کەجەکە: تاوانبارانی کۆمەڵکووژی دۆڵی زیلان لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت
#12-07-2023#
هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، قوربانیانی کۆمەڵکوژی دۆڵی زیلان بە ڕێزەوە بە بیر دێنێتەوە و ڕایگەیاند: بە دڵنیاییەوە لێپێچینەوە لەگەڵ هێزە کۆمەڵکوژکاران و هاوکارانیان دەکرێتەوە و ژیانی دیموکراتیک و ئازاد بوونیاد دەنرێت.
لە ڕاگەیەنراوێکدا هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بڵاویکردەوە، دەوڵەتی تورکی کۆلۆنیالیست لە ساڵی 1930دا کۆمەڵکوژی گەورەی ئەنجامداوە کە وەک کۆمەڵکوژی دۆڵی زیلان دەناسرێت و لە تەواوی هەرێمی سەرحەددا بڵاوببووەوە، لە جوڵە کۆمەڵکوژیەدا کە بە شێوەی زنجیرە کۆمەڵکوژی ئەنجامدران، بە دەیان هەزار کورد کوژران.
وتیشی: لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیەکەدا ئەو کەسانەی لە کۆمەڵکوژیەکەدا ژیانیان لەدەستدا و لە کەسایەتی ئەوانیشدا شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسی بە ڕێز و پێزانینەوە بە بیردەهێنینەوە، لە بەردەم یادی ئەواندا بە ڕێزەوە بەژنی خۆمان دادەنەوێنین، ئەو بەڵێنەی بە شەهیدانمان داوە سەرلەنوێ بە بیری دەهێنینەوە.
$راگەیەنراوەکەی کەجەکە بەم جۆرە بەردەوامە:$
“کۆمەڵکوژی دۆڵی زیلان ئازارێکی گەورە و بەسوێی خستەناو دڵی گەلی کوردەوە. سوپای دەوڵەت کە بۆ کۆمەڵکوژی ئەرکدارکرابوو هەڵیانکوتایە سەر هەزاران گوند و گەلیان کۆمەڵکوژ کرد. ژمارەی ڕاستەقینەی ئەو مرۆڤانەی کوژران تا ئێستا بە درووستی نازانرێت، بەڵام سوپای دەستی بەسەر هەر ناوچەیەکدا گرت کۆمەڵکوژی تێدا ئەنجامدا. دەوترێت تەنیا لە دۆڵی زیلان دەیان هەزار کەس کۆمەڵکوژ کران. دەزگاکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی قڕکەر بۆخۆیان بڵاویان کردەوە کە دۆڵی زیلان پڕ بووە لە تەرم. ئەو وتەیە دەریدەخات کە کۆمەڵکوژیەکە چەندە گەورە بووە. گەلی کوردستان ئەو کۆمەڵکوژیە قوورس و پڕلە ئازارەی هەرگیز لەبیر نەکرد و بەردەوام یادیدەکاتەوە.
کۆمەڵکوژی دۆڵی زیلان وەک کۆمەڵکوژی دێرسیم کاراکتەر و کەسایەتی پاکتاوکەر و دوژمنی کوردانی دەوڵەتی تورکی بە ڕوونی نیشاندا. لە هەڵوێست و قسەکانی کاربەدەستانی دەوڵەت کە لە کاتی کۆمەڵکوژیەکاندا کردوویانە تێدەگەین کە لە پشت ئەو کۆمەڵکوژیانەوە چ مێشکێک بوونی هەیە. مێشکێک کە دەوڵەتی دامەزراند و بەڕێوەی برا، بۆ ئەوەی دەوڵەت و کۆمەڵگەیەکی یەک ڕەنگ بوونیاد بنێت دەستی بە کۆمەڵکوژی کرد. خۆی لە خۆیدا ئەو هێزەی دەوڵەتی بەڕێوەبرد، ڕایگەیاند کە جگە لە تورکبوون کەس نابێت هیج داواکاری و مافێکی هەبێت و ئەوەشی داوایان بکات بەزیندوویی نامێنێتەوە. کۆمەڵکوژی دۆڵی زیلانیش بەو ئامانجە ئەنجامدرا و وەک کۆمەڵکوژیەکانی دیکە بۆ لەناوبردنی ڕاستی کورد و کوردستان ئەنجامدران. لەبەر ئەوەی کوردەکان قەبوڵیان نەکرد کە دەست لە وڵات، زمان، کولتور، ناسنامە و کۆمەڵگەی خۆیان هەڵبگرن، بە کوورتی دەستیان لە کوردبوونی خۆیان هەڵنەگرت، کۆمەڵکوژ کران.
