لە میراتی نوژیانەوە ڕاگەیاندنی ژنانی ئێزدی دامەزرا.
سیهام ڕۆژ
شەهید نوژیان، میراتییەکی گەورەی بۆ ژنانی گەنجی ئێزدیی جێ هێشتووە و خاوەنی ڕەنج و قوربانییەکی زۆرە لەپێناو ئەوەی ژنانی ئێزدیی بتوانن لە ڕێگەی پێنووس و چاوی کامێراوە ئێش، ئازار، خۆشحاڵی و هیوای ژنان نیشان بدەن.
ڕاگەیاندنی ژنانی ئێزدیی لە دوای جینۆسایدی 2014 دامەزرا، شەهید نوژیان ئرهان تێکۆشەرێکی ئازا و بەنرخی ڕاگەیاندنی ئازاد بوو، لەسەر هەمان ڕێگە و بنەماش گەنجانی پەروەردە و ئامادە کرد.
لە 03-08-2014 دا کۆمەڵگەی ئێزدی ڕووبەڕووی جینۆسایدێک بوونەوە، کە لە سەدەی 21دا هاوشێوەی نەبووە، ئێزیدییەکانیش سەبارەت بەو کۆمەڵکوژییانەی بەسەریاندا هاتووە دەڵێن، نەک تەنیا 74 بەڵکوو بە سەدان کۆمەڵکوژییمان بەسەردا هاتووە.
$پێش جینۆساید$
پێش جینۆساید، ژمارەیەک ڕاگەیاندن و میدیای جیاواز لە شنگال هەبوون، بەڵام ئەو بە شێوەیەکی کاریگەر ڕۆڵی خۆیان نەدەبینی لە پیشاندانی ڕاستییەکان لەسەر بنەمای ئازادیی، کەلتوور، ژیان، مێژوو و ڕاستی گەل.
هاوکات لەو ڕاگەیاندنانەدا هیچ ژنێک جێگای نەدەگرت، تواناکانیان نەدەبینرا و ڕێگریی لە کارکردنیان دەکرا، ژنانی شنگال لە ترسی چەتەکانی ڕۆژ و فشارەکانیان لە ماڵەکانیان نەدەهاتنە دەرەوە و مەحکومی چوار دیوار کرابوون.
$دوای جینۆساید$
بە هاتنی شەڕڤانانی ئازادیی، گەریلاکانی یەژاستار-هەپەگە و هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە، ڕاگەیاندنی ئازاد ڕۆڵێکی سەرەکی بینی و بوو بە ئامڕازێک، کە ئەمڕۆ لە هەموو جیهاندا ژنانی ئێزدی و کۆمەڵگەی ئێزدی بناسێنرێت و بۆ مافەکانی خۆیان تێبکۆشن.
لە دوای جینۆساید شەهید نوژیان ئرهان، بۆ نەمانەوەی ڕاستییەکان بە شاراوەیی ڕووی کردە خاکی پیرۆزی ئێزدخان، پێنووس و کامێراکەی خستە کار بۆ ئەوەی ئێش و ئازاری ژنانی ئێزدی ببینرێت، ژنانی گەنجی ئێزدی پەروەردە کرد، وایکرد پێنووس و کامێرا هەڵگرن، ببن بە چاو، گوێ و زمانی کۆمەڵگەکەیان.
لە خوێندنەوە و نووسینەوە هەتا پەیامنێریی و پێشکەشکاریی، بە شێوەیەکی زۆر ئەکادیمیانە پەروەردەی دەکردن، ئەمڕۆ لە سایەی ڕەنجی شەهید نوژیانەوە دەزگای ڕاگەیاندنی ژنی شنگال دامەزرێنراوە و بە دەیان ژنی گەنج کاری تێدا دەکەن، کە بناغەکەی بە “ژن، ژیان، ئازادیی” دانرا و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان بوو بە بنکەی ڕێکخراوەیی.
