پانۆڕامای ڕاگەیاندراوەکان لە بارەی شەهیدبوونی ڕۆژنامەنووسان (#گوڵستان تارا# و #هێرۆ بەهادین#)
ناوەندی هەواڵەکانی ڕۆژنیوز
شەهیدکردنی هەردوو ڕۆژنامەنووس (گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین) لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، کاردانەوە و ناڕەزایەتیی پارتە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکان، دەزگاکانی ڕاگەیاندن و کەسایەتییەکان لە ناوخۆ و ئاستی نێودەوڵەتییشدا بە دوای خۆیدا هێنا، بە تێکرا جەختکرایەوە، کردەوەکانی دەوڵەتی تورک تاوانی جەنگە ئامانجی لەناوبردنی هەموو کوردە و دەبێت ڕۆژنامەنووسان بپارێزرێن.
لە پێشنیوەڕۆی #23-08-2024#، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە نزیکی گوندی تەپەڕەش لە سنووری شارۆچکەی #سەیدسادق# لە پارێزگای #سلێمانی#، ئۆتۆمبێلێکی ڕۆژنامەنووسانی کۆمپانیای چەتر بۆ کاری میدیایی بە ئامانج گرت، بەهۆیەوە دوو ڕۆژنامەنووسی ژن بە ناوەکانی “گوڵیستان تارا و هێرۆ بەهادین” شەهیدبوون و ڕۆژنامەنووسێکی دیکەش بەناوی (ڕێبین بەکر) بریندار بوو.
ئەم ڕووداوە هەر زوو لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیشدا کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و بوو بە ڕۆژەڤی پارتە سیاسییەکان، ڕێکخراوە مەدەنیی و ڕۆژنامەوانییەکان، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، کەسایەتییەکان و تەواوی توێژەکان، لەم پانۆڕامایەدا ئاژانسی ڕۆژنیوز ئەو پەیام، ڕاگەیاندراو و بەیاننامانەی لەو بارەیەوە بڵاوکراوەتەوە کۆ کردووتەوە.
دەشێت ئەمە هەموو پەیام، ڕاگەیاندراو و بەیاننامەکان نەبێت و ڕۆژنیوز دەستی بە هەموویان نەگەیشتبێت، یاخود هەڵوێستی گەل کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی بوو کۆنەکردبێتەوە.
$پارتە سیاسییەکان$
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان: لە کاتێکدا ئەو کردەوە تیرۆریستییە نامرۆڤانەیەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بەتوندی شەرمەزار دەکەین کە پێشێلکارییەکی ئاشکرایە دژ بە ھەموو یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتیی و بەھا ئەخلاقییەکانە، لە ھەمان کاتدا داوا لە ڕێکخراو و سەندیکاکانی ڕۆژنامەنووسان و ئازادییخوازان و ڕاگەیاندکارانی خاوەن ویژدانی ئازاد و گەلی وڵاتپارێز دەکەین، لە ئاست ئەو کردەوە تیرۆریستییە بێدەنگ نەبن.
کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان-کەژەکە: بەڵێن دەدەین گوڵیستان و هێرۆ لە تێکۆشانی ژنانماندا وەک قارەمانی ژنی جیهانی ئازاد زیندوو بهێڵینەوە.
فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان-یەنەکە لە پەڕڵەمانی ئێراق: ئەم جۆرە هێرشە تاوانکاریانە پاساو هەڵنەگرە و دژی هەموو جۆرە یاسا و نەریتێکی نێودەوڵەتییە، هەروەها پێشێلکردن و بێرێزییە بەرانبەر بە سەروەری خاک و ئاسمانی ئێراق.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە: ڕۆژنامەوانانی بوێر و ڕاستگۆ هەمیشە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک و مافە ڕەواکانیان بوون، هەمیشە ڕاستییەکانی داگیرکاریی و سەرکوتکردن و ناڕەوایەتییان ئاشکرا کردووە، هەر بۆیە شتێکی سەیر نییە کە دەوڵەتێکی داگیرکار و دیکتاتۆرێکی سەردەم لە قەڵەم و کامێرای ڕۆژنامەوان بترسێت.
بەرەی گەل: ئەوەی ڕوودەدات، بە هاوکاری دەستی ناوخۆییە و ئەجێندای سیاسییە، دووبارە بوونەوەی بەردەوامی ئەو پێشێلکارییە ئەمنییانە شکستیی حکومڕانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە.
حزبى کۆمۆنیستى کرێکارى کوردستان: بەتوندی سەرکۆنەی تیرۆرکردنى دوو ڕۆژنامەنووس لەلایەن دەوڵەتی فاشیستی تورکیا دەکەین، پاراستنى ڕۆژنامەنووسان لە ئەستۆى بەرپرسانى هەرێمە.
