ناونیشانی بابەت: فەلسەفەی هەڵپەڕکێ و گۆڤەندی کوردی؛ بەشی 01
نووسەر: کەیهان محەمەدی نەژاد
هەڵپەڕکێ کوردییەکانیش بەشێکن لە فۆلکلۆری کوردی؛ مرۆڤ دەتوانێت بڵێت هەموو ئەو شتە کۆنانەی کە کۆمەڵگەیەکی چەند ملیۆن کەسی دەتوانێت وەک نەتەوەیەک بناسێنێت، بە فۆلکلۆر دادەنرێت. زۆرێک لە توێژەرانی کورد پێیان وایە هەموو ئەو شتە کۆنانەی کە فەلسەفەیەکی تایبەتیان لە پشتەوەیە و شوناسی کۆمەڵگەن، وەک فۆلکلۆر دێنە ئەژمار.
لە ڕاستیدا هەڵپەڕکێی کوردی بە سادەیی و بێ مانایی ناناسێنرێت، ڕەنگە هەموو هەڵپەڕکێیەکی کوردی فەلسەفەیەکی لە پشتەوە بێت؛ هەوڵم داوە فەلسەفەی هەندێک هەڵپەڕکێی کوردیتان بۆ ڕوون بکەمەوە و هەروەها فەلسەفەی سەرچۆپی، بن چۆپی و هاوارکردن لە هەڵپەڕکێی کوردی و فەلسەفەی دەستگرتنی کچان و کوڕان لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوون بکەمەوە.
هەڵپەڕکێی کوردی یەکێکە لە جوانترین سەماکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە چەند دیلانێک پێک هاتووە. هەڵپەڕکێی کوردی پڕە لە مانا و بەسەر چەند لقێکدا دابەش دەبێت کە هەر لقێک فەلسەفەی تایبەتیی خۆی هەیە. فەلسەفەی هەڵپەڕکێ ڕەنگدانەوەی ڕووداو و ئەزموونەکانی گەلی کوردە. یەکێک لە هێما و نیشانەکانی بوونی گەلی کورد، هەڵپەڕکێی کوردییە. هەڵپەڕکێ و شایی کوردی پڕن لە مێژوویەکی کۆن و لە ڕاستیدا ئەم هەڵپەڕکێ گەلە لە سەمای سادە و بێ ڕەنگ درووست نەبوونە و پڕن لە مێژوو.
ھەندێک هەڵپەڕکێی کوردی مێژوویەکی زۆر کۆنیان ھەیە، ھەندێکیان بۆ 2 ھەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێنەوە و بەشێکی زۆریشیان مێژوویەکی دوورودرێژیان ھەیە و زۆرێک لە مێژوونووسان دەڵێن مێژووی ھەندێک هەڵپەڕکێی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی کورد لە #زاگرۆس# نیشتەجێ بووە. نموونەی ئەو بەڵگەنامەیە زۆرن، بۆ نموونە لە ناوچەکانی #کرماشان# و #ئیلام# لە ڕۆژهەڵات و #ئامەد# لە باکووری کوردستان، چەند بەردێک هەن کە نەخشیان لەسەر نەخشێنراوە؛ لە ئیلام بەردێکی قەڵای عەلی کەش هەیە کە مێزی بووکێنیی لەسەر هەڵکەنراوە، کە دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتی کوردیی مادەکان.
چەند ناوێکی تایبەت بۆ هەڵپەڕکێی کوردی هەیە، وەک (دیلان، شایی، گۆڤەند و داوەت) و هەندێک ناوی تر، هەر ناوچەیەکی کوردستانیش ناوی تایبەتیی خۆی هەیە.
من دیدارێکم لەگەڵ شەهرام حەمید زادە، یەکێک لە شارەزایانی هەڵپەڕکێی کوردی هەبوو، لەبارەی ناوی هەڵپەڕکێی کوردی پرسیارێکم لێ کرد و ئەویش وتی: ناوێکی زۆر بۆ ئەو هونەرە کوردییە دانراوە؛ لەو ناوچانەی کە زاراوەیان کرمانجییە، پێی دەوترێت داوەت، دیلان، گۆڤەند و شاهی. لەو ناوچەیەی کە زاراوەیان سۆرانییە، پێی دەڵێن هەڵپەڕکێ، زەماوەند، بەزم و چەندین ناوی تر. بەڵام بەڕای من و بەپێی بەڵگەنامەکان، باشترین ناو بۆ ئەو داوەتە ئەوەیە کە پێی بڵێین چۆپی. بۆچی پێی بڵێین چۆپی؟ چونکە ئەگەر سەیری هەر چوار پارچەی کوردستان بکەین، ئەگەر داوەتێک بەڕێوە بچێت، کەسی یەکەم پێی دەگوترێت چۆپی و دواکەسیش پێی دەگوترێت بن چۆپی (گاوانی). ئەم وشەیە لە کوێوە هاتووە؟ لە کرمانجیدا ئەگەر کەسێک بۆ شتێک بنێریت و بپرسیت چی پێ هات؟ دەڵێن چۆپی. زانراوە لە ڕابردوودا هەندێک کەس بە دەوری یەکتردا کۆ دەبوونەوە و یەکێکیان دەچوو و کەسێک بە دوایدا دەنێردرا و چەند کەسێکی تریش بەم شێوەیە بەدوای یەکتردا دەڕۆیشتن، تا دواجار دەستیان گرت و... دواتر دەستی یەکیان گرتووە و داوەتیان کردووە و پێی دەوترا چۆپی. بە سۆرانی پێی دەڵێن چۆپی و بە کرمانجی پێی دەڵێن چۆپێ. هەر بۆیە دەزانم باشترین ناو بۆ ئەو هونەرە کوردییە چۆپێیە.
لە کوردستان زیاتر لە 100 جۆر هەڵپەڕکێی کوردی هەیە و هەر ناوچەیەک هەڵپەڕکێی تایبەتیی خۆی هەیە. لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 23 دیلان هەیە کە تا ئێستاش بەردەوامن. لە کوردستان چەندین گرووپی هەڵپەڕکێ هەن کە هەموو هەوڵەکانیان پاراستنی ئەو هەڵپەڕکێ کۆنانەیە.
درێژەی هەیە...[1]