ڕاگەیاندنی ژن وەکوو دەزگا لە ساڵی 2016 دامەزرێندرا، لە سەرەتادا ئاستەنگییەکی زۆر لە پەروەردەکردندا درووست بوو، هەم لە ئاستی پیشەییدا هەم لە ئاستی فکرییدا، هەر ئەندامێک ماوەی مانگێک هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرا، بناغەی پەروەردەی فکری ڕێبەر ئۆجالانیان بۆ ئازادیی ژن بە ئامانج گرت و بابەتەکانی وەک ژنی ئازاد، ئیرادە، ناسنامە و خۆبوونی ژنان لە مێژووی ژنانی ئێزدیدا دەبینرا، گفتوگۆ و سیمینار ئەنجام دەدارا، پێش فێربوونی تەکنیک، پەروەردەی فکریی و ڕۆشنبیریی مەرجێکی سەرەکییە، بۆ ئەوەی ڕێگا لە بەردەم پێشکەوتنێکی گەورە لە بواری هۆشمەندیی و مامەڵەکردن لە بەرانبەر بەشداربوونی ژنان بکرێتەوە لەنێو کار و خەباتدا گۆڕانگاریی ئەرێنی درووست بکات.
ڕاگەیاندنی ژنانی ئێزدی دوو ساڵ پاش جینۆساید ڕاگەیندرا، بەڵام خاوەنی ئەزموونێکی دە ساڵەیە، ساڵانە کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات و کارەکانی هەڵدەسەنگێنێت، جارێکی دیکە بە ئەجێندا و پلانێکی نوێوە دەست پێ دەکەنەوە، ڕووداوی ڕۆتین، بەرنامە و دۆسیەی تایبەت لەسەر کەلتوور، مێژوو، باوەڕ، ژیان، پەروەردە و خەباتی ژنانی ئێزدی ئامادە دەکرێن، هەروەها هەواڵی وەرزشیی، دیکۆمێنتاریی، کلیپ، چیرۆکی ژن و پیشاندانی شوێنە مێژووییەکانی شنگال و زۆر کاری دیکە ئەنجام دەدرێت.
بەو میراتەی، کە لە شەهید نوژیان وەریان گرتووە، ڕاگەیاندنی ژنانی ئێزدی لە شنگال دامەزراوە، لە سایەی ئەودا ئەمڕۆ ژن دەتوانێت ئازار، تووڕەیی، دڵخۆشی، ڕەنج، بەرخۆان و ئیرادەی خۆی و کۆمەڵگەکەی زۆر باش پێناسە بکات.
لەمڕۆدا ڕاگەیاندنی ژنانی ئێزدی سنووری شنگالیشی تێپەڕاندووە و لەسەر ئاستی ئێراق کار دەکات، مژار و پرسەکانی ژنانی ئێراق و کەمە نەتەوەکانیش تاووتوێ دەکات، بەهۆی سەرکەوتووییان لە کارەکانیاندا هەتا ئێستاش لە زۆر شوێنەوە بە خەڵاتی ڕۆژنامەوانییەوە گەڕاونەتەوە بۆ شنگال.
ڕاگەیاندنی ژنانی ئێزدی لە شنگال بە پێداگرییەکی زۆرەوە و بە شوێنکەوتنی نووسینەوە و گێڕانەوەی ڕاستییەکان، ژنانی شنگال بەبێ پێنووس، کامێرا و کۆمپیوتەر، بە بڕیاری ڕەنگی ژن، هەستکردن، هیوا، ئەقڵ و ڕاستی هەبوونی ژن ڕاگەیاندن بەرەو پێش دەبەن.
[1]
=KTML_Link_External_Begin=https://www.kurdipedia.org/docviewer.aspx?id=523724&document=0001.MP4=KTML_Link_External_Between=کلیک بکە بۆ بینینی لە میراتی نوژیانەوە ڕاگەیاندنی ژنانی ئێزدی دامەزرا=KTML_Link_External_End=