زەمەنی ڕەوینەوەی وەهمە کوشندەکانی باشوور، زەمەنی شۆڕشی هەقیقەتەکانە...!
#حەسەن جودی#
لەڕاستیدا زۆری ویست تا لەنێو دەستەبژێری سیاسی باشووردا چەند وەهمێکی کوشندە لە کایەی سیاسیدا بڕەوێتەوە، کە تا هەژموونی مۆتەکەی داعش و شاڵاوە دڕندەییەکانی بۆ سەر کوردستان زۆر دژوار بوو تەنانەت قسە لەسەر وەهمبوونی ئه و وەهمانە ش بکرێت کە وەکو هەقیقەتی سەلمێنراو وێنا کراون. ئەوەی ئه و وەهمانەی داهێنا و وەک هەقیقەتی ڕەهای وێنا کرد ئه و قوتابخانە سیاسییەیە کە زیاتر لە نیو سەدەیە کارا بووە و ئێستاش لە واقیعدا بە دۆخی داڕمانی زیهنی و مۆڕاڵی و ئەخلاقی مەزن بۆتەوە. ئه و قوتابخانه سیاسییە؛ کە دەکرێ بە (قوتابخانەی میللیگەرای سەرەتایی) زاراوەبەندی بکەین، بەهەموو پۆل و ئاراستە (میللیگەرا و چەپگەرا و ڕاستگەرا و لیبرالیخواز و ئیسلامیگەراکان)ی خۆیەوە کارەکتەرێکی سیاسی ملهوڕی ئەوتۆی دروست کردووە؛ تەنانەت لە لوتکەی شکستەکانیشیدا هێشتا خۆی بە براوە ببینێت، کارەکتەرێک بە تایبەتمەندێتی (ستەمکاری، گەندەڵکار، وابەستەدەرەوە، پاشڤەڕۆ، شەڕانگێز)ی خۆیەوە بیستوپێنج ساڵە حوکمڕانی بەسەر باشووردا دەکات و ئیدی ماهییەتی ڕاستەقینەی خۆی خستۆتەڕوو و هیچی تێدا نەهێشتۆتەوە، تەنیا ئه و وەهمانە نەبێ کە وا خەریکە بەدوای یەکدا ئەڕەوێنەوە و بڵق ئاسا بەڕووی داهێنەرانیدا ئەتەقنەوە!! چۆن؟!
با لەوەوە دەستپێبکەین کە؛ وەهم و هەقیقەت پێچەوانەی یەکترن، بەڵام کاتێک وەهمێک (جا هەر وەهمێک بێت) دەخرێتە شوێنی هەقیقەتێکەوە (جا هەر هەقیقەتێک بێت) یان هەقیقەتێکیش وەک وەهمێک ببینرێت، ئەوا مسۆگەر بەم جێگۆڕکێپێکردنە شێواندن له ماهییەت ڕوودەدات و ناهاوسەنگییەک لەگۆڕێدا هەیه. دوا جار ئەم جێگۆڕکێپێکردنه بە هەقیقەت و وەهم کۆمەڵگاکان بەره و مەرگەسات و داڕمانی مەزن دەبات و لەگەڵ خۆیشیدا جێگۆڕکێکارانیشی ڕووبەڕووی چارەنووسی کوشندەتر دەکاتەوە. بێگومان ئەم ئاکامە کاتێک دێتەدی کە کۆتایی به و شێواندن و ناهاوسەنگییە بهێنرێت و ڕاستی وەهمەکان و هەقیقەتەکان ئاشکرا ببن و هەقیقەت وەک هەقیقەت و وەهمیش وەک وەهم ببینرێت.