ئەو مێشکە کە پشت بە لەناوبردنی کوردایەتی دەبەستێت، ئەمڕۆش نەگۆڕدراوە و لەلایەن دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپەوە بەردەوامە. وەک لە مێژوودا ئێستاش داوا لە گەلی کورد دەکرێت کە دەستبەرداری ڕاستی بن، لە دژی ئەو کوردانەی ئەوە قەبوڵ ناکەن، خاوەنداری لە هەبوون، ئیرادە و ئازادی خۆیان دەکەن، سیاسەتی کۆمەڵکوژی بەڕێوەدەبرێت.هێرشەکانی فاشیزمی ئاکەپە مەهەپە و سیاسەتەکەی بۆ شەڕ هەر بەو ئامانجەیە. گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ، ئاڕاستەکردن و ناردنی داعش بۆ سەر گەلی کورد، ئەو کۆمەڵکوژیانە لەسەر دەستی داعش ئەنجامدران، کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی ئێزدیمان، هێرش و داگیرکاری بۆ سەر ڕۆژاوا، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دژی گەریلا، هێرش بۆ سەر پەنابەرانی سیاسی لە کەمپی مەخمور، گرتن و ئۆپراسیۆنی سیاسی لە دژی سیاسەتی دیموکراتیک لە باکووری کوردستان و تورکیا، گوشار و هێرشکاری فاشیستی لەسەر گەل، شەڕی تایبەت و هێرش و تیرۆر کە لە هەموو شوێنێک ئەنجام دەدرێن، بەرەنجامی ئەو سیاسەتانەن. بێگومان سەرکێشی دەوڵەتی تورکی پاکتاوکەری کۆلۆنیالیستە کە هەموو ئەمانە دەکات، دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپەیە. بە دڵنیاییەوە وەک لە مێژوودا ئەنجامدراوە، ئەمڕۆش کۆمەڵکوژی پاکتاوکردنی کوردان بە پشتبەستن بە خائینان کە ناپاکی لە ناسنامە، ڕاستی و گەلی کورد کردووە، بەردەوامە. ئەوانەی لە ناو ئاکەپەدان، لەگەڵیدا لەدانووستاندان و پشتیووانیان لێدەکەن، لەگەڵ خائینەکانی مێژوو لە یەک پێڕ و لە یەک قوماشن. گەلی کوردی وڵاتپاڕێز ئەو هێزە خائینانە باش دەناسێت کە ئەو هێزانە تواندنەوەی کولتوری، قڕکردنیان قەبوڵ کردووە، دەستیان لە ناسنامە و ڕاستی خۆیان دەرداوە و خزمەت بە کۆمەڵکوژی کوردان دەکەن. وەک ئەوەی لە مێژووشدا بینراوە، ئەو کەسانەی کە بۆ بەرژەوەندی ماددی خۆیان و لەپێناو دەوڵەمەندیدا دەچنە پاڵ دەسەڵات و دەوڵەتەوە لەبەر چاوی گەلی کورد بە خۆفرۆش و خائین دەبینرێن. بێگومان گەلی کوردستان وەک پێشتر ئەمڕۆش گوڕ بە تێکۆشانی خۆی دەدات، یەکێتی خۆی بەهێز دەکات و لێپرسینەوەی پێویست لەگەڵ خائینان دەکات.
دەبێت مرۆڤ هەموو کۆمەڵکوژییەکان و بەتایبەتی کۆمەڵکوژی دۆڵی زیلان ڕاوەستەی لەسەر بکات، ئەو مێژووە پڕ لە کۆمەڵکوژییە بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە کۆتایی پێبێنێت و ڕووناکی بکاتەوە. نەتەنیا کورد، بەڵکوو ڕۆشنبیرانی تورکیش دەبێت لەپێناو ئاشکراکردنی دوژمنایەتی دەوڵەت بەرانبەر بە کورد و کەسایەتی قڕکەری ئەو دەوڵەتە هەوڵ بدەن. ئەگەر لە تورکیا خەڵک ڕووبەڕووی ڕاستی کورد نەبنەوە، ئەگەر ئەوان بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە نەبنەوە و خاوەندرای لە تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد نەکەن، هیچ پێشکەوتنێک ڕوونادات. گۆڕانکاری لە تورکیا، دیموکراتیزەکردنی تورکیا، شەفافبوونی بە هەڵوێستێکی دژ بە نادادپەروەری، دژ بە جینۆساید و کۆمەڵکوژی دەکرێت. پێویستە هەڵوێستێکی لەو شێوەیە لە تورکیا پەرەی پێبدرێت و بە شێوەیەکی بەهێزیش پاڵپشتی لەو ڕۆشنبیرانەی تورک کە پەرەیان بەم هەڵوێستە دا، بکرێت. لە تورکیا پێویستی بوون بە ڕۆشنبیر، پێشکەوتنخواز، سۆسیالیست، دیموکرات، بە ئەخلاق بوون و بە ویژدان بوون بە دڵنیاییەوە بە بینینی ئەو ڕاستییە و خاوەندرایکردن لێی دەستەبەر دەبێت.
جارێکی دیکە بەڕێزەوە ئەو کەسانەی لە کۆمەڵکوژی دۆڵی زیلان گیانیان لەدەستدا یادیان دەکەینەوە. تاوانباران و هاوکارەکانیان لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و ژیانی ئازاد و دیموکراتیک پێکدیت. ئەمە بنەما و ئامانجی سەرهەڵدانی مێژوویی بزووتنەکەمانە. لەسەر ئەو بنەمایەش، دەبێت سەرەتا خەڵکی وڵاتپارێزی کوردستان و دواتر سەرجەم دۆستان و هێزە دیموکراسییەکان، لە دژی هێرشەکانی گۆشەگیری و کۆمەڵکوژکردن کە ئەمڕۆ لەلایەن دەسەڵاتی ئاکەپە- مەهەپەی فاشیست بە سیاسەت و ئەقڵیەتێکی قڕکەر بەڕێوەدەبردرێت، بەهێزتر تێبکۆشن.[1]