ناونیشانی پەڕتووک: پەیمانی سیڤەر سەد ساڵ دواتر
ناوی نووسەر: #بورهان یاسین#
شوێنی چاپ: #تاران#
چاپخانە: تاران
دەزگای پەخش: #جەمال عیرفان#
ساڵی چاپ: 2021
ئەم کتێبە بە دوو ئامانجی سەرەکی نووسراوە:
1) بۆ ئەوەی لە بەدواداچوونێکی ئەکادیمییانە ڕۆشنایی بخەمە سەر پەیمانی سیڤەر؛
2) بڵاوکردنەوەی کتێبەکە وەک شێوازێک لە بەرزڕاگرتنی یادی سەد ساڵەی پەیمانی سیڤەر لە کۆتایی کۆنفرانسی سیڤەردا لە 1920/8/10.
ئەم کتێبە بەرهەمی کاری فراوانکردنی لێکۆڵینەوەیەکە کە ڕێک لە ڕۆژی سەد ساڵەی پەیمانی سیڤەردا، واتە لە 2020/8/10، بە شێوەی وتار، بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی ئەو سەد ساڵەیە، بڵاومکردەوە؛
ناوەڕۆکی کتێبەکە:
دەروازە: ئیستەیەک لە یادی سەد ساڵەی پەیمانی سیڤەردا
1- پێشەکی
2- ژینگەی مێژوویی پەیمانی سیڤەر
2-1 پێدراو و ڕوداوەکانی بەر لە سیڤەر
2-2 ڕێککەوتنەکانی ئاشتی دوای جەنگی یەکەمی جیهانی و سیڤەر
3- پەیمانی سیڤەر و کورد
4- لە ئەگەری جێبەجێکردنی پەیمانی سیڤەردا!
5- گفتوگۆی دیکە و دەرەنجامەکان
ژێدەرەکان
هاوپێچەکان
ئەمەی خوارەوە، ڕێک وەک خۆی، لە دەروازەی کتێبەکەدا دەخوێنیتەوە:
لەو ڕۆژەدا و دوای ڕێک سەد ساڵ لە پەیمانی سیڤەر، واتە لە2020/8/10، پێشبینی دەکرا، یا ڕاستییەکەی خواستێکی کوردانە هەبوو، کە تەوژمێک لە ڕاگەیاندراو و چاڵاکی لە لایەن هێزە سیاسییە کوردستانییەکان، کۆمەڵگەی ئەکادیمی، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەتایبەتیش ئەو ناوەندانەی کە خۆیان بە نەتەوەیی و سەربەخۆخواز لەقەڵەم دەدەن بڵاوبکرێتەوە و ئەنجام بدرێت. لە ڕاستیدا ئەوەی پێویست بوو ئەوە بوو کە دەبوایە هەموو ساڵی 2020 بکرایەتە ساڵی وەبیرهێنانەوەی پەیمانی سیڤەر، هەر لە کۆنفرانس، وۆرکشۆپ، سیمینار و بڵاکردنەوەی ڕاگەیاندراوی جیا جیا وەک شێوەیەک لە بەرزڕاگرتنی یادی سەد ساڵەی ئەو پەیمانە. ئەم چاوەڕوانییە لەو ڕاستییەوە پێ هەڵدەگرێ کە سیڤەر یەکەمین و تا ئێستاش دواهەمین جار بووە کە تیایدا سەربەخۆیی کورد لە ئاست و دانپێدانانێکی نێودەوڵەتیەوە خرایە سەر نەخشەی جیهان. بەڵام نەک هەموو 2020 نەکرا بە ساڵی سەد ساڵەی سیڤەر، بەڵکو تەنانەت ڕۆژی 10/8/2020 تا ڕادەیەکی زۆر، جگە لە هەندێک نووسراو و هەوڵ، بە بێ دەنگی تێپەڕی. تا ئەو جێگایەی ئاگاداریمان هەبێت، هیچ یەکێک لە هێزە سیاسییەکانی کوردستان بە ڕاگەیاندراوی شایستەوە ئەو یادەی نەکردەوە. تەنانەت مەسعود بارزانی و پارتی دیمۆکراتی کوردستان، کە هەر نەبێ لە ساڵانی دواییدا بەردەوام شیمانەی ئەوەیان کردووە کە دۆسیەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە دەستی ئەوان دایە، لە یادی سەد ساڵەی سیڤەردا بە تەواوەتی بێدەنگییان هەڵبژارد! ئەم حاڵەتە دەبێ جێگای پرسیار، تەنانەت سەرسوڕمانیش، بێت!
لە بەشی دەرەنجامەکانیش، بۆ نموونە، ئەمەی خوارەوە دەخوێنیتەوە:
سیڤەر، وەک ڕووداوێکی گرنگ لە مێژووی مۆدێرنی کورددا، لە ناواخنی خۆیدا دوو ڕەگەزی تەواو دژ بە یەک هەڵدەگرێ: یەکێکیان سەرکەوتنی کورد لەوەی کە بتوانێ حزوری هەبێ لە ڕێککەوتنەکانی ئاشتی دوای جەنگ، وەک پێگەی پێزانراوی خۆی لەسەر شانۆی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. ئەم پێگە پێزانراوەش لە شێوازی بەشی سێهەم بە ناوی کوردستان لە بەندەکانی 62، 63 و 64، لە پەیمانی سیڤەر مسۆگەر کرا. لە لایەکی دیکەوە هەر سیڤەر، لەبەر ئەوەی جێبەجێنەکرا دیوی شکستی کوردیش لەخۆ دەگرێ. ئەمە ڕێک ئەو ناکۆکی و ناسازیەیە کە لە خەمڵاندنی چیڕۆکی سیڤەردا دەردەکەوێ وە بازنەیەکی گرنگ لە گەشە و پێشوەچوونی ناسیۆنالیزمی کوردیی پێک دەهێنێ.[1]