ناوی تەواوی (دڵزار یاسین ئەحمەد) ە، ساڵی 1969 لە شارۆچکەی مەخموور لەدایک بووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە مەخموور تەواو کردووە، دەرچووی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانییە، هەر لە منداڵییەوە خولیای هونەری مۆسیقا بووە، لەگەڵ تیپی مۆسیقای میللی مەخموور و تیپی مۆسیقای قەرەچوغ بەشداری ئاهەنگەکانی کردووە، ساڵی 1987 دەستەی دامەزرێنەری تیپی مۆسیقای قەرەچووغ بووە لەگەڵ ئەم هونەرمەندانە (نزار جەمیل محەمەدعەلی- یوسف خالید وەیسی- جەمیل سنجاوی- سیروان ساڵح عەبدولکەریم- ئەحمەد ڕەفیق محەمەد- ئیبراهیم قادر کەریم- دلێر یاسین- ئەمیر مامەندی شەمسە- یونس عەلی شەریف- محەمەد عەلی شەریف- شوان بەکر-ئەرسەلان کاروانی- سلێمان قەرەچووغی- ئەحمەد عزەددین- محەمەد ڕەفیق- تەحسێن عەزیز)، دڵزار مەخمووری هەوڵی ئەوەی داوە کە چەندین لاوی شارۆچکەکەی فێری مۆسیقا بکات، جگە لەمەش ئاواز و دابەشکردنی مۆسیقای بۆ چەندین گۆرانی بێژ ئامادە کردووە لەوانە (پەیمان عومەر- ئەحمەد زەمانە- ئیسماعیل کوێستانی- جەوهەر سابیر- فاخیر نامیق- ئەرسەلان کاروانی) هتد، لە کۆڕەوی ساڵی 1991 دڵزار وەکوو زۆربەی خەڵکی کورستان ئاوارەی ئێران دەبێت و دەچێتە شاری مەهاباد، لە مەهاباد ئاشنای هونەرمەندی گەورە (محەمەدی ماملێ) دەبێت، بەشداری چەندین ئاهەنگ دەکات لەگەڵ (محەمەدی ماملێ) بە ئامێری کەمانچە لە گۆرانییەکانی ئەم هونەرمەندە وەکوو (ڕێگاکەم دوورە- زەمانە گوڵێکی دامێ- لێم گەڕێ کچێ- ئەو پەنجەی وا لە بێ هێزی دەلەرزێ- ئامینێ گیان- ئەی باخەوان- وەک مەجنوون تاکەی دەمکوژی)، جگە لەم بەرهەمانەی ماملێ دڵزار بە ئاواز و ژەنینی کەمانچە هاوکاری گۆرانی بێژانی تری ئێران دەکات لەوانەش (عەزیز شارۆخی و حەسەن دەرزی) هتد، دڵزار جگە لەوەی توانایەکی باشی هەبووە بۆ ئاواز دانان و دابەشکردن و ژەنینی ئامێری مۆسیقا، لەهەمان کاتیشدا دەنگی بۆ گۆرانی وتن خراپ نەبووە، بەڵام خۆی لە مۆسقا بە سەرکەوتووتر زانیوە بۆیە زیاتر گرنگی بە مۆسیقا داوە، هەرچەندە سێ گۆرانی بەدەنگی خۆی تۆمار کردووە یەکیان لەگەڵ تیپی مۆسیقای قەرەچووغ بەناوی (سۆزی نازێک) و دووەکەی تریش ئەو ماوەی لە ئێران بووە تۆماری کردووە بەناوەکانی (هەر کاتێ یادی ڕابردوو ئەکەم- یادەکانت پشکۆن)، (یادەکانت پشکۆن) لەلایەن هونەرمەند عەدنان کەریم دووبارە گوتراوەتەوە وەکوو وەفایەک بۆ دڵزار، لەهەمان کاتدا گۆرانی (کۆچێکی ناوەخت) بەدەنگی عەدنان کەریم گوتراوە لە ئاوازی دڵزار، ئەم دوو گۆرانییەی عەدنان کەریم لە (سی دی) ساڵی 1997 بڵاو کراوەتەوە، هونەرمەند عەدنان کەریم و دڵزار جگە لەوەی بەیەکەوە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانیان تەواو کردووە ئەوا لە دوایین بەرهەمی (ماملێ) عەدنان کەریم بە عود و دڵزار بە کەمانجە بەشداریان کردووە، هونەرمەند دڵزار یاسین مەخمووری دوای ئەوەی زیاتر لە سێ ساڵ لە وڵاتی ئێران ماوەتەوە، ئارەزوو دەکات بچێتە وڵاتی مۆسکۆ بۆ تەواو کردنی بەشی مۆسیقای پەیمانگای مۆسکۆ، ئەوەبوو بە ڕێگای قاچاغ بەرەو ئەرمینیا دەچێت بۆ ئەوەی لە ئەرمینیا بەرەو مۆسکۆ بڕوات، بەڵام بەداخەوە لەم ڕێگا سەخت و پڕ بەفرە سەرمای دەبێ و گورچیلەکانی لەکارکردن دەوەستن و دوای نەشتەرگەریش بێ سوود دەبێ و لە 11-11-1994 لە ئەرمینیا کۆچی دوایی دەکات و هەر لەم وڵاتە هاوڕێکانی بەخاکی دەسپێرن. [1]