قەڵای زێوێ یەکێکە لە قەڵا مێژووییەکانی #کوردستان#، کە لەسەر گردێکی بەرز درووستکراوە و دەکەوێتە گوندی (زێوێ) لەنزیک شاری #سەقز# لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەم قەڵا مێژووییە نزیکەی 700 ساڵ پێش زایین، واتا لە سەردەمی دەسەڵاتداریی میدییەکان و ماناییەکان بنیات نراوە. #قەڵای زێوێ# بێجگە لەلایەنی مێژوویی، لە ڕووی ئەندازیاریی بیناسازی و هەروەها لە ڕووی هونەرییەوە گرنگیی تایبەتیی هەیە، بەتایبەت دوای دۆزینەوەی کۆمەڵێک کەلوپەلی درووستکراو لە زێڕ، کە نەخشی زۆر تایبەت و سەرنجڕاکێشیان لەسەرە.
ئەم قەڵا مەزنە، لە چەندین بەشی جیاوازی وەک تەلار، مەتبەخ، کۆگای دانەوێڵە و خواردن، هۆڵ، حەوشە و ژووری فراوان پێکهاتووە، بەڵام بەهۆی هەڵکەوتەی جۆگرافیای ئەم قەڵایە، کە شوێنێکی سەخت و دژوارە، گەیشتین پێی کارێکی ئاسان نییە.
$چیرۆکی دۆزینەوەی زێوێ$
لە ساڵی 1952، بەﮪۆی باران و بەفرێکی زۆر، کە بووە ﮪۆی دەرکەوتنی لەناکاوی هەندێک پارچەی شوێنەواری و بینینیان لەلایەن شوانێکی مێرمنداڵ لەو شوێنە، دەست کرا بە کاری هەڵکۆڵین لەسەر ئەم قەڵایە.
یەکەم کاری هەڵکۆڵین لەسەر ئەم قەڵایە لەلایەن (ڕۆبەرت ڕایسوون) ی ئەمەریکی کرا، دواتر لەلایەن کابرایەکی جوو بە ناوی (ئەیووب ڕەب نو) بەردەوامیی بە هەڵکۆڵینەکە درا. بەپێی ئەو مۆڵەتەی بۆ کارکردن لەسەر ئەم قەڵایە دراوه، بۆ ماوەی هەشت ساڵ دەست کرا بە کنە و پشکنین و توانراوە لە سەدا هەشتای شوێنەوارەکان بدۆزرێنەوە و گواستراونەتەوە دەرەوەی ئێران.
ئەم ڕووداوە، کە لە ساڵەکانی دوای دووەم جەنگی جیهانییەوە بووە، بە یەکێک لەو سیاسەت و کارانەی محەمەد ڕەزا شای ئەوکاتی ئێران دادەنرێ لە دژی مێژووی نەتەوەی کورد، کە کاری دەرهێنان و تاڵانکردنی ئەم قەڵایە بەپێی ڕێککەوتنێک به و لێکۆڵەرە جووه درا، ئێستا زۆربەی شوێنەوارەکان لە مۆزەخانەکانی لۆڤەر و بەریتانیا و ڕمیتاژن.
لە شوێنەوارە دۆزراوەکانی قەڵای زێوێ، دەتوانین ئاماژە بە دۆزینەوەی گەنجینەیەکی ئێجگار گرانبەها بکەین، کە لە پێکهاتبوو کۆمەڵێک ملوانکەی درووستکراو لە زێڕ و قاپوقاچاخی زێڕین و زیو و مس و کۆمەڵێک بابەتی جوانکاریی ژنان و ناوماڵ، وەک نەخش لەسەر زێڕ و عاجی فیل.
ناوی زێوێ، یەکەمجار لە ساڵنامەکانی ئاشووریدا هاتووە، کە باس لە قەڵای زێوێ دەکات لە کاتی شۆڕش و شەڕەکاندا.[1]