پەڕلەمانی ئەوروپا بە تێکڕای دەنگ پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە وڵاتی ئێران، بە تایبەت لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی مانگی نۆڤمبەری 2019 سەرکۆنە کرد. ئەم بڕیارنامەیە کە بە زۆرینەی لێبڕاوانەی دەنگەکان پەسەند کرا، خوازیاری ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و ئاشکرا سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی پارێزگاکانی ئێران بووە.
پەڕلەمانی ئەوروپا لە دانیشتنی ڕۆژی پێنجشەممە ڕیکەوتی19-12-2019 بە زۆرینەی دەنگە لێبراوانەکان مەحکووم کردن و ئیدانەکردنی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە وڵاتی ئێرانیان پەسەند کرد. بڕیارنامەی پeڕلەمانی ئەوروپا بە ئاماژە بەوەی کە بابەتەکانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە وڵاتی ئێران کە لە بڕیارنامەکانی پێشوو ئاماژەی پێکراوە، هەروەها نەگۆڕ و ڕاوەستاوە. باسی چەن نموونەیەکی نوێ لە پێشێلکاری سەرتایی ترین مافەکانی مرۆڤی لەم وڵاتە کردووه. لەم بڕیارنامە نوێیەدا لەوانە باسی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم دواییانەی جەماوەری ناڕازی ئێران و بەرپەرچدانەوەی توند وتیژانەی هێزە ئەمنیەتییەکانی ئیران لە گەڵ خۆپیشاندەران کراوە. لەم بڕیارنامەدا زۆر بە ڕاشکاوانە باس لەوە کراوە کە چۆن هێزە ئەمنیەتییەکان بەرەنگاری جەماوەری کۆمەڵگای مەدەنی و خەڵکی ئاسایی بوونەتەوە و ڕاستەوخۆ و بە قەستی کوشتنیان تەقەیان لێکردوون.
پەڕلەمانی ئەوروپا لە دووتۆی بڕیارنامەکەی خویدا نووسیویەتی : بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبووردەی نێودەوڵەتی لانیکەم 304 کەس کە لە نێوانیاندا منداڵ و مێرمنداڵیش بووە کوژراون، هەژمارێکی زیاتر بە توندی بریندار کراون و هەزاران کەس لەوانە ڕۆژنامەنووسان، پارێزەرانی مافی مرۆڤ و خۆوێندکاران زانکۆکان دەسبەسەر کراون. سەرەڕای هەموو ئەوانەش دەسەڵاتدارانی بەرپرسی ڕژیمی ئێران لە ڕاگەیاندنی ئاماری فەرمیی کوژراو و بریندارەکان تا ئێستا خۆیان پاراستووە و تەنانەت تەرمی کوژراوەکانیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکردووەتەوە. لە بڕیارنامەکەی پەڕلەمانی ئەوروپا هاوکات و هەروەها ئاماژە بە پچڕانی یەک حەوتوویی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە پارێزگاکانی ئێران لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی مانگی ڕابردووی ئه و وڵاتە کراوە و باس لەوە کراوە کە دەرئەنجامی ئەم هەنگاوەی ڕژیمی ئێران پچڕانی تەواوی پێوەندییەکانی نێوان ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتی ئێران و بەرگری لە گواستنەوەی زانیارییەکان سەبارەت بە سەرکوتی خوێناوی و توند و تیژی و پێشێلکردنی مافی دەست پێڕاگەیشتن بە زانیارییەکانی بە دوای خۆیدا هێناوە.
لە درێژەی بڕیارنامەکەدا باس لە بەردەوامی سەرکوت و دەسبەسەرکرانی ڕۆژنامەنووسان، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، پارێزەران و چالاکانی بوارەکانی ئینتەرنێت و گواستنەوەی زانیارییەکان تەنیا بە هۆکاری چالاکی پیشەیی ئەوان کراوە و هەروەها ئاماژە بە دەسبەسەرکرانی ژمارەیەک لە واژووکارانی بڵاوکراوەی 77 کەسایەتیی ڕێفۆرمخواز لەوانە مۆحەممەد کیانووش ڕاد و مەهدی مەحموودیان دراوە.
پەڕلەمانی ئەوروپا لەم بڕیارنامەدا خوازیاری لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و ئاشکرا سەبارەت بە بەکارهێنانی هێزی سەرکوت و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنیەتییەکان بەره و ڕووی خەڵکی ئاسایی و سڤیلی خۆپیشاندەر ئەنجامدراوە بکرێت و بەڕیوەیەران و ئەنجامدەرانی ئه و توند و تیژیانە وڵامدەر بن و سزا بدرێن. لەم بڕیارنامەدا هەروەها داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تایبەت ئەنجۆمەنی مافی مرۆڤی ئەم ڕێکخراوە کراوە کە لە زووترین کاتدا لێکۆڵینەوەیەکی بەربڵاو بە ئامانجی ئاشکراکردنی هەموو بوارەکانی پێشێلکاری ڕاستەقینەی مافی مرۆڤ لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم دواییانەی ئێران لە ژێر چاوەدێری ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وڵاتی ئێران، سەبارەت بە ڕووداوەکانی چەن حەوتووی ڕابردووی پارێزگاکانی ئێران لەم وڵاتە ئەنجام بدرێت. هاوکات داوایان لە بەرپرسانی ڕژیمی ئێران کردووە بۆ ئەوەی زانیاری تەواو و بێ سنوور بخرێتە بەردەست ئەنجامدەرانی ئەم لێکوڵینەوانە و هاوکارییان لە گەڵ بکرێت.
بڕیارنامەی پەڕلەمانی ئەوروپا لە دوایین بەشی خۆیدا و لە کۆتاییدا ئاماژەی بە نەسرین ستوودە و جەعفەر پەناهی دوو براوەی خەڵاتی ساخارۆف لە پاڕلەمانی ئەوروپا کردووە و داوای لە بەرپرسانی ڕژیمی ئێران کردووە بە زووترین کات و بێ هیچ پیش مەرجێک نەسرین ستووده پارێزەری بەندکراو ئازاد بکرێت و هاوکات بڕیاری قەدەغەی سەفەرکردن لە سەر جەعفەر پەناهی سینماکار و فیلمسازی گەورەی ئه و وڵاتە کە لە ساڵی 2010ی زایینیەوە دیاریکراوه، هەڵبگیردرێت.[1][2]