوە لەوە ترساوە سەرکەوتوو نەبێت، ئەو شیعرە دەدات بە (حەمەد ئەمین عەباس)ی گۆرانیبێژ پێشی دەڵێت کە نەڵێ ئەو شیعرە هی جەلالە پێشی دەڵێت ئەگەر پرسیارن ئەم هۆنراوەیە هی کێیە بڵێ هی شاعیرێکی سلێمانییە، شەوێک لە ئاهەنگێکی بووک گواستنەوە (حەمەد ئەمین عەباس) ی گۆرانی بیژ هۆنراوەکەی بە گۆرانی دەڵێت جەلال جۆباریش ئەم شەوە لە ئاهەنگەکە ئامادە دەبێت دوای تەواو بوونی گۆرانییەکە دوو سێ کەس لێی دەپرسن کە ئەم هۆنراوەیە هی کێیە حەمەد ئەمین عەباسیش لەسەر داواکاریەکەی شاعیر دەڵی هی شاعیرێکی سلێمانی لەبەر ئەوەی هۆنراوەکە لای خەڵکەکە خۆش دەبێت و پەسەند دەکرێت داوا لە گۆرانیبێژەکە دەکەن کە دوو بارەی بکاتەوە ئەم دووبارە کردنەوەی شعرەکە و پەسەند بوونی لەلایەن گوێگرانەوە بووە هاندەرێک بۆ بەردەوام بوونی شاعیر لە هۆنینەوەی هۆنراوەکانی، ساڵی 1950 هەڵبژیردراوە بۆ ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی کۆیە، لە ساڵی 1952 ژیانی هاوسەری لەسەر بناغەی خۆشەویستی پێکهێناوە لەگەڵ کچێکی خزمی کە باوکیان ئامۆزا بووە بەناوی (فەهاوە) و 4 کچ و 4 کوریان بوو (ئارام - سەرباز- خەرمان- مژدە- دیمەن- کۆچەر- ئاراز- ئامانج) بەڵام سەرباز لە ژیان دا نەماوە هەر بە منداڵی مردووە، چەندین نووسین و شیعری لە گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکان بڵاوکردووەتەوە لەوانە (ژینی سلێمانی- ڕۆژنامەی #هەولێر#- گۆڤاری هیوا- هەتاو- برایەتی- کاروان- ڕۆژنامەی هامون)، لەسەرهەڵوێستی سیاسی توشی گیران بووە لەبەندیخانەکانی (کۆیە- هەولێر- موسڵ- بەغدا)، دوو جار دوکانی تاڵان کراوە و زۆر لەبەرهەمە شیعریەکانی ونبووە، ئەندام و هاوکاری تیپی باواجی کۆیە بووە، بەداخەوە لە #2018-9-23# کۆچی دوایی کردووە.
سەڵاح کۆیی ئەم شیعرەی کردووە بە گۆرانی
با بچینە کوێستان بۆ گەشتی ئەم ناوە
جوانی جیهانی خوا بەم شوێنە داوە
لە چلەی هاوینا نەو بەهار ببینە
قەندیل مەندیلی هەر فڕێ نەداوە
تا چاو لێی دیارە چیمەن و گوڵزارە
پڕ جۆگە و کانی و ڕووباری بەفراوە
ئەم ناوچە جوانە شوێنی کۆچەریانە
هۆبە بە هۆبە ڕەشماڵیان هەڵداوە
بلوێری شوانی لە بەرزی تەلانی
کیژ لەسەر کانی دێنێتە سەماوە[1]