لەبارەی عومەر گیونەی، کە لە پاریس 3 شۆرشگێڕی کوردی تیرۆرکرد، نووسراوی شاراوەی بەرپرسانی بەرلین و ئەنقەرە ئاشکرا بوون. سەرنجڕاکێشە تورکیا لە نووسراوەکانیدا دەپرسێت 'گیونەی لە ئەڵمانیا ڕاهێنانی چەکی پێکراوە یان نا؟' و ئەڵمانیاش لە وەڵامدا دەڵێت 'نا'.
ساکینە جانسز یەکێک لە دامەزرێنەرانی #پەکەکە#، فیدان دۆغان نوێنەری کەنەکە لە پاریس و لەیلا شایلەمەز ئەندامی بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕ لە ڕۆژی 9ی کانوونی دووەمی 2013 / 20ی بەفرانبار لە پایتەختی پاریسی فەرەنسا تیرۆرکران. بکوژ عومەر گیونەی لە دوای کۆمەڵکوژییەکە دەستگیرکرا. ئەو بکوژە ڕۆژی 17ی کانوونی یەکەمی 2016 / 27ی سەرماوەز لە زیندانی فەرەنسادا بەشێوەیەکی گوماناوی مرد.
بکوژ عومەر گیونەی ماوەیەک لە ئەڵمانیا نیشتەجێ بووە، بەڵام کاتی نیشتەجێبوونەکەی لە ئەڵمانیا ڕوون نەکراوەتەوە. بکوژ عومەر گیونەی لە نێوانی ساڵانی 2003 – 2011 لە ویلایەتی باڤاریای ئەڵمانیا نیشتەجێ بووە و مەزەندەکان لەسەر ئەوەن لەوێ تێکەڵی گروپە نەژادپەرستەکانی تورک بوو بێت. ئێستا ئەوە ئاشکرابووە، دەوڵەتی تورک هەوڵیداوە دۆسیەی عومەر گیونەی لە ئەڵمانیا بەدەست بهێنێت.
هەڵوێستی ئەڵمانیا
ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) بەڵگەکانی نێوان بەرپرسانی بەرلین و ئەنقەرەی لەبارەی بکوژ عومەر گیونەیەوە بەدەستهێناوە، کە چەند مانگ دوای کۆمەڵکوژییەکەی پاریس لەبارەی عومەر گیونەیەوە بۆ یەکتریان نووسیووە. وەزارەتی دادی تورک ڕۆژی 5ی ئاداری 2013 / 15ی ڕەشەمە لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوەوە داوای هاوکاریی کاروباری دادگای لە دەوڵەتی ئەڵمانیا کردبوو. بەرپرسانی ئەنقەرە داوای وەڵامی ئەم پرسیارانەیان لە ئەڵمانیا کردبوو:
- عومەر گیونەی هاووڵاتیی ئەڵمانیایە؟
- گیونەی پەیوەندیی بە پەکەکە / کەجەکە وە هەیە؟
- گیونەی لە ئەڵمانیا ڕاهێنانی بۆ بەکارهێنانی چەک پێکراوە یان نا؟
فەرمانگەی فیدراڵی سەر بە وەزارەتی دادی ئەڵمانیا، کە بارەگاکەی لە شاری بۆنە ڕۆژی 26ی نیسانی 2013 / 6ی بانەمەڕ لە نووسراوێکدا وەڵامی پرسیارەکانی تورکیای لەبارەی عومەر گیونەیەوە داوەتەوە. ئەو وەڵامانەش لە ڕێگەی باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەرلینەوە نێردراونەتەوە بۆ دەوڵەتی تورک. بەرپرسانی ئەڵمانیا بۆ وەڵامی هەر یەک لەو پرسیارانە وتویانە ئێمە نازانین.
