بزووتنەوەی فەرهەنگیی کورد لە سەدەی بیستەمدا؛ بەشی 01
چیا عەزیزی
لە دەستپێکی سەدەی بیستەمدا، حەوت ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردی هەبوون کە چواریان لە ئەستەنبوڵ و ئەوانی تر لە قاهیرە و بەغدا بڵاو بوونەتەوە. بە خوێندنەوەی قۆناغەکانی جووڵەی فەرهەنگیی کورد لە سەدەی بیستەمدا دەبینرێت کە دوای شەڕی جیهانیی یەکەم، ناوەندەکانی فەرهەنگیی کورد لە باشووری کوردستان و ئێراق بەتایبەت لە بەغدا و #سلێمانی# شوێن دەگۆڕن. ئەگەرچی پشکنینی تەواوی ئەم گۆڕانکارییانە نامومکین دەردەکەوێت، ناچارین لایەنگەلی جۆربەجۆریان بە شێوازی جیاوازەوە لە ڕۆژاوای کوردستان و سووریا، باشووری کوردستان و ئێراق، باکووری کوردستان و تورکیا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ڕووسیا بخەینە ژێر لێکۆڵینەوە و خوێندنەوە.
$بزووتنەوەی فەرهەنگیی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان و سووریادا$
بزووتنەوەی فەرهەنگیی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان و سووریا دوای ڕووداوەکانی ساڵی 1930 گرینگیی ڕاستەقینەی خۆی وەردەگرێتەوە.
ئەم ڕووداوانە بریتی بوون لە پتەوکردن و بەهێزکردنی هەستی نەتەوەییی کورد لە ڕێگەی زیندووکردنەوەی زمان و بووژانەوەی ئەدەبی. دامەزرێنەرانی ئەم بزووتنەوە ڕۆشنبیرییە برایانی بەدرخان بەتایبەت میر جەلادەت (1893-1951) و میر کامەران عالی بوون.¹
پایەکانی ئەم بزووتنەوەیە، گۆڤاری (هاوار)ە کە بە زمانی کوردی و فەڕەنسی بڵاو دەبووەوە و یەکەم ژمارەی لە #15-04-1932# دەرچووە و تا ساڵی 1935 بەردەوام بووە و لە ساڵی 1941 تا 1943 پەنجا و حەوت ژمارەی دەرچووە و پاشکۆیەکی هەبوو بە ناوی ڕووناکی. یەکەمین هەنگاوی گرینگی دامەزرێنەری گۆڤاری هاوار، ڕێکخستن و بڵاوکردنەوەی ئەلفوبێی کوردی بە پیتی لاتینی بوو و داهێنەرانی ئەم ئەلفوبێیە لە کەسانی پێش خۆیان ئیلهامیان وەرگرتووە کە ئەلفوبێی تورکیان بۆ لاتینی گۆڕیوە. ئەوان توانیان بەم ئەلفوبێیە، یەکگرتووییی کورمانجی بپارێزن. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، نووسەران هەموو کەرەستەی پۆلەکانیان ئامادە کرد و زنجیرەیەک نامیلکە و تێبینییان بڵاوکردەوە کە ئەم ئامانجەیان بەدیهێناوە² و دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا، بە جۆرێک هۆکاری گەشەسەندنی بزووتنەوەی فەرهەنگیی کوردیان لە سووریا و لوبنان دابین کرد.
لە دەوری گۆڤاری هاوار و دامەزرێنەرەکەی، کۆمەڵێک نووسەر و شاعیری لاو کۆبوبوونەوە، کە بەشێکیان خاوەنی بەهرەیەکی نائاسایی بوون و دەتوانین لەنێویاندا ئاماژە بە مستەفا ئەحمەد بانی -کە بە چیرۆکەکانی بەناوبانگە -و قەدری خان -شاعیرێکی تازەپێگەیشتوو -و هەروەها عوسمان سەبری و مەلا ئەحمەد حەیدەران بکەین. بێگومان ناودارترین و بەناوبانگترینیان شێخ مووسا حسێن، بە نازناوی جگەرخوێن-ە کە یەکەم هۆنراوەی خۆی لە ساڵی 1945دا چاپ کردووە. دیوانی جگەرخوێن لە هۆنراوەی نەتەوەپەرستانە پڕە و پاڵنەری کورد بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و نەزانییە. ئەم شاعیرە بەرهەمی دووەمی ساڵی لە 1945 بە ناوی شۆڕش و ئازادی چاپ و بڵاو کردووەتەوە، هەروەها بەرهەمگەلێ لەسەر ڕێزمان و مێژووی کورد بە پەخشان و شەرەفنامەیەکی بە هۆنراوەی لە دوای خۆ بەجێهێشتووە.
$بزووتنەوەی فەرهەنگیی کورد لە باشووری کوردستان و ئێراقدا$
دوای کۆتاییهاتنی ئاڵۆزییەکانی ساڵانی 1919 تا1920 بزووتنەوەی فەرهەنگیی کورد لە باشووری کوردستان و ئێراقدا بە شێوەیەکی بەرچاو فراوانتر بوو و ئەو ڕۆشنبیرانەی بەهۆی زۆربوونی فشارەکانی هەموو ڕۆژەی سیستەمی حوکمڕانیی وڵاتەکەیان، لە ئەستەنبوڵ دەژیان، بۆ باشووری کوردستان و ئێراق گەڕانەوە و کۆمەڵی ڕۆشنبیریی کوردیی باشووری کوردستانیان بەهێزتر کرد و دوو ناوەندی گەورەی زانستی و ئەدەبییان لە سلێمانی و بەغدا دامەزراند.
ڕۆژنامەکانی: پێشکەوتن (1922-1919)، بانگی کوردستان، ڕۆژی کوردستان، بانگی حەق، ژیان و زانست-یان لە سلێمانی بڵاو کردەوە.³ پێویستە بگوترێ ڕۆژنامەی ڕۆژانەیێک کە زیاتر لە 30 ساڵ بڵاو دەبووەوە، سەرەتا بە ناوی ژیانەوە و دوایی بە ناوی ژیان و لە کۆتاییدا بە ناوی ژین بڵاو دەبوو.
لە بەغدایش ڕۆشنبیران، سەرەتا ڕۆژنامەی دیاریی کوردستان و پاشان گەلاوێژیان لە ساڵی 1939 تا 1949 بڵاوکردەوە، پاشان ڕۆژنامەگەلی دیکە بە ناوی دەنگی گیتیی تازە و نزاریان بڵاو کردەوە کە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام بوون. پاشان ڕۆژنامەی دەنگی کوردستانی دەستەی خوێندکاران بڵاو بووەوە و دواتر بە خەبات، ئۆرگانی حزبی دیموکڕاتی کوردستان ناوی گۆڕی و تا ساڵی 1996 بڵاو دەبووەوە و لە هەمان ڕۆژانەدا لەلایەن حکومەتی جەنەڕاڵ قاسم دەستی بەسەردا گیرا. دواتر ڕۆژنامەگەلی هیوا، ڕزگاری و ڕۆناهی بە شێوەی مانگانە و دوو هەفتە جارێک بڵاو دەبوونەوە. پاشان ڕۆژنامەی ئازادیی ئۆرگانی حزبی کۆمۆنیستیی ئێراق لقی کوردستان لە #ڕواندز# بڵاو بووەوە و لە ساڵی1936 ڕۆژنامەگەلی زاری کرمانجی، لە #هەولێر# و ڕاستی لە مووسڵ بڵاو بوونەوە.5[1]
$سەرچاوەکان:$
1. کامەران عالی بەدرخان، قورئانی پیرۆز و هەروەها هەفتسەد فەرموودەی پێغەمبەر و پەندەکانی حەزرەتی سلێمان (1947_1949) و ئینجیل-ی یوحێنا و ئینجیل-ی یووفای بە کوردی و هەروەها مەتەڵگەلی کوردی-ی لە ساڵی 1937 بە فەڕەنسا و ئاڵمانی وەڕگێڕاندووە و لە ساڵی 1953 ڕێزمانی زمانی کوردی-ی کە لە سەرچاوەکانی سەرەکیی ئەورووپیەکان بوو، لە قوتابخانەی ال#سنە# شرقی پاریس بە چاپ گەیاندووە.
2.cahier N I.Note sur lalphet Kurdc.
3.CF.R.P.Thomas Bios. Op cit PP212_213. CF egalemnt C.J.R.A.C.S. 1954.
4.Geew Mukriani.Dictionaric arabe_ kurde de 15000 mots
5. le problème kurde -joyce blau