نەریت و کولتور بەرامبەر ئاڵنگارییەکانی سەردەمی نوێ خۆڕاگری دەکەن.
#09-06-2023#
لە سەردەمی تەکنەلۆژیا و تەکنیکدا رەنگە زۆر کەس پێیانوابێت ڕۆڵ و کاریگەری بەرهەمە کولتوری و نەریتییە هەزاران ساڵەکان کە هێمای کوردبوون و نەتەوەیی بوون بەرگەیان نەگرتووە و لەناوچوون و چیتر سەرنجی کەس راناکێشن. بەڵام کاتێک مرۆڤ سەردانی بازاڕی سلێمانی دەکات دەبینێت هێشتاش ئەو کولتور و نەریتە کوردییە بەرامبەر ئاڵنگاریە سەردەمی تەکنەلۆژیا خۆڕاگری دەکات.
شوان مەحمود کە خەڵکی سلێمانیە لە ساڵی 2011ەوە دەستی بە کۆکردنەوە و ئامادەکردنی بەرهەمی کولتوری و هونەری کوردی و هەروەها وڵاتانی دیکە کردووە کە سەرنجی مرۆڤ بۆ لای خۆیان رادەکێشن.
$دوکانەکە وەک مۆزەخانەیە$
کاتێک بە شەقامی مەولەویدا دەڕۆیشم دوکانێک کەوتە بەرچاوم. لەبەردەم دوکانەکەیدا ئەو جانتایانەی بە نەخشی جیاجیا و بە بەن و بە دەست درووستکرابوون سەرنجی راکێشام. لەناو دوکانەکەش چەندین جۆرە گۆزە، جانتا، خەنجەر، چەقۆ، تەسبیح و جۆرە بڕنەوێک کە 11 تیری بەریتانی و زۆر بەرهەمی کولتوری کوردی و هەروەها وڵاتانی دیکە هەڵواسرابوون.
$بەردی وزە و بەرەکەت و چاوەزار$
لەناو دوکانەکەدا یەک لەو بەرهەمانەی زۆر سەرنجی راکێشام بەردی رەنگاو رەنگ و جیاجیابوون. کاتێک لە شوان مەحمود-ی دوکاندارم پرسی ئەو بەردانە چین، وتی، ئەمانە بەردی کانزایین. پێشتریش لە ناو کورددا ئەو بڕوایە هەبووە کە بەرد وزەی خراپ لادەبات و وزەی باش دەبەخشێت. هەروەها بەردی چاوەزار و وزەدەریش هەبوون. ئەو بەردانەم لە چین، تایلاند، مسر، وڵاتانی عەرەبی هێناوە، هەروەها هەندێک شاری ئەمریکاش لەو بڕوایەدان ئەو بەردانە وزەی ئەرێنی دەبەخشن و لەماڵەکانیاندا دایاندەنێن.
ئەوەشی خستەڕوو کە نزیکەی 50 جۆر بەرد لەناو دوکانەکەیدا هەیە و گەنجان زۆرترین کڕیاری ئەو بەردانەن.
کاتێک کەوتینە گفتوگۆ لەگەڵ شوان مەحموددا پرسیم کەی دەستت بەم کارە کردوە، چی پاڵنەرت بوو، ئەویش وتی: لەڕاستیدا خەونی لەمێژینەم بوو. پێشتر دوکانی پەڕاوگەم هەبوو. دواتر من وردە وردە ئەو بەرهەمانەم کۆکردەوە و ئەم دوکانەم دانا. بۆ هێنانی بەرهەم جیاجیا بەرەو چین و زۆر وڵاتی دیکە گەشتم کرد و ئێستا ئەوانەم لەم دوکانەدا داناوە.
ئەو دوکاندارە ئەوەشی خستەڕوو کە خۆیان بەو بەردانە چەند جۆرێک تەسبیح و بازنە درووستدەکەن.
ئەوشی خستەڕوو، بەهۆی قەیرانی ئابووریەوە گەنجان ناتوانن زۆر لە بەردانە بکرن، زۆر کەسیش دێن و ئەو بەرهەمانە بەمەبەستی خۆڕازاندنەوە و هەروەها رازاندنەوەی ماڵەکانیان دەکرن.
$پڕە لە بەرهەمی رەسەن و مێژوویی$
هەروەها لە دوکانەکەدا دوو جۆر بڕنەو هەبوو و مێژوویی بوون، جیالەوە خەنجەریش هەبوون. لەوبارەوە شوان مەحمود وتی: کە ئەو بڕنەوانە بە 11 تیری بەریتانی ناسراون و وتی: ئەو بڕنەوانە لە شۆڕشی کوردی و بەتایبەتی لەلایەن پێشمەرگەکان بەکارهێنراون. ئەم جۆرە خەنجەرانەش کە دەیانبینی رەسەن و مێژوویین و تەمەنیان دەگاتە 90 ساڵ و جۆری عەرەبیش هەیە. هەندێکیشیان لە باکور و رۆژهەڵاتەوە هێنراون.
$تەسبیحی بەردی جیاجیا$
لە دوکانەکەدا موروو و بازن و چەندین جۆر تەسبیح رەنگاو رەنگیش هەڵواسراوە. خاوەن دوکانەکە باسی لەوە کرد 20بۆ 25 جۆر تەسبیحی بەردیان هەیە.
نەریت و کولتور بەرامبەر بە ئاڵنگارییەکانی سەردەمی نوێ خۆڕاگری دەکەن
کاتێک مرۆڤ لەم دوکانە بچوکە دەڕوانێت، دەبینێت کە نەریت و کولتوری کۆمەڵگاکان تا چ رادەیەک بەرمبەر ئاڵنگارییەکانی سەردەمی تەکنەلۆژیا خۆڕاگری دەکەن. سەرباری هەموو شتێکیش کڕیاری خۆیان هەیە و سەرنجی کۆمەڵگا بۆلای خۆین رادەکێشن و دەیانکەنە بەشێک لە ژیانی خۆیان.
تەکنەلۆژیا چەندەس بەرەوپێشچووبێت ناتوانێت مرۆڤەکان لە کولتور و نەریتی خۆیان داببڕێت. ئەمەش وادەکات ئەو کولتور و نەریتە بەرامبەر سەردەمەکە بەرگە بگرێت و خۆی بپارێزێت.[1]