لەدایکبووی ساڵی 1965ز. هەر لە منداڵییەوە خولیای زمانی کوردی بووم و هەوڵم دەدا بە هەر شێوەیەک بووە ئەو زمانە باشتر و باشتر فێر ببم، باوکم یەکەم مامۆستام بوو بۆ فێرکردنی زمانی کوردی و زۆر شتی لێ فێر بووم. هەر لەوێ یەکەم ئەزموونەکانم لە وەرگێڕان لە فارسییەوە بۆ کوردی دەستی پێ کرد، پاش تەواوکردنی خوێندنی دواناوەندی لە لقی علوم تجربی لە شاری #کرماشان#، ناچار کرام ئەو شارە بەجێ بهێڵم و پەڕیوەی ئێراق بووم. لەوێ ناردرام بۆ کەمپی ڕەمادی لە باشووری ئێراق کە لە نێزیکی سنووری ئوردون (ئۆردۆن) ە. لەو کەمپەدا نزیکەی 30 40 هەزار کورد دەژیان کە لە سەرەتاییترین مافی مرۆڤ بێبەش بوون، خەڵک خۆیان چەندین خوێندنگەیان دانابوو و پەرتووکێکی وایان لەبەر دەستدا نەبوو. قوتابخانەکان پەرتووکێکی فارسییان دەست کەوتبوو و بە فارسی وانەیان دەوتەوە.
ئەو شانازییەم هەیە کە وەکوو یەکەم کەس لەوێ دەستم کرد بە فێرکردنی زمانی کوردی بە منداڵان. نزیکەی دوو سێ ساڵ وانەی کوردیم وتەوە. لە پاش من هەموو ئۆردووگاکە دەستیان کرد بە وانەوتنەوە بە زمانی کوردی.
دوایی هاتم بۆ سوید، لێرەش ماوەی چەندین مانگ خولی فێرکردنی زمانی کوردیم بۆ گەورەساڵان دانا.
چەند ماڵپەڕ و وێبلاگێکم لەسەر مێژوو و زمانی کوردی دانا، لەسەر ئینتەرنێت لە پالتالک، زۆر شەوان وانەی زمانی کوردی و مێژووی کوردم دەوتەوە.
لەگەڵ چەند هاوڕێی شارەزا لە بواری ئایتی، ماڵپەڕی کوردئایتیگرووپمان دانا، ئەو گرووپە بۆ یەکەم جار تەختەکلیل و فۆنتی لەسەر بنەمای یونیکۆد بۆ زمانی کوردی دانا و بەخۆڕایی خستییە بەردەست بەکارهێنەران.
لە سوید وێبدیزاینم خوێند و ماڵپەڕێکم بە زمانی کوردی بەناوی چێکردنی ماڵپەڕ دانا و لەوێ باسی بنەماکانی درووستکردنی ماڵپەڕم کرد. ئێستاش هەر وەکوو سایتێکی تاکانەیە لەو بوارەدا کە بە زمانێکی سادە یاساکانی ڕوون کردووەتەوە.
لەگەڵ کەسانێکی شارەزا لە بواری ئایتی، گرووپێکی تری ئایتیمان دامەزراند بەناوی زانستپەروەرانی کورد. هەوڵمان ئەوە بوو کە زانست بە کوردی بنووسین یان وەری بگێڕینە سەر زمانی کوردی. لەوێ ئەرکی ڕاستکردنەوەی ڕێنووسی بابەتەکانم گرتە ئەستۆ، فەرهەنگێکی ئایتیمان دانا کە زاراوەکانی بواری ئایتیی لەخۆ دەگرت. ئەوە بووە بنەمایەکی باش بۆ ئەوەی کۆمەڵێ پرۆگرام و نەرمەواڵە وەربگێڕدرێنە سەر زمانی کوردی. کۆمەڵێ وشەی بواری ئایتیمان دانا.
ئەو فەرهەنگە هەرچەند بە شێوەی سەرهێڵ online لەبەردەستی بەکارهێنەراندایە لە کوردستانیش لەژێر چاپدایە. سەرەڕای هاوکاری لە فەرهەنگنووسییەکەدا، ئەرکی ڕاستکردنەوە و پێداچوونەوەی ڕێنووسی و زمانەوانیی فەرهەنگەکە بە ئەستۆی من بووە.
کۆمەڵێ وتاری جۆربەجۆرم لەسەر سایتی زانستپەروەرانی کورد نووسی کە گرنگیی تایبەتییان هەیە بۆ زمانی کوردی، وەکوو ڕێنووسی زمانی کوردی، خاڵبەندی، ڕۆژژمێر و هتد.
لە پڕۆژەی دانانی بگۆڕێک لەنێوان ئەلفبێی عەرەبی و لاتینی و پێچەوانەکەی لە زمانی کوردیدا بەشداریم کرد و توانیم کۆمەڵێ یاسای زمانی کوردی بدۆزمەوە بۆ ئەوەی بکرێتە فەرمان بۆ پرۆگرمکردنی ئەو بەرنامە. ئێستە ئەو بەرنامە بە شێوەی سەرهێڵ online و دەرهێڵ offline لەسەر سایتی زانستپەروەرانی کورد لەبەردەستی هەموواندایە.
چەند پەرتووکێکم لە فارسی و سویدی و ئینگلیزی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. هێشتا لەچاپ نەدراون.
کاری ڕاستکردنەوە و هەڵەگریی کۆمەڵێ نووسراوە و وتار و پەرتووکم بۆ خەڵکی تر بەئەستۆ گرتووە.
ئێستەش لە کاناڵی ئاسۆسات بەڕێوەبەری بەرنامەیەکم بەناوی فێرگەی زمانی کوردی. لەوێ هەوڵ دەدەم هاوکات کە وانەی فێرکردنی زمانی کوردی دەڵێمەوە، کۆمەڵێ شتی تریش لەسەر زمانی کوردی بخەمە بەر باس و وتووێژ و ڕوونکردنەوە.
خاوەنی بڕوانامەی وەرگێڕیم لە سوید لەنێوان زمانەکانی سویدی کوردی و فارسی. [1]