وەزارەتی دادی عیراق گرێبەستی عەرەبە هاوردەکان لەسەر زەوی و زاری کورد لەسنوری #کەرکووک# هەڵدەوەشێنێتەوە.
لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دادی حکومەتی عیراقی فیدراڵ گرێبەستی عەرەبە هاوردەکان لەسەر زەوی و زاری کورد لەسنوری پارێزگای کەرکووک هەڵدەوەشێنێتەوە.
بە پێی نوسراوەکە کە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتیەکانی جێبەجێکردن لە پارێزگاکانی نەینەوا و سەڵاحەدین و کەرکووک و دیالە و نەجەف و کەربەلا و ئەنبار کراوە، ئاماژە بۆ بڕگەی 4 لە بڕیارەکانی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوری عێراق کراوە کە لە ساڵی 2005 دەرچووە و تایبەتە بە هەڵوەشانەوەی گرێبەستە کشتوکاڵیەکانی تەعریب کە لە سایەی سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە جێناکۆکەکان جێبەجێکراوە بە تایبەت لە پارێزگای کەرکووک،
لە نوسراوەکەدا داوا کراوە کاری پێویست بکرێت بۆ ڕاگرتنی مامەڵەکردن بە گرێبەستە کشتوکاڵیەکانی تەعریب تا ئەو کاتەی ڕێنمایی نوێ لە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەو بارەیەوە دەردەچێت بە تایبەت کە لە ئێستادا لیژنەیەکی وەزاری دروستکراوە بۆ دیراسەکردنی ئەو بابەتە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق.[1]