کۆمیتەی ڕاگەیاندنی پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان-#پژاک#: دەوڵەتی تورک دەیەوێت شکستەکانی لە بەرەکانی شەڕدا بە بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان پەردەپۆش بکات.
ئەنجوومەنی شارۆچکەى سەیدسادقی بزووتنەوەی گۆڕان: ئەم جۆرە هێرشانە بەبێ هاوکاری و نۆکەرایەتی لایەن و سیخوڕی ناوخۆیی بە ئەنجام ناگەن.
حزبى زەحمەتکێشانی کوردستان: بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان تاوانی جەنگە.
حزبی شیوعی کوردستان: ئەو کردەوەیە دەستدرێژییە بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و ئێراق و پێشێلکردنی سەروەرییانە و نابێت بێدەنگی لێ بکرێت، پێویستە هەموو ڕێگاکان بەکاربهێنرێت بۆ دەرکردنی سوپای داگیرکەر لە وڵاتەکەماندا.
$کەسایەتییەکان$
عومەر گوڵپى، ئەندامى پێشووى #پەڕڵەمانى کوردستان#: بە ئامانجگرتنی دوو ڕۆژنامەنووس لە نزیک سەیدسادق، بێجگە لە تیرۆری دەوڵەت بەرانبەر کەسانێکی مەدەنی کە تەنیا جیاوازی سیاسیی و نەتەوەییان لەگەڵ نەتەوەی سەردەستی دەوڵەتی تورک هەیە، هیچ پێناسەیەکی تر هەڵناگرێت.
نەجیبە مەحموود چالاکوانی بواری ژنان: وێڕای ئیدانەکردنی ئەو دەستە ڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییە، ئەم ڕووداوە گرژییە بەردەوامەکانی ناوچەکە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ئازادیی ڕۆژنامەگەری و سەلامەتی گیانی ڕۆژنامەنووسان نیشان دەدات.
#قوباد تاڵەبانی# جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان: شەهیدکردنی دوو ڕۆژنامەنووس ژن تاوانێکی پاساوهەڵنەگرە و دژی هەموو جۆرە یاسا و نەریتێکی نێودەوڵەتییە و بەتوندی ئیدانەی دەکەین.
#هەڤاڵ ئەبوبەکر#، پارێزگاری سلێمانی: وەک هەمیشە؛ بەتوندی سەرکۆنەی هێرشە بەردەوامە سەربازییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و سنووری پارێزگاکەمان و بۆ سەر گیان و ماڵ و موڵکی هاووڵاتییان؛ دەکەین.
ئەحمەد میرە، نووسەر، ڕۆژنامەنووس و مامۆستای زانکۆ: بەڕاستی ئەگەر خۆتان (پاراستنی پەدەکە) چاوەشی درۆنی میت نەبن! چۆن بەو جۆرە خێرایە ئاگاتان لە ڕووداوەکانە.
ئارام ڕەفعەد، نووسەر: لە بەرانبەر شەهیدانی ڕاگەیاندن هەموومان بەرپرسیارین.
#ئەدهەم بارزانی#، کەسایەتی سیاسیی لە باشووری کوردستان: شەھید کردنی دوو ژنی ڕۆژنامەنووسی قەڵەمبەدەست تاوانێکی نێودەوڵەتییە.
ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامى سەرکردایەتى یەنەکە: شەهید کردنی دوو ڕۆژنامەنووسی ژن تاوانێکی پاساو هەڵگر نییە و پێشێلکردنی سەروەریی ئێراق و هەرێمی کوردستانیشە، بۆیە پێویستە چیتر بێدەنگ نەبین، چونکە تورکیا بە پاساوە بێ بنەماکانی بووەتە گەورەترین هەڕەشەی سەر هەرێمی کوردستان و ئێراق.
ئەبوبەکر کاروانى، سیاسەتمەدار: بە ئامانجگرتنی دوو خاتوونی ڕۆژنامەنووس، لەلایەن درۆنی تورکییەوە، کارێکی ئیدانە کراو و پێچەوانەی بنەمای جیهانیی پارێزبەندی ڕۆژنامەنووسانە، دۆزى کورد بە کوشتنى ڕۆژنامەنووسان کۆتایى نایەت.
محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێرى پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان: ڕێککەوتنی نێوان ئێراق و تورکیا هەموو خاڵەکانی لەسەر حسابی کوردە.
دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان: دژی هێرشەکانی تورکیا پێویستە بازنەی ناڕەزایەتییەکان فراوانتر بکرێت.
