مێژووی تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە، لەسەر زاری مامۆستا (سەردار ئەحمەد)
من ناوم: سەردار ئەحمەد ە لە شاری کۆیە چاوم بە دونیا هەڵێناوە لە ساڵی 1945 لە گەڕەکی بەفری قەندی، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیم لە کۆیە تەواوکردووە، پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا بەشی مۆسیقا ئامێری (فلوت) م تەواوکردووە، هەر لە منداڵییەوە خولیای میوزیک بووم لە پۆلی چوارەمی سەرەتایی دەستم لە ئامێری شمشاڵ و دوزەلە و نای دار دا، ئەمەش هۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەو ساڵە باوکم دەڵاڵی گەراج بوو شاگردی پاسێک بوو ئەو کاتە، ئەو ئامێرانەی زۆر بەجوانی لێ دەدا منیش بۆیە حەزم لەو ئامێرانە کرد و بەردەوام خۆم پێوە خەریک دەکرد، شەو و ڕۆژم نەبوو لە کۆڵان و ماڵەوە هەر خەریکیان بووم تا ساڵی (1956-1957) لە پۆلی شەشەمی سەرەتایی بووم، مامۆستایەکی زۆر بەڕێزمان هەبوو ئەویش مامۆستا (محەمەدئەمین معروف) بوو، زۆر هانی ئەدام و پێی وتم قوتابخانەیەک لە بەغدا هەیە کە دەتوانێت وانەی میوزیک بخوێنی لە دوای تەواوکردنی پۆلی سێی ناوەندی بڕۆ بۆ ئەوێ پێی دەوترێت (پەیمانگای هونەرە جوانەکان- معهد الفنون الجميلة) منیش ئەوەم هەر لە گوێ بوو هەر لە ساڵی (1957) چوومە پۆلی یەکەمی ناوەندی لەو کاتە مامۆستایەکمان بۆ هات، بۆ وانەی ئینگلیزی بە ناوی مامۆستا (باکووری) ئەو کاتە بە پۆلەکاندا دەگەڕا دەیپرسی کێ لە چ ئامێرێکی میوزیکی شارەزایی هەیە ؟ من یەکێک بووم لەوانە کە ناوی نووسیم کە وتم شارەزایم لە شمشاڵ و نەی هەیە، چەند قوتابیەکی تر ناوی خۆیان نووسی و تیپێکی قوتابخانەی لێ هەڵبژاردین و بەردەوام پرۆڤەمان دەکرد و ئاهەنگەکەمان لە قوتابخانەکەمان گێڕا، بەڕێوەبەرەکەمان بەڕێز مامۆستا (شەفیق سابر) خوا لێی خۆشبێت زۆر هاوکاری دەکردین ئیتر ئەم تیپە بۆ پشووی هاوین لە ساڵی (1958) ناونرا بە (تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە) سەر بە کۆمەڵەی بوژانەوەی هونەرە جوانەکان بوو، بەردەوام بووین تا مامۆستا (باکووری) لە کۆتایی ساڵی (1961) گواسترایەوە بۆ هەولێر، لە ساڵی (1959) برایانی هونەرمەند مامۆستا (زاهیر محەمەد، خوالێخۆش بوو مامۆستا ئەنوەر تاهیر) ، چوونە پەیمانگای هونەرە جوانەکان بەشی مۆسیقا لە بەغدا، لە دوای ساڵی (1961) ئیتر ئەو تیپە بە پچڕ پچڕ هەندێک کاری دەکرد تا ساڵی (1963) وە لە ساڵی (1962) منیش چوومە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا بەشی مۆسیقا سەر ئامێری (فلوت) لە پەیمانگادا بەشداری هەموو جموجووڵە هونەریەکانم دەکرد یەکێک بووم لە تیپی مۆسیقای پەیمانگا بە سەرپەرشتی مامۆستای بەڕێز مامۆستا (ڕوحي ئەلخماش و جەميل سەليم) خوالێیان خۆش بێت.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2012/72239/0004.JPG=KTML_Photo_Alt=تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە=KTML_Style=width:30%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2012/72239/0004.JPG=KTML_Photo_End=
