لە مێژووی کوردستان و نەتەوەی کورددا یەکەمین کچی کوردە کە لە بواری هونەردا دەرکەوتووە. هەروەها یەکەمین کچیشە کە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە هونەری بالێ دا دەرکەوتبێت و یەکێکیشە لە ناسراوترین ژنە سەماکەرەکانی جیهان لە ساڵانی 1930دا.
لەیلا بەدرخان لە بنەماڵەی تێکۆشەری بەدرخانییەکانە و کچی #عەبدولڕەزاق بەدرخان# و کچەزای #بەدرخان پاشا#یە. لەیلا ساڵی 1908 لە ئەستەنبوڵ لەدایکبووە. ساڵی 1913 دوای دەرچوونی برِیاری قڕکردنی بنەماڵەی بەدرخانییەکان، لەیلا لە تەمەنێکی زۆر بچووکیدا لەگەڵ دایکی ناچار بوونە لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی عوسمانی کۆچ بکەن و ڕووبکەنە میسر و تەمەنی منداڵی لە وڵاتی میسر بەسەربردووە.
دوای یەکەم شەڕی جیهانی (1914-1918) لەیلا بەدرخان لە میسر وەدەرکەوتووە و چووەتە ئەوروپا و لەوێ قۆناخەکانی ژیانی دەستپێکردووە. لەیلا لە وڵاتی سوێسرا چووەتە بەر خوێندن و لە وڵاتی ئەڵمانیاش پەیمانگای هونەری بالێی تەواوکردووە و پاشان لە وڵاتی فرەنسا نیشتەجێ بووە.
هەڵپەرِکێ و سەما و گۆڤەند هەر لە منداڵییەوە سەرنجی لەیلایان ڕاکێشاوە، بۆیە لەیلا کە هێشتا منداڵ بووە بە ڕێگای سەیرکردنی سەمای ژنانەوە بە شێوەیەکی سروشتی خۆی فێری سەماکردن کردووە و زۆر خولیای سەماکردن بووە. بەتایبەتیش دوای نیشتەجێبوونی لە ئەوروپا هەموو ئامانج و حەز و خولیا و مەبەستی ژیانی سەماکردن و خوێندن و لێکۆڵینەوە بووە لە سەماکردن و ئافراندن بووە لە هونەری بالێدا بەتایبەتیش ئەو سەمایانەی کە لەیلا بەدرخان نمایشی دەکردن هیچ سەرچاوە و بنەمایەکی نەبووە، بەڵکو داهێنانی بیر و ئارەزووەکانی خودی لەیلا بوونە، کە شێوازی تایبەت و زۆر سەرنجڕاکێش بوونە.
لەیلا بەدرخان لە ساڵی 1930 تا سەرەتای ساڵانی 1940ەکان سەما سەرنجڕاکێش و پرِ لە جەماوەرییەکەی خۆی لە وڵاتانی نەمسا، ئەڵمانیا، سوێسرا، فرەنسا، بەلجیکا، ئیتالیا پێشکەش کردووە. هەروەها لەیلا بەردخان بۆ نمایشکردنی سەما جوانەکانی بانگهێشتی ئەمریکا و کەنەدا و زۆر وڵاتی تریش کراوە. لەیلا بەردخان وەک کچێکی کورد کاریگەرییەکی زۆری هەبووە لەخۆ نمایشکردنیدا لە هونەری بالێ بەتایبەتیش لەناو خەڵک بە شازادەی کورد دەناسرا. لەیلا بۆخۆیشی هەمیشە و بەوپەرِی شانازییەوە خۆی وەکو کچە کوردێک و خەڵکی کوردستان ناساندووە. نامە مێژووییەکانی لەیلا بەردخان ئەو ڕاستییانەمان بۆ دەسەلمێنن. هەروەها بنەماڵە تێکۆشەرەکەی بەدرخان پاشا کاریگەرییەکی زۆریان هەبووە بۆ وەدەرکەوتنی لەیلا وەک کچە هونەرمەندێکی کورد. لەیلا تەمەنی زۆر بچووکبووە، کە (عەبدولرەزاق بەدرخان)ی باوکی کۆچی دوایی کردووە، وەلێ عەبدولرەزاق کاریگەرییەکی زۆری بەسەر لەیلای کچی بەجێهێشتبوو. عەبدولرەزاق بەدرخان تاکە ڕێبەری کوردە کە لە ماڵەکەی خۆیدا پیانۆی هەبووە.
شازادە لەیلا کچە کوردێکی ڕووناکبیر و دیرۆکزانیش بووە. زۆر حەزی بە خوێندنەوەی لاپەڕِەکانی مێژوو بووە. ناوبراو لێکۆڵینەوەی لەسەر مەراسیمەکانی ئایینی زەردەشتی، ئایینە کۆنەکانی ئێران و میسر و هیند و سەماکانی ئایینی ڕۆژهەڵاتی کردووە.
لەیلا بەدرخان توانی وەک یەکەم کچە هونەرمەند و یەکەم ژنە هونەرمەندی کورد بە ناسنامەی نەتەوەکەیەوە بچێتە لاپەرِەکانی دیرۆکی جیهانەوە، ئەلبوومە مێژووییەکانی جیهان و ئەرشیفخانەکان پڕِن لە وێنە جوانەکانی خۆنمایشکردنی شازادەی کوردان لەیلا بەدرخان.
لەیلا بەدرخان دوای ئەوەی تەمەنی بەرەوژوور ڕۆیشتووە، نەیتوانیوە چیتر بەردەوام بێت لەسەر نمایشکردنی هونەری بالێ و سەما جوانەکانی، بەڵام بەردەوام بووە لە کاری ڕۆشنبیری و خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە تا دواجار لە ساڵی 1986 لە پاریسی پێتەختی فرەنسا ماڵئاوایی لە ژیان کردووە.[1]