بەهادین عەبدوڵڵا، باوکی شەهیدی ڕۆژنامەنووس “هێرۆ بەهادین”: ئیدانەی ئەو لایەنە دەکەم کە دەستی دەرەکیی دەهێنێتە کوردستان، شەرم و مردنە بۆ دژەتیرۆری پارتی (پەدەکە)، کە چەواشەکاریی دەکات.
هاوڕێ کوردی، چالاکوان: دژەتیرۆری پەدەکە دامەزراوەیەکی نا نیشتمانییە.
نوورهاق گوڵبەهار: دەبێت بترسن، لە پێنووسی هزری ئێوە.
$دەزگای ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان$
دەزگای ڕاگەیاندنی هاووڵاتی: پێویستە هاووڵاتییان خۆیان بە بەرپرسیار ببینن بەرانبەر هێرشەکانی تورکیا.
کەناڵی ئاسمانیی ئازادیی تی ڤی: ئەم کردەوە ترسنۆکانانە ناتوانن ڕێ لە خەباتی ڕۆژنامەوانی کورد بگرن و کوردستانیان لەو تێکۆشانە بووەستێنن.
ژنانی ڕۆژنامەنووسی باشووری کوردستان: ژنانی ڕۆژنامەنووس بە قەڵەم و کامێراکانیان ڕووی ڕاستی داگیرکاری و کۆیلەکردنی کۆمەڵگە لە کەسایەتی ژندا هەڵدەماڵن و پیلانەکانی سیستمی سەرمایەداری و بەرژەوەندخوازی و پیاوی سەردەست دەخەنەڕوو و ڕێبازی تێکۆشانی ژنان لە پێناو ئازادی و حەقیقەتدا دادەڕێژن.
ڕۆژنامەنووسانى ئێراق: ئەم کارە پشتگوێخستنی هەموو پەیماننامە و یاسا نێودەوڵەتییەکان کە مافی ئازادیی و سەلامەتی ڕۆژنامەنووسان دەپارێزن.
نیاز عەبدوڵڵا، ڕۆژنامەنووس: دەزگاى دژەتیرۆر خراوەتە خزمەتى دەوڵەتى تورکیا.
بەهێز حسێن، ڕۆژنامەنووس: بەداخەوە، پێویستە ڕۆژنامەوان لە جەنگیشدا بپارێزرێت، بەڵام تورکیا هەر کوردبێت دەیکوژێت ئیتر ڕۆژنامەوان بێت یان گوندنشین، لە شاخ بێت یان لە شار.
خالید سلێمان، ڕۆژنامەنووس: پێشهاتێکی مەترسیدارە دەزگایەکی ئەمنی لە کوردستاندا تەنانەت پێش دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا بکەوێت لە بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاستدا، کە ئەمەش هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە لە ژیانی ڕۆژنامەنووسان.
$ڕێکخراو و ناوەندەکان$
لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی: بە توندى ئیدانەی هەر هێرشێک بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان دەکەین، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕۆژنامەنووس بەدەرە لە هەموو قەیرانەکان، تەنانەت لەناو جەنگیشدا ڕۆژنامەنووس گوللەی ئاڕاستە ناکرێت.
پەیامنێرانی بێسنوور: دەبێت لێپرسینەوە لە دەسەڵاتدارانی تورکیا بکرێت.
مەڵبەندی میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان: ئەوەی دەستی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەری کردووەتەوە و بۆردوومانەکان بەردەوامە، بێدەنگی حکومەتی ئێراقە بە پلەی یەکەم و حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە ڕۆژنامەنووسان و هاووڵاتییانی مەدەنی شەهید دەکات.
فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ-ڕۆنووس: داوا دەکەین فشارێکی ناوخۆیی و دەرەکی بەرفراوان درووست بکرێت، بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرش و پەلامارانەی ژیان و گیانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی خستووەتە مەترسییەوە و داگیرکارانی خاکەکەمان هەر ڕۆژە و لە شوێنێکی ئەم نیشتمانەوە گیانی هاونیشتمانییەکانمان دەکەنە قوربانی، ئێستاش کار گەشتووەتە ئەوەی دەست ببرێت بۆ ژیانی ڕۆژنامەنووسان.
ڕاگەیاندنی ئازادیی ژن-ڕاژن: خەباتی گوڵیستان و هەموو شەهیدانی میدیای ئازاد دەکەینە بنەمای کار و خەباتی ژیانی ئازاد و یەکسان، خەباتی ئەوان بۆ ئێمە دەبێتە ڕووناکی هێز، باوەڕ و ڕاستیی، بە هیوا و باوەڕی ئەوەی کە خەباتی ئازادیی ژنان بە فەلسەفەی ‘ژن، ژیان، ئازادیی’ سەردەکەوێت و خەباتی ڕاستیی لە هەر کاتێک زیاتر بەرز دەکەینەوە.
