ناونیشانی بابەت: تەکیە و خانەقای نەقشبەندی لە خەلانەوە بۆ شاری هەولێر
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
$مشتێک لە خەرمان و ژیاننامەی شێخ عەبدوڵڵا شێخ عەلائەدین نەقشبەندی، کە زیاتر لە سەدەیەکە تەکیە و خانەقایان لە خزمەت مورید و دەروێش و خەڵک دان.$
شێخ عەبدوڵڵا شێخ عەلائەدین جەلالەدین شێخ کەمالەدین حسێنی نەقشبەندی، لە ساڵی 1931 لە گوندی خەلان لە دەڤەری باڵەکایەتی لە دایک بووە، بە (شێخی زینوێ و خەلان) ناسراوە، لە ساداتی حسێنییە. شێخ عەبدوڵڵا لە تەمەنی منداڵیی تەواوی زانستە شەرعییەکانی لەسەر دەستی حەزرەتی شێخی باوکی و ماموستایانی ئایینی ئەوکات لە مزگەوت و حوجرەی خانەقای خەلان خوێندووە، شارەزایی تەواوی پەیداکردووە لەسەر ئەدبیات و زمانی فارسی و عەرەبی، هەر لە ڕێی باوکییەوە فێری پەروەردەی ڕوحی دەکرێت.لە ساڵی 1956 وتاربێژی مزگەوتی خەلان بووە، وەک ئیمام و خەتیب لە چەندین شوێنی تری ئێراق و ئێران وتاری بۆ سۆفی و موریدان داوە، لەوانە مزگەوتی خەلان و مزگەوتەکانی هەولێر و بەغدا و چەندین شوێنێکی تری ناوچەکانی هەرێمی #کوردستان#، لە وڵاتی ئێرانیش لە مزگەوتی گەسگەسک و چەند شوێن و مزگەوتی دیکەی ئەو وڵاتە.
دوای نەخۆشکەوتنی شێخ عەلائەدینی باوکی، بە ئامادەبوونی مامۆستایانی ئایینی و موریدان، لەلایەن باوکییەوە وەک جێنشین ڕادەسپێردرێت و (عەبا) ی شێخایەتی بەبەردا کراوە.
دوای وەفاتی حەزرەتی شێخ عەلائەدین، شێخ عەبدوڵڵا بەهۆی ئاڵۆزیی ڕەوشی سیاسی دەڤەرکە و بەردەوام تۆپبارانکردنی گوندی خەلان و ڕووخان و تێکدانی مزگەوت و خانەقای خەلان، بە ناچاری تەکیە و خانەقا دەگوازێتەوە بۆ شاری هەولێر.
شێخ عەبدوڵڵا لە ماوەی ژیان و تەمەنیدا زۆر خزمەتی خەڵکی کردووە بە تایبەتی خەڵکی هەژار و بێ دەرەتان، هەمیشە کەسێکی هەژاردۆست بووە، هەرکاتێک کەسێک پێویستی بە هەر یارمەتییەک بوایە ئەوا جەنابی شێخ بەبێ درێغیکردن و بە هەموو تواناییەوە خزمەتی پێشکەش کردووە، وەک چۆن باب و باپیرانی هەمیشە پێشەنگ بوونە لە خزمەتکردنی کۆمەڵگە، ئەوهاش شوێنکەوتووانیان ڕاهێناوە.
شێخ عەبدوڵڵای نەقشبەندی، دوای خزمەتێکی زۆر بە ئایین و کۆمەڵگە و مورید و دەروێشانی لە 16-10-2015 کۆچی دوایی کرد، بەڵام تەکیە و خانەقایان لە شاری هەولێر هەر بە کراوەیی ماونەتەوە. کوڕەکانی شێخ عەبدوڵڵا کەسایەتی دیارن لە ناو خەڵکدا و لە خزمەتکردن لەسەر ڕێچکەی باب و باپیرانیان بەردەوامن، هەروەها تەکیەی شێخ سەید عەبدولسەلام شێخ عەبدوڵڵا نەقشبەندی لە زیکر و تەهلیلە و میواندۆستی بەردەوامە و درێژەپێدەری ئەو ڕێبازەن.
هەروەک شاعیری سەرەتاکانی سەدەی ڕابوردوو (ئەمین شنۆیی) لە خۆشەویستی شێخ عەلائەدین و تەکیەی خەلان، لە شیعرێکیدا بەم شێوە وەسفیان دەکات:
ئەوە مانگی ڕەجەب بوو ﮪاتمە خاکی خەلان
بۆ زیارەت موڕشیدی خۆم شێخ عەلائەدین عەیان
خانەقا و تەکیەم کە دیتن نایەتە وەسف و بەیان
ڕۆژ و شەو وەقت و سەعات پڕبوون بەدائیم مێهمان
سەیید و مەلا و سۆفی دەستە دەستە هەر زمان
دائیمە مەشغوڵی زیکر و خەتم و تەسبیح و سەلات
مەوعیزی شەرعی و فکر و ڕابیتە و نەفی و سبات
یا ئیلاﮪی تۆ بە حەققی زاتی فەخری کائینات
هەرچی مەحسووبن لە دنیا و لە عوقبادەی نەجات
دایما پابەند و عالی بکەی ئەو خانەدان[1]