بەپێی ڕاپرسیەک کە ڕێکخراوی هەڵویست سەبارەت بەسەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجه و شێوازی کارکردنیان ئەنجامیداوