مەزارگەی خدر زیندە یان (#خدری زیندە#) دەکەوێتە کەناری جۆگەی ترێ، کە لقێک لە ڕووباری ئەڵوەنە له شاری #خانەقین# و بەپێی پێگەی جۆگرافیی شارەکە، دەکەوێتە بەشی سەرەوەی گوندی #ئەرکەوازی# لەنێوان هەردوو گوندی بانمیل و مەلا عەزیزدا، ئەم شوێنە جگە لەوەی مەزارگەیەکە، گۆڕستانیشە و مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ دووسەد ساڵ پێش ئێستا و خەڵکی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی شار سەردانی دەکەن و سرووتی ئایینی بەجێ دێنن و خەنە لە دیوارەکانی هەڵدەسوون و مۆم دادەگیرسێنن.
مەحموود بوستانی، مێژووناس و لێکۆڵینەر، پێوەند بەم بابەتە بە (باسنیوز)ی گوت: لە هەر شوێنێک کە ئاو هەبێت، خدر زیندەش هەیە، لە ناخی مێژوودا چوار هەزار ساڵ پێش زایین، واتە شەش هەزار ساڵ پێش ئێستا، خدر زیندە دوا پادشای #سۆمەرییەکان#ی یەکەم بووە، کە بە (ئاو بر تاو تاو) ناسراوە، واتە ئەو کەسەی کە بەخێرایی بەسەر ئاوەوە دەڕوات، ناوەکەی دیکەیشی (گای دەر زیندوو) بە سۆمەرییەوە واتا پادشای جیهانی زیندوو، دواتر ناوەکەی لە (گایدەر) گۆڕدرا بۆ خدر و لە لای عەرەبدا بە (خضر) ناسراوە.”
بوستانی گوتیشی: ”لە سەردەمی سریانیدا بە (مار گردیس) ناسراوە، هەر بۆیە هەموو نەتەوەکان باوەڕیان بە خدر زیندە هەیە و لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات مەزارگەیان لە کەناری ئاودا بۆی دروست کردووە. شاری خانەقینیش لە هەبوونی ئەم مەزارگەیە بێبەش نەبووە، هەر بۆیە لە کەناری جۆگەی ترێ، کە لقێکە لە ڕووباری ئەڵوەن، خەڵکی شارەکە وەکوو وەفایەک بۆی، لە ساڵی 1820 زایینی، واتە پێش دووسەد ساڵ ئەو مەزارگەیەیان دروست کرد و دواتر خەڵک لەبەر پیرۆزیی مەزارگەکە بەلای خۆیانەوە، دەستیان کرد بە بە خاکسپاردنی مردووەکانیان لەم شوێنە و ناوی گۆڕستانەکەیشیان ناو نا گۆڕستانی خدر زیندە، ئێستایش جگە لەوەی مەزارگەیەکی ئایینییە، وەکوو ناوچەیەکی شوێنەوارییشە.
شێخ حوسێن، سەبارەت بە خدر زیندە لە ڕووی ئایینییەوە گوتی: زانایانی ئایینی لەسەر ڕیشەی خدر زیندە له چەند ڕایەک جیاوازن، یەکەم (ابن النبي آدم)، دووەم (سبط النبي هارون علیه السلام)، سێیەم (ذریة العیص بن اسحاق بن ابراهیم علیە السلام)... تاد.
هەروەها زانایانی ئایینی لە ناوەکەیشی جیاوازن، وەک (الخضرون)، (عامر)، (تالیا بن مالک بن عامر بن ارفخشد بن سام بن نوح علیه السلام)، (المعمر بن مالک بن عبدالله بن نصر بن الازد).