لە ساڵی 1966 بووم بە ئەندام لە تیپی مۆسیقای کۆماری (الفرقة الجمهورية) ئەم تیپە تیپێکی ئەهلی بوو ئەو کاتە لە تەلەڤزیۆنی بەغدا ڕاستەوخۆ بەرهەممان پێشکەش دەکرد، لە ساڵی 1967 پەیمانگام تەواوکرد، لە 20/1/1968 لە چالاکی قوتانخانەکانی هەولێر دامەزرام، ئەو کاتە سەرپەرشتی بەشی مۆسیقام دەکرد زۆربەی ئاهەنگەکانی هەولێرمان دەگێڕا لە پشووی هاوینەکان لە کۆیە لەگەڵ برادەران (مامۆستا زاهیر محەمەد، خوا لێخۆش بوو مامۆستا ئەنوەرتاهیر ومامۆستا وریا ئەحمەد و ئازاد بیلال و خوالێخۆش بوو سیامەند عیزەت و جانا تۆماس و چاپوک شەفیق و ڕزگار کەریم) وەکوو (تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە) پرۆڤەمان دەکرد تا ساڵی (1972) ، کە توانیمان مۆڵەت بۆ تیپەکە وەربگرین و لە هەولێرەش لە ساڵی (1971) مۆڵەتمان وەرگرت بە ناوی (تیپی هونەری هەولێر) ئەو کاتە لەگەڵ برادەرانی چالاکی قوتابخانەکان ئەو تیپەمان بەڕێوە دەبرد بە سەرپەرشتی مامۆستا جەلال هەداین، سەرپەرشتی بەشی مۆسیقام دەکرد تا کۆتایی (1971) ئیتر گواسترامەوە بۆ کۆیە، وەکوو باسم کرد پرۆڤەمان دەکرد تا مۆڵەتەکەمان وەردەگرت لە (1/3/1972) ئیتر هەر لەو تیپە کارم دەکرد وەکوو (فلوت) ژەن و (شمشاڵ) ژەن، بەشداری تیپی هونەری هەولێرەشم دەکرد لەبەر ئەوەی بەڵێنم پێدابوون دەنا نەیان دەهێشت بگوازرێمەوە بۆ کۆیە لە ساڵی (1974) بەشداریم کرد لە تیپی میوزیکی شۆڕشی کوردستان، لە ساڵی (1978) خولێکی مۆزیکم لە کۆیە کردەوە، بە هاوکاری خوالێخۆش بوو مامۆستا ئەنوەر تاهیر، ئیتر ئەم تیپە ئەنجامی باشی هەبوو، لە ساڵی (1979) هەمان خولمان کرد مامۆستا زاهیر محەمەد لەگەڵ مامۆستا شێرکۆ محەمەد بەشداریان کرد لەگەڵ ئێمە و هەمان ساڵ من و مامۆستا زاهیر محەمەد خولمان لە مەڵبەندی لاوانیش کردەوە تا کۆتایی ساڵی (1992) ئەنجامی زۆر باشی هەبوو و مۆزیک ژەنی بەتوانایان لێ دەرچوو هیوادارم هەر بەردەوام بن، تا ئێستاش من هەر لە تیپی مۆزیکی باواجی بەردەوام وەکوو یەکێک لە دەستەی دامەزرێنەری تیپەکە و ساڵێک زیاتر لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی ڕانیە وانەی تیوری ڕۆژهەڵاتیم وتۆتەوە و لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی (شەهید جەعفەر) لە کۆیە ئێستا دەرسی مۆزیک دەڵێمەوە، لەسەر ئامێری فلوت و نای و سۆلفێجی ڕۆژهەڵاتی و تیورەکانی ڕۆژهەڵاتی.
مامۆستا سەردار ئەحمەد ناسراو بە باب سەردار لە ساڵی 2019 کۆچی دواییکردووە یەکێک لە دامەزرێنەرانی تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە بوو.
ئەم زانیارییانە لە لاپەڕەی تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک وەرگیراوە[1]