ئەی ئەگەر ئەم جێگۆڕپێکردنە بەسەر بەها بنچینەییەکانی وەک: ئازادی، یەکسانی، دادپەروەری و دیموکراتیدا بێت چی ڕوودەدات؟! واتا لە وڵاتێکدا ئازادی نەبێ و بڵێی: ئازادی هەیە و هەر کەسێ بڵێ نییە ئەیگرم و ئەیڕفێنم و شوێنبزری دەکەم و دەیکوژم.... یەکسانی نەبێ و بڵێی: یەکسانی هەیە و...هتد هەڵبەتە ئه و بەهایانە هەر تەنیا ناکەونە ژێر پرسیاری جددی و گومانەوه، بەڵکو هەقیقەتە بەوەهمی کراو و وەهمە بە هەقیقەتکراوەکانیش زۆر کوشندە دەبن بۆ ئه و کۆمەڵگایەی ئەم جێگۆڕکێیەی تێدا ڕوودەدات. بۆ نموونه؛ ئەگەر ئه و بەها بنچینەییانە لە کۆمەڵگایەکدا لە گۆڕێدا نەبن، کە بەیەکەوە دەبێت هەن و لازم و مەلزومی یەکترن، چی ڕوو دەدات؟!
دەکرێ بپرسین ئه و وەهمه کوشندانە چین که قوتابیانی ئه و قوتابخانە سیاسییە؛ بە هێزە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنەکەیانەوە، بە ڕۆشنبیر و دەزگا ڕاگەیاندنییەکانیانەوە، بە هێزە داپڵۆسێنەر و هەواڵگرییەکانیانەوە هەوڵی بە (هەقیقەت)کردنیان داوە پێش ئەوەی لە (واقیع)دا یەک هەنگاوی بۆ بهاوێژێن؟!
دەکرێ لێرەدا بۆ تێگەیشتن تەنیا چەند وەهمێکی کوشندەی بەرهەمی ئەقڵییەتی ئه و قوتابخانە سیاسییە دەسەڵاتدارەی باشوور بژمێرین کە ماکینەکانی ئه و قوتابخانەیە بەرهەمهیهێناون:
1. کوشندەترین وەهم وەهمی هەبوونی دیموکراسییەکی ڕاستەقینه و پێشکەوتووە لە باشووردا..!! بێئاگا لەوەی دیموکراتی هەرتەنیا میکانیزمێکی بەڕێوەبردن و پرۆسەی هەڵبژاردن (جا هەڵبژاردنێکی پڕ لەساختەکاریش بێت!!) نییە، بەڵکو دیموکراتی یەکسانییە لەبەشداریکردن، کارەکتەر و بەها و کولتوورە، شێوازێکی ژیان و بیرکردنەوە و چالاکی تاک و کۆمەڵگایە.
2. وەهمی هێشتا بەکەڵکهاتنی مۆدێلی حزبایەتی ئێستای باشوورە، کە زۆر دەمێکە ئێکسپایەر بووه و جگە لە داڕمان و شکست هیچی دیکەی بۆ تاک و کۆمەڵگا بەدینەهێناوە و ناهێنێت.
3. وەهمی ئەوەی؛ ئه و قوتابخانە سیاسییە ئەمڕۆ نا سبەی قەوارەیەک بۆ ئەم گەلە ستەمدیدەیە دێنێتەدی.!! بێگومان کاتێک هەموو جۆرە شێوەکانی ئه و قەوارە وەهمییە (ئۆتۆنۆمی، ئۆتۆنۆمی ڕاستەقینە....هتد) سوان و هیچیان بەدینەهێنا، کە ئەمانە ئاسانەکانی بوون، ئێستا وەهمی دروستکردنی (دەوڵەت)ی کردۆتە هەقیقەتێک و ئەم بەهارەش نەبێ بەهارێکی دیکە پێیدەگات...!! کەچی لەژێری سایەی ئه و وەهمەدا پرۆسەکانی تاڵانی وڵات و دە بەنگکردنی کۆمەڵگا پەرە پێدەدات.
4. وەهمی ئەوەی؛ ئاشتەواییەکی کۆمەڵایەتی لەنێو کۆمەڵگای باشووردا هەیه..!! بەبێ ئەوەی نزمترین ئاستی ئازادی، یەکسانی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دیموکراتی سەقامگیر بووبێت، کە مەرجی بنچینەیین بۆ ئاشتەوایی و دادی کۆمەڵایەتی لە هەر کۆمەڵگایەکدا.