باڵیۆزخانەی تورک لە 2ی نیسانی 2013 / 13ی خاکەلێوە وەڵامەکانی ئەڵمانیا وەردەگێڕێتە سەر زمانی تورکی و ئەو وەڵامانە لەگەڵ نامەیەکدا بۆ دەوڵەتی تورک دەنێرێتەوە. دەقی نامەکەی باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەرلین بۆ دەوڵەتی ئەڵمانیا: لەبارەی داوای هاوکاریی کاروباری دادگا لەسەر عومەر گیونەی، لە وەڵامەکەی فەرمانگەی دادی فیدراڵ دا هاتووە: تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هاووڵاتیبوونی ئەڵمانیی عومەر زیا گیونەی لە بەردەستدا نییە. لەبارەی پەیوەندیی لەگەڵ پەکەکە / کەجەکە دا تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە. لەسەر ڕاهێنان پێکردنی بۆ بەکارهێنانی چەک، تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.
ئەڵمانیا بۆ دۆسیەکەی عومەر گیونەی بڵاوناکاتەوە؟
سەرنجڕاکێشە، کە تیمی دادگەی ئەڵمانیا لە نووسراوەکەیاندا لە وەڵامی هەموو پرسیارەکاندا لەبارەی عومەر گیونەیەوە دەڵێن زانیاریمان لە بەردەست دا نییە و لەبارەی پێشینەی گیونەیەوە لە ئەڵمانیا هیچ زانیارییەکیان نەخستووەتەڕوو. سەرنجڕاکێشیش ئەوەیە کە دەوڵەتی تورک بە ئەنقەست پرسیاری گیونەی لە ئەڵمانیا ڕاهێنانی بەکارهێنانی چەکی پێکراوە یان نا؟ لە بەرپرسانی ئەڵمانیا پرسیوە.
بەپێچەوانەی وەڵامەکەی دەوڵەتی ئەڵمانیا، عومەر گیونەی دۆسیەیەکی گەورەی لە ئەڵمانیا هەبوو. جێی گومانە کە بۆ ئەو دۆسیەیە بۆ ئەنقەرە نەخراوەتەڕوو. دوای کۆمەڵکوژییەکەی پاریس، پارتی چەپ لەبارەی گیونەی-یەوە پرۆژە پرسیارێکی پێشکەشی دەوڵەتی ئەڵمانیا کرد و حکومەتی بەرلین لە وەڵامی پرۆژە پرسیارەکەدا ڕایگەیاندبوو، لە ئۆتۆمبێلەکەی عومەر گیونەی دا چەکێکی بێ مۆڵەت دۆزراوەتەوە.
لە وەڵامەکەی حکومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا لەبارەی دۆسیە و پێشینەی عومەر گیونەی-یەوە ئەمانەش خرابوونەڕوو:
- لە 17ی تشرینی دووەمی 2005 / 26ی گەڵاڕێزان لە شارۆچکە باد تۆلز لە ویلایەتی باڤاریا، پۆلیس لە کاتی کۆنترۆڵ و پشکنینی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکاندا، دەمانچەیەک کە بە زۆری لەلایەن وەرزشکارەکانەوە بەکار دەهێنرێت دەدۆزنەوە. دواتر لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا ئەوە ئاشکرابووە، کە ئەو چەکە مۆڵەتی نییە. لەسەر گیونەی و بەهۆی 'پێشێلکردنی یاسای بەکارهێنانی چەک' سکاڵا تۆمار کرا.
- لە 4ی شوباتی 2011 / 15ی ڕێبەندان و دیسانەوە لە کۆنترۆڵ و پشکنینی هاتووچۆدا، سپرایەک کە چاو دەسوتێنێتەوە و کێرد بە عومەر گیونەی-یەوە گیراوە.
هاوڕێیەکی پێشووی عومەر گیونەی، کە پێکەوە لەو سەردەمانەدا کاریان کردووە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند هاوڕێ نزیکەکانی کەسانی نەتەوەپەرستی تورک بوون. لەگەڵ ئەواندا دەگەڕا. هەموو کات چەقۆی بچووک و گرانبەها لە جانتا و گیرفانەکانیدا بوون. سەرنجی زۆر لەسەر چەکە جۆراوجۆرەکان بوو. ڕۆژێک ئۆتۆمبێلەکەی خۆی برد بۆ دارستانێک و گوللەبارانی کرد. خۆی لەوبارەیەوە بە ئێمەی وت، دوای ئەوەی بیمە بۆی دەرکەوتووە، کە ئۆتۆمبێلەکە گوللەباران کراوە، ئامادە نەبووە تێچووی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکە بدەن.[1]
#08-01-2019#