بەرەی ژنانی باشووری کوردستان: هاوشێوەی ئەو کارە نامرۆڤانەیەی دەوڵەتی تورک کە ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان لە بەرانبەر بە ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە ئەنجامیدا، هەموو ئەو هەوڵە چەواشەکارییانەش شەرمەزار دەکەین کە خیانەتکاران بە ناوی دەزگا و دامەزراوە و هەندێک میدیاکانەوە بۆ بەلاڕێدا بردنی ڕاستیییەکان و ڕەوایەتیدان بە ئەو دەستدرێژیی و کوشتارە ئەنجامیدەدەن.
ڕێکخراوی #جاسەنە#: بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییە دەکەین و بە هەڕەشەیەکی مەترسیداری دەزانین بۆ سەر کاری ڕۆژنامەوانیی و ئازادیی ڕۆژنامەوانیی، لە کاتێکدا ئەو ڕۆژنامەنووسانە سەرقاڵی کاری پیشەیی خۆیان بوون و تیرۆرکردنیان هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ناوەندی پێنی کورد: داوا لە هاوپیشەکانمان دەکەین لە سەرانسەری جیهان، کە لە بەرانبەر ئەو ستەم و زۆرداریی و هێرشی دەوڵەتی تورک ببنە دەنگی ئاشتیی و ئازادیی.
بەشی ڕاگەیاندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا: بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا تاوانێکە بەهیچ شێوەیەک پاساو نادرێتەوە و هەوڵێکی بە ئەنقەستە بۆ کپکردنی دەنگی ڕاستیی.
هاوپەیمانی ژنانی ڕاگەیاندنکار: ئەوانەی بەرپرسیارن لە هێرشەکە دەبێت لێپرسینەوەیان لێ بکرێت.
کۆردیناسیۆنی یەکێتیی ڕاگەیاندنی دیموکراتیک-یەردە: هەڤاڵ گوڵیستان و هێرۆ، کە دەنگی حەقیقەت بوون و گەل و ژنانی کوردیان ڕۆشنبیر و پەروەردە کرد، بۆ ئێمە دەبنە ڕووناکییەک کە هەرگیز ناکوژێتەوە، لەمەوبەدوا دوژمنایەتی دەوڵەتی تورک بەرانبەر بەبەهاکانی گەلی کورد و مرۆڤایەتی باشتر و زیاتر ئاشکرا دەکەین.
ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان: تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان لە ناوەو و دەرەوەی هەرێم بەردەوامە و داواش لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین فشار بخەنە سەر وڵاتانی دراوسێی ئێراق بۆ دوورخستنەوەی شەڕ لە کەسانی مەدەنی.
کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ): لە بارەی بە ئامانج گرتنی دوو ڕۆژنامەنووس لە هەرێمی کوردستان داوای ڕوونکردنەوەمان لە تورکیا کردووە بەڵام وەڵام نەدراوینەتەوە.
یەکێتی ڕاگەیاندنی ژن-یەرەژە: پێویستە دەوڵەتی تورک لە بەرانبەر هێرشە قڕکارییەکانیدا دادگایی بکرێت.
کۆردیناسیۆنی ژنانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا: لە بەرانبەر ڕووداوەکاندا بێ هەڵوێست نامێنینەوە.
کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە): شەهیدکردنی (گوڵیستان تارا و هێرۆ بەهادین) هەوڵی کۆمەڵکوژکردنی ڕۆژنامەنووسانی ئازادە، بەرپرسیارییەتی ئەم هێرشە دەخەینە ئەستۆی حکومەتی ئێراق و دەوڵەتی تورک و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک: ڕێگای هێرۆ و گوڵیستانەکان ڕێگای ئێمەیە و درێژەپێدەری ڕێبازیانین، سوورین لەسەر تۆڵەی خوێنی ئەوان لە نۆکەران و چاوساغانی دوژمن، بژی تێکۆشانی چاپەمەنی ئازاد.
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە): تێکۆشانی چاپەمەنیی ئازاد لە غوربەتلییەوە تا ئاگری یەڵماز، لە دلۆڤان گەڤەرەوە تا گوڵیستان و هێرۆکان خاوەن مێژووییەکی پڕ لە بەرخۆدانە، بۆیە هەرگیز سەر نەوی ناکات.
کۆمیتەی ژنانی کۆمەڵە: دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی تورکیا سەرەنجام دەبێت وەڵامی ئەو تاوانە لە بەردەم دادگای دادپەروەریی جەماوەری ڕاپەریودا بداتەوە.
[1]