ناونیشانی پەرتووک: پەریی خەیاڵ
ناوی نووسەر: #کۆسار هێرۆیی# -محەمەدئەمین محەمەد
هەڵەچن: زریان سەرچناری (گرووپی ڕوون)
شوێنی چاپ: #قەڵادزێ#
دەزگای پەخش: کتێبخانەی جودی لە قەڵادزێ
ساڵی چاپ: 2023
ژمارەی چاپ: یەکەم [1]
پەریی خەیاڵ
منم شەیدای خاک و جوانی بۆ زیزی لێم پەریی خەیاڵ؟
بۆ دەتۆرێی کە خەمبارم دەڕۆی لەلام دەفڕی بە باڵ؟
وەرە هاوڕێ و هاودەمم بە، بمگەیەنە بە ئاسۆی ڕوون
ڕۆشنکەری ڕێی خەبات بە، بەرەو ئازادی و ڕزگاربوون
چۆن بتوانم بێخەم ببم لەم وڵاتەی خوێن دەبارێ؟
خەمی عیشق و نیشتمانم زەلیلی کردوم بە جارێ
خەمی هەزاران مەم و زین، داخی سنوور و کۆتبەندی
ئێشی غرووریری ناحاڵی، پەژارەی سستی هۆشمەندی
هەتاکوو کەی خەمی ڕۆژگار پڕکات پێکی بادەی تاڵم؟
هەتاکوو کەی وەلیئاسا لە عیشقی ئەوان بناڵم؟
ناسکتر لە پەلکی شەوبۆن نیان وەک شەونمی ڕەعنان
جوانترن لە وەرزی بەهار ئارامتر لە شنەی شەوبان
بکەن ئارام دڵی تەنگم هەتاکەی دووری و جودایی
شەو و ڕۆژگارم تاریکن لە داخ و ئێشی تەنیایی
لە ئێشی دابڕانی یار و خەمی گەلم گرفتارم
وەرزی تەمەن هەر پایزە بێبەش لە جوانی بەهارم
لە داخی غەدر و بێمەیلی بووم بەپیری مەیخانە!
بۆیە مەستیم کردە پیشە وڵات بووەتە بەندیخانە
من چی بکەم کە مەلی ڕۆح ئەوین و ئازادی دەوێ
پەریی خەیاڵی سەرشێتم لە باوەشی من ناسرەوێ
14-02-2022
قەڵادزێ