بەڵێننامەی شێوازی کاری ئەرشیڤوانانی #کوردیپێدیا# (ڤێرشنی 1، 22-12-2021)
ئەم بەڵێننامەیە، شێوازی کارکردن و پابەندبوونی ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیایە بە ڕێساکانی کوردیپێدیا و بنەمای مامەڵەی ئەرشیڤوانانە لەگەڵ کوردیپێدیا و هاوکارانیدا، ئەرک و مافەکانی ئەرشیڤوانان و کوردیپێدیا بەرامبەر هاوکاران بەگشتی ڕێکدەخات. هەر ئەرشیڤوانێکی کوردیپێدیا پێویستە بەم بەڵێننامەیە بسازێت و واژووی بکات.
1. ئەرشیڤوانی کوردیپێدیا، پێویستە بەپێی ستاندارد و شێوازی کاری کوردیپێدیا کاری ئەرشیڤی ئەنجام بدات.
2. ئەرشیڤوانی کوردیپێدیا، بابەتەکان تەنها کۆپی و پەیست ناکات، بەڵکو پێداچوونەوەی بابەتی و ڕێزمانییانەی بۆ دەکات و بە ڕێنووسێکی پووختە و ڕۆژنامەوانانە بابەتەکان تۆمار دەکات.
3. هەر تۆمارێک لە کوردیپێدیادا تۆماربکرێت، هەمیشە بە ناوی ئەرشیڤوانی تۆمارکەرەوە دەمێنێتەوە.
4. ئەرشیڤوان، پێویستە بەبەردەوامی ئامادەیی هەبێت لە کۆبوونەوە گرنگەکانی کوردیپێدیادا.
5. هەر ئەرشیڤوانێک، لە هەر دەزگایەکی تری ئەرشیڤییەوە هاتبێت، دەبێت پەیوەندیی فەڕمیی خۆی بەو دەزگایەی ترەوە نەهێڵێت. یان هەردوو دەزگا لەسەر کاری ئەو ئەرشیڤوانە ڕێکەوتنی نووسراویان هەبێت.
6. ئەرشیڤوان، بەبێ ڕەزامەندیی کوردیپێدیا، نابێت لە هیچ دەزگایەکی هاوشێوەی ئەرشیڤیی تر لە یەک کاتدا کاربکات.
7. ئەرشیڤوان، کاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و مەدەنی خۆی تێکەڵ بەکارەکانی کوردیپێدیا ناکات، ئەگەر شتێکی وا ڕووبدات ئەوا کوردیپێدیا مافی ئەوەی هەیە دوای ئاگادارکردنەوەی و جێبەجێنەکردنی، ڕێکاری ناچالاککردنی هەژمارەکەی پەیڕه و بکات.
8. ئەرشیڤوان، ئەگەر بۆ ماوەی سێ مانگ کاری ئەرشیڤیی بەبێ مۆڵەت و هۆکاری گونجاو ئەنجام نەدا، ئەوا هەژمارەکەی ناچالاک دەکرێت و هەموو ئەو ئامێرانەی کە لە کوردیپێدیای وەرگرتوون، دەگەڕێنێتەوە بۆ کوردیپێدیا.
9. ئەرشیڤوان، لە کاتی گۆڕینی ژمارەی تەلەفون، ئیمێڵ و ناونیشانی نیشتەجێبوونی، کوردیپێدیا ئاگاداردەکاتەوە.
10. ئەرشیڤوانی کوردیپێدیا بەڵێن دەدات کە، هیچ وشەیەکی زبز، نەشیاو یاخود هەڕەشە! (چ بە دەمی یان لەڕێی کەناڵەکانی پەیوەندییەوە) بەرامبەر هاوکارانی و کوردیپێدیا بەکارنەهێنێت. هەر کات ئەمە ڕوویدا، یەکسەر هەژماری ناچالاک دەکرێت و ناوی لە ڕیزی ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا نامێنێت.
11. ئەرشیڤوان، هەمیشە هەوڵی ئەوە دەدات کە پێداچوونەوە و ئازادکردن بۆ ئەرشیڤوانانی هاوکاری بکات، هەڵەکان دیاری بکات و هەوڵی بەرزکردنەوەی کوالیتیی تۆمارەکان بدات.
12. هەژماری ئەرشیڤوان، زانیارییەکی گرنگی ئەو ئەرشیڤوانەیە، نابێت وشەی نهێنیی هەژمارەکەی بداتە ئەرشیڤوانێکی تر، ئەگەر دەرکەوت کە ئەرشیڤوان، هەژماری ئەرشیڤوانێکی تری بەکارهێناوە (تەنانەت ئەگەر دڵخواز یان هاوژینی یەکدیش بوون) و بەناوی ئەوەوە کاری کردووە، ئەوا هەژماری هەردوو ئەرشیڤوان ناچالاک دەکرێت.
13. هەر کارێک کە ئەرشیڤوان دەیکات، کوردیپێدیا دەبێتە خاوەنی، ئەرشیڤوان مافی ئەوەی هەیە کە تۆمارەکانی خۆی و هاوکارانی تری لە لێکۆڵینەوە و نووسینەکانی خۆیدا بەکاربهێنێت بە مەرجێک ئاماژە بە ناوی کوردیپێدیا وەک سەرچاوە بکات (ئەرشیڤوانانی تریش بەپێی توانا هاوکاریی تەکنیکیی دەکەن).
14. ئەرشیڤوان بە هیچ جۆرێک مافی ئەوەی نییە داوا لە کوردیپێدیا بکات کە، ئەو تۆمارانەی ناوی ئەوی بەسەرەوەیە (وەک مێتاداتای تەکنیکی) بۆی بگەڕێنێتەوە یان بیانسڕێتەوە.
15. ئەرشیڤوان نابێت، هەر باسوخواسێک یان کێشەیەک لەناو کوردیپێدیا ڕووبدات، کەسانی دەرەوەی کوردیپێدیای لێ ئاگاداربکات. هەموو کێشە ناوخۆییەکان و زانیارییەکانی ناو گروپە تایبەتییەکانی کوردیپێدیا و کۆبوونەوەکانی بەنهێنی دەهێڵێتەوە و نایگوازێتەوە بۆ کەسانی دەرەوەی کوردیپێدیا (تەنانەت ئەو کەسە پێشتر هاوکاری کوردیپێدیاش بووبێت)، جگە لە ئاشکراکردنی ئەنجامنامەی کۆبوونەوەکانی کوردیپێدیا، ئەگەر کوردیپێدیا ڕێگا بدات.
16. ئەرشیڤوانی کوردیپێدیا، نابێت هیچ بەرکەوتەیەکی لەگەڵ پۆلیس و ئاساییشی ئەو شوێنەی تێیدا دەژی ببێت و ببێتە لەکەیەک بۆی. بەمەرجێک ئەو بەرکەوتەیە لە ئەنجامی کارە ڕۆژنامەنووسیەکانی ناو کوردیپێدیا نەبێت.
17. وازهێنان لە کوردیپێدیا، تەنها لە ڕێی نامەوە دەبێت. پێویستە ناوی سیانی، واژوو، شوێن و ڕێکەوتی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی لەسەربێت. نامەی دەستلەکارکێشانەوە، باشترە بەلایەنی کەمەوە ئاماژەی تێدابێت بۆ هۆکارێک. کۆبوونەوەی ئەندامانی کارای کوردیپێدیا، بڕیار لەسەر دەستلەکارکێشانەوەکە دەدات. ئەگەر هۆکارەکە پەیوەندییی بە شێوازی ڕێکخراوەییەوە هەبوو، ئەوا کوردیپێدیا هەوڵی باشترکردنی ئەو شێوازە دەدات.
18. ئەرشیڤوان، مافی ئەوەی هەیە داوای ئەو ئامێرە ئەلەکترۆنییانە بکات کە کارەکانی ئاسان دەکات، بە مەرجێک بودجەی کوردیپێدیا لەو کاتەدا دەستەبەربێت.
19. ئەرشیڤوان، هەر بڕە پارەیەک بۆ کوردیپێدیا خەرج بکات مافی وەرگرتنەوەی هەیە. بە مەرجێک بەڵگەی نووسراوی بۆ ئەو خەرجییە هەبێت و کوردیپێدیا ئاگاداری ئەو خەرجییە بووبێت یان داوای لێکرابێت.
20. ئەرشیڤوان بەپێی کارەکانی مووچە وەردەگرێت وەک ئەوەی لە میکانیزمی مووچەدا چەسپێنراوە (میکانیزمی مووچە لە مانگێکەوە بۆ مانگێک بەپێی کوالیتیی بابەتەکان و بودجەی کوردیپێدیا گۆڕانکاریی بەسەر دێت). لەو ڕووەوە کوالیتیی بابەتەکان پێویستە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابڕێژرێن، چونکە کوالیتیی بابەتەکان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ میکانیزمی مووچەدا هەیە و ڕێژەی مووچەی ئەرشیڤوانان دیاری دەکات.
21. کوردیپێدیا، هەمیشە کار بۆ ئەوە دەکات کە شارەزایی و لێهاتووییی ئەرشیڤوانان بەرزبکاتەوە، ئەرشیڤوان مافی ئەوەی هەیە داوای کۆرس و ڕاهێنان بکات بە مەرجێک ئەو کۆرسە گرنگ بێت بۆ پێشکەوتنی کوردیپێدیا و بودجەی کوردیپێدیاش بتوانێت ئەو خەرجییانە دابپۆشێت.
22. هەر ئەرشیڤوانێک بەپێی ستاندارد و شێوازە لەسەررێککەوتووەکان کاری نەکرد و ئەو خاڵانەی سەرەوەی جێبەجێ نەکرد، ئاگادار دەکرێتەوە، ئەگەر دووبارە بووەوە لە کۆبوونەوەی ئەندامان باس دەکرێت و بڕیار لەسەر مانەوە یان نەمانەوەی و ناچالاککردنی هەژماری ئەو ئەرشیڤوانە دەدرێت.
23. چالاککردنەوەی هەژماری ئەرشیڤوان بە ڕەزامەندیی تەواوی ئەرشیڤوانانی کوردیپێدیا دەبێت، بەمەرجێک بە نووسین داوای لێبووردن بکات، ئەگەر پەیوەندیی بە ناپابەندیی خاڵەکانی ئەم بەڵێننامەیەوە هەبوو.[1]
(بڕوانە فایلی پەیوەندیدار)