ناونیشانی بابەت: لە سۆران کار بۆ کردنەوەی مۆزەخانەیەک دەکرێت
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران دەڵێت: دەستمان کردووە بە نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی بەشێکی بینای حامیەی ڕواندز، بۆ مەبەستی ئیدارەی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری سۆران و درووستکردنی مۆزەخانەیەک لە هەمان شوێندا.
عەبدلوەهاب سولەیمان، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند، لەبەردەوامیی هەوڵەکانمان دا بۆ درووستکردن و تەرخانکردنی شوێنێکی تایبەت بە مۆزەخانەی شوێنەواری لە ئیدارەی سۆران، بە هاوکاریی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەستمان کردووە بە نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی بەشێکی بینای حامیەی ڕواندز، بۆ مەبەستی ئیدارەی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری سۆران و درووستکردنی مۆزەخانەیەک لە هەمان شوێندا، کە ئێستا کارەکانی چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوە لە شوێنەکە بەڕێوە دەچن.
گوتیشی: ”بۆ هەمان مەبەست، لە ماوەی ڕابردوودا شاندی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر، سەردانی سەرۆکایەتیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی کرد و گفتوگۆ لەبارەی نۆژەنکردنەوە و پێویستبوونی مۆزەخانەیەکەی شوێنەواری و کەلەپووری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرا، دواتر کۆبوونەوەیەک لەگەڵ فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سۆراندا کرا، سەبارەت بە چۆنییەتیی بەڕێوەبردنی کارەکانمان.
بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری #سۆران#، ئاماژەی بەوەش دا، لە قۆناغی یەکەم، لەلایەن ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 66 ملیۆن دینار تەرخان کرابوو بۆ نۆژەنکردنەوەی بیناکە، کەچی ئەگەر شوێنەکی گونجاو بۆ مۆزەخانەکە تەرخان بکەین، پێویستیمان بە گوژمەی زیاترە، بۆیە لەگەڵ ئیدارەی سۆران لە گفتوگۆداین، بۆ ئەوەی پارەی زیاتر تەرخان بکرێت و قۆناغ بە قۆناغ پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت.
#عەبدلوەهاب سولەیمان#، ئاشکراشی دەکات، لە ئەنجامی کاری کنە و پشکنینی پێنج تیمی شوێنەواریی بیانی، بە هەماهەنگیی تیمەکانمان، لە ساڵی 2013 تا ئێستا بە سەدان پارچە شوێنەوار لە سنووری ئیدارەی سۆران دۆزراونەتەوە و لە کۆگایەکی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان پارێزراون، بۆیە ئەگەر شوێنێکی گونجاو بۆ مۆزەخانە و بەڕێوەبەرایەتیمان بنیات بنێن، دەتوانین ئەو پارچە شوێنەوارانە بگوازینەوە بۆ مۆزەخانەکە، بە هەمان شێوە بۆ ئەوانەی لەمەودواش دەدۆزرێنەوە.
بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، ئەوەش دەخاتە ڕوو، هەوڵەکانمان بەردەوام دەبن، هەروەک پڕۆژەکە کاری تێدا بەردەوامە، بۆ ئەوەی بتوانین لەداهاتوودا مۆزەخانەکە درووست بکەین و پارێزگاریی لە شوێنەوار و کەلەپووری سنوورەکەمان بکەین.[1]