له (صحيح السنّة النبوية) ئاماژە بەهۆی ناونانی بە (خضر) دراوه، کە لەسەر زەویی وشک و سپی بەبێ سەوزایی دانیشتووە و زەوییەکە پڕ بووە لە سەوزایی، کە ئەمەش نیشانەیە بۆ خێر و بەرەکەت. لەسەر ئەمەش پێغەمبەرمان محەمەد (سڵاوی خوای لێ بێت) فەرمووی: إنَّما سُمِّيَ الخضِرَ لأنَّهُ جلست علی فروةٍ بيضاءَ فاهتزَّت تحتَهُ خَضراءَ، هەروەها بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر پێگەی خدر زیندە، کە ئایا خدر زینده پێغەمبەرە یان (العبد الصالح)، دەتوانرێت ژیانی خدر زیندە بخوێنرێتەوە لە ڕێگەی کتێب و سایتەکان وتار و لێکۆڵێنەوەکان.“
هەروەها دایکی عەباس، زێوانی مەزارگەی خدر زیندە، دەڵێت: لە ساڵی 2015دا دوای مردنی هاوسەرەکەم، من و کوڕەکانم لێرەدا دەست بە ئیش بووین و پێشتر لە ئێمە سەرجەم کەسانی خێزانمان لە ساڵە جیاوازەکاندا خزمەتی ئەم مەزارگەیەیانە کردووە، منیش بە ئەرکی سەر شانم دەزانم تا ئەو ڕۆژەی لەم دنیایە بم دەست لە خزمەتکرن هەڵنەگرم، هەر بۆیە من هەموو ڕۆژێک لەدوای نیوەڕۆ دێم بۆ ئێرە و مەزارگەکە خاوێن دەکەمەوە و بێدەنگیی ئەم شوێنە بە دەنگی قورئانی پیرۆز پڕ دەکەمەوە، ئێرە وردە وردە ئامادە دەکەم بۆ ئەو خەڵکانەی کە سەردانی دەکەن، هەرچەندە ئەم مەزارگەیە پێشتر لە (قوڕ) دروست کرابوو، بەڵام دواتر خەڵکی شارەکە مەزارگەکەیان نۆژەن کردەوە و ژوورەکانیان گەورە کرد، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک سەردانی ئێرە دەکات، جگە لە ڕۆژە سەرەکییەکان، کە پێنجشەممە و هەینیین، هەموو ڕۆژەکانی هەفتە خەڵکی شارەکە و دەوروبەری، تەنانەت خەڵکی شارەکانی دیکەش بە ڕێژەیەکی زۆر سەردانی ئێرە دەکەن بۆ زیارەتکردنی ئەم مەزارگەیە و سەردانی گۆڕی مردووەکانیان، تەنانەت بۆ بەڕێوەبردنی مەراسیمی چلە و ساڵی مردووەکانیان، یان هەر مەراسیمێکی دیکەی ئایینیی لێرە بەڕێوە دەبەن، بەتایبەت ئەو کەسانەی لە شوێنی دوورەوە دێن.
باوکی حوسێن، زیارەتکارێکی مەزارگەکەیە و گوتی: من هەموو کۆتایی هەفتەکان سەردانی ئێرە دەکەم و نزا و دوعای بەخێر بۆ خۆم و خێزانەکەم دەکەم، دواتریش دەچمە سەر گۆڕی ئازیزانم، لەوەتەی لەبیرم دێت ئەم دابەمان بۆ ماوەتەوە، کاتێک کە منداڵ بووین دایک و باوکمان ئێمەیان دەهێنا بۆ ئێرە، تەنانەت لە ڕۆژانی جەژن ئێرە و مەزارگەی بابا مەحموود کە دەکەوێتە نێوان ڕێگەی خانەقین- کەلار، خەڵک لە بەیانییەوە خواردنی جەژنیان ئامادە دەکرد و ڕوویان لەم دوو مەزارگە پیرۆزە دەکرد، ئێمەش زۆربەی جەژنان لەگەڵ خزمەکانمان لەم شوێنە پیرۆزە ڕێوڕەسمی جەژنمان بەڕێ دەکرد، هەرچەندە ئێستا خەڵک بۆ خوانی جەژن کەمتر ڕوو لێرە دەکەن، بەڵام سەردانەکان بۆ ئێرە لە هەموو ڕۆژەکانی هەفتە زۆرە.
دایکی عەلی، سەبارەت بە بەردەوامیی سەردانیکردنی بۆ ئێرە گوتی: ماوەی 18 ساڵ دەبێت بە بەردەوام هەموو ڕۆژانی پێنجشەممە سەردانی مەزارگەی خدر زیندە دەکەم، لە ڕێگەکەم دا فاتیحایەک بۆ مردووەکانم دەخوێنم، ئەوکات دێمە نێو مەزارگەکە نوێژ دەکەم و قورئان دەخوێنم، دەتوانم بڵێم ئێرە شوێنی ئارامبوونەوەی زۆربەی دڵانە، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە تازە ئازیزێکیان لەدەست داوە، یان ئەو دایکانەی بەهۆی کۆچی دوایی منداڵەکانیان یان ئازیزێکانیان جەرگیان سووتاوە و دێنە ئێرە دەست بە گریان دەکەن، بەڵام زۆری پێ ناچێت کە ئارام دەبنەوە.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]