5. وەهمی ئەوەی؛ لەبەرامبەر گەل و وڵاتدا ئه و هەڕەشە و مەترسییانەی هەن تەنیا دەرەکیین و هیچ هەڕەشە و مەترسییەکی ناوخۆیی نییە، ئەگەر هەشبێ ئەوا تەنیا ئەوانەن کە دژ بە دەسەڵاتن!!. ئەمە لەکاتێکدا هەڕەشەی هەرە مەزن لەناوخۆی وڵات و لەناوخۆی کۆمەڵگا دایه، لەسەرووی هەمووشیانەوە هەڕەشەی هەرە مەزن خودی ئه و دەسەڵاتەیە، کە بەم دۆخەی ئێستایەوە گەورەترین مەترسییە بۆ سەر گەل و وڵات. داڕووخانی ژێرخانی ئابووری هەڕەشەیەکی مەزنی ناوخۆییە، باڵادەستبوونی شاڵاوە کولتوورییە هەژموونگەراییەکانی داگیرکاران و لیبرالیزم هەڕەشەیەکی مەزنترە. هەروەها گروپ و ڕێکخراوە سەلەفییەکانیش بەهەمان ئاستی ئه و هەڕەشانە هەڕەشەن بۆ سەر چارەنووسی کۆمەڵگا، کە بەشێکن لە هێزی سپێری دەسەڵات و بەدڵ و گیان دەیپارێزن و شەرعیەتی ئایینیشی پێدەدەن دەڵێن:وەلی ئەمرمانە!!
6. وەهمی ئەوەی؛ زلهێزەکان پشتیوانمانن و ئیدی لەخەم ڕەوینەتەوە و لەئاستی نێودەوڵەتیدا تەواو پشتیوانی لە ئەزموونەکەمان لێدەکرێ و دەمانپارێزن و ئەم پشتیوانییە ستراتیژییە و...هتد. بێئاگا لەوەی هێشتا زلهێزەکان و بچووکهێزەکانی ناوچەکەش ئەم دەسەڵاتە و یەکە بەیەکەی ئه و هێزانەی دەسەڵات وەکو کارت و پیۆن و ئامراز بەکاردەهێنن و هیچ باکیان بەوە نییە ئەزموونی چەندین بارەی شکستی 1975 دەرخواردی ئەم گەلە بدەنەوە..!!
7. وەهمی ئەوەی؛ کە کێشەی کورد لە ئێراق چارەسەر بووە و تەنیا هەندێک کێشەی بچووکی وەک (بودجە و پێشمەرگە و ناوچە جێناکۆکەکان) لەنێوان هەرێم و بەغداددا ماوه، ئەویش لە چوارچێوەی دەستوور و بە (سیاسەتی حەکیمانەی سەرکردایەتی سیاسی کورد) چارەسەر دەکرێن..!! بێئاگا لەوەی کە جارێ نەک هەر کێشەی کورد چارەسەر نەبووە لە ئێراقدا، بەڵکو ئێستا لەجاران زیاتر ئاڵۆز و قووڵ بۆتەوە. هەروەها لەماوەی زیاتر لە نیو سەدەدا مرۆڤ بۆ یەکجاریش حیکمەتێک لە سیاسەتی ئەوانه نابینێتەوە کە بە وەهم پێیان وایە و پێیان دەگووترێ کە (سەرکردایەتی سیاسی کوردن) و هیچ سیفەتێکی سەرکردەییان تێدا نابینرێت و خاوەنی سیاسەتی سەربەخۆی خۆشیان نەبوونە و بۆ کوردیش کاریان نەکردووە.
8. وەهمی ئەوەی؛ دەکرێ چاکسازی لە سیستەمی حوکمڕانی باشوور بکرێ و پێویست بە شۆڕش و ڕاپەڕین و چارەسەری دەرەوەی دەسەڵات ناکات!! چونکە دۆخەکە هێشتا ئاساییە و نەگەیشتۆتە ئاستی پێویستیی گۆڕانکاری ڕیشەیی و وەرچەرخانی مەزنەوه و دەسەڵات خۆی قەیرانەکان چارەسەر دەکات و پێویست بە هیممەتی گەل نییە و با بۆ خۆی دابنیشێ و خەمی هیچی نەبێ...!!
ئەمه و چەندین وەهمی دیکەی ماکینەکانی دروستکردنی وەهمە کوشندەکانی میللیگەرای سەرەتایی سیاسەتی کوردی کە دەکرێ هیتریشی بەدوادا ڕیز بکرێ. ئه و ماکینانەی ئه و قوتابخانەیە دۆخی ئەمڕۆی باشووریان گەیاندۆتە ئاستێک کە تەنیا دەستەواژەکانی وەک (دۆخی کێشەدار، دۆخی قەیراناوی و دۆخی کاتیی....هتد) بەس نییە بۆ پێناسەکردنی دۆخەکە، بەڵکو لەراستیدا لەپاڵ هەبوون و سەرهەڵدانی بەردەوامی چەندین کێشە و قەیرانی هەمەلایەنە، بەڵام دۆخەکە لە دۆخی کێشە و قەیران تێپەڕیوە و گەیشتۆتە ئاستی گێژاو (کائیوس – دوامة). مسۆگەر گێژاوبوونی دۆخێک بە پرۆسەی هەقایەتی مێشەی چاکسازیی چارەسەر نابێت، بە ئیدارەکردنی کێشە و قەیرانەکانیش ڕێگیری لە تەقینەوەی دۆخەکە ناکرێت...ئەمە لەکاتێکدا ئەم دۆخە مەگەر تەنیا بە ئەقڵێکی نوێی شۆڕشگێڕانەی دیموکراتیخوازەوە بگۆڕدرێت و وەرچەرخێت کە خاوەن مەتۆد و جیهانبینییەکی جیاواز لە وەی هەیە لە باشوور بێت و توانستی گۆڕانکاری ڕیشەیی و وەرچەر خانی دیموکراتیانەی هەبێت.
ماکینەکانی دروستکردنی وەهمە کوشندەکان (رۆشنبیران، ڕاگەیاندنەکان، پیاوانی ئایینی)ی سەر به دەسەڵات نیو سەدە زیاترە خەریکن و ئه و وەهمە کوشندانەیان داهێنا و بەرگریان لێکرد و هەمیشە وەک هەقیقەتێکی سەلمێنراو و بێ ئەملاوئەولا دەرخواردی ئەقڵی سادە و ساویلکەی تاکی کوردیان داوە. هەر کەس و لایەنێکیش هەوڵیان دابێت سیحری ئه و وەهمانە پووچەڵبکەنەوە ئەوا بەهەموو شێوەیەک تاوانبار کراون و هەوڵی لەناوبردنیان دراوە. لەمڕووەوە هێزە دەسەڵاتدارەکان زنجیرەیەکی دوور و درێژی ئیغتیالاتی ئه و کەسێتییە هەقیقەتبێژانەیان دروستکردووە و تەنانەت کۆمەڵکوژی مەزنیشان بەرامبەر به و لایەنانە ئەنجامداوە و بێباکیش بوونە لەوەی کردوویانە!!. بەڵام دوای هەموو ئه و ڕێگیرکردنە لەوەی وەهمەکان نەڕەونەوە و ئاشکرا نەبن، بەڵام ئیدی وا دەڕەونەوە و سیحری وەهمەکانی ئەقڵییەتی سیاسی ئه و قوتابخانەیە مایەپووچ دەبێت، ئیدی لەخۆیان زیاتر، زۆر کەمن ئەوانەی هێشتا باوەڕیان به و وەهمانە مابێت و وەک هەقیقەتی ببینن.
له و باوەڕەدام نهێنی شکستی هەموو ئه و لایەن و ڕەوتانەی بانگەشەی دەرچوون له و قوتابخانەیە و یاخیبوون له و قوتابخانەیە و ئۆپۆزسیۆنبوونیان دەکرد لەوەدا حەشاردراوە کە لە ماهییەتدا لەگەڵ ئه و قوتابخانەیەی ئەقڵی سیاسی کورددا ناکۆک نەبوونە و تەنانەت بەهەمان ئەقڵییەت و شێواز و ئامراز و بۆ هەمان ئامانجیش ئۆپۆزسیۆنێتیان کردووە. لەبەر ئەوە؛ ئەوەی ئیفلاسی کردووە هەر تەنیا مۆدێلی حزبایەتییەکە نییە کە مەرگەسات و وێرانکاری زۆر گەورەیان بەسەر تاک و کۆمەڵگای کوردیدا هێناوە، بەڵکو ئەوەی ئیفلاسی کردووە لەبنچینەدا خودی قوتابخانە سیاسییەکەیەتی، بە پارادیم و مەتۆد و مۆدێل و شێواز و ئامراز و ئامانجەکانیشیەوە. بۆیە بە هەڵەی دەبینم کە قسەکردن لەسەر مۆدێلی کۆن و نوێی حزبایەتی لە باشووردا بکرێت دابڕاو لە خودی پارادیم و مەتۆد و مۆدێل و شێواز و ئامراز و ئامانجەکانی ئه و قوتابخانەیەی لێیەوە بەرهەمهاتووە. لەوەدا گومانم نییە کە تا هەقیقەتی ئه و وەهمە کوشندانە دەستنیشان و ئاشکرا نەکرێن، ناکرێ باس لە گۆڕین و وەرچەرخانی ئەم دۆخە گێژاوییەی باشوور بکرێ. ئەمەش بۆ خۆی بنەمای دەستپێکردنی ئه و شۆڕشە جڤاکییەیە کە ئێستا لە نان و ئاو و هەوا زیاتر پێویستە بۆ جڤاکی باشوور.
ئیدی لەگەڵ دەستپێکردنی زەمەنی ڕەوینەوەی وەهمە کوشندەکانی ئەقڵییەتی میللیگەرای سەرەتاییدا؛ زەمەنی شۆڕشگێڕیش دەستپێدەکات. زەمەنی بینین و گووتنی هەقیقەتە مەزنەکان، زەمەنی شۆڕشی دیموکراتی و ئازادی، دەبێتە زەمەنێکی واقیعی بەرجەستەبوو. بۆیە فڕێدانی وەهمە کوشندەکانی دەسەڵاتی باشوور بۆ زبڵدانی مێژووی شوم واتا لەباوەشگرتنی شۆڕشی سەرلەنوێ ئافرندن و بونیادنانەوەی کەسێتی داڕماوی مرۆڤی کورد و کۆمەڵگا نغرۆبووەکەی نێو وەهمە تاریکەکانی دەسەڵاتی باشوور. لەبنچینەدا ڕەواندنەوەی ئه و وەهمانە بۆخۆی هەڵوێستێکی شۆڕشگێرانەیە، مانیفێستی شۆڕشێکی فیکری و ویژدانیی ئەوتۆیە کە بەدیهێنانی ئازادی، یەکسانی، دادپەروەری، دیموکراتی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بێنیتەدی. ئەمەش به و واتایە دێت کە (شۆڕش) بە واتا قوو ڵەکەی بریتییە لە ڕەواندنەوەی وەهمەکان و سەر لەنوێ گەڕاندنەوەی: (باوەڕی، هیوا، ئیراده، هێز و چالاکی) بۆ ئه و تاک و کۆمەڵگایەی کە دەسەڵاتەکانی ئێراق و دەسەڵاتی کوردی سەدەیەکە لە هەوڵی تێکشکاندنی ئه و کۆڵەگەکانی دان. شۆڕش واتا گەڕاندنەوه یان گەیاندنەوەی تاک و کۆمەڵگا بە سروشتی خۆی، ئاشناکردنەوەی بە ماهییەت و ڕاستینەی خۆی. مسۆگەر ئەمەش بە هزری شۆڕشگێڕی ئەنجام دەدرێت، بە میکانیزمەکانی (پەروەردە، ڕێکخستن، چالاکی)ی تاک و کۆمەڵگاش سەردەکەوێت، بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجانیش بەرپا دەبێت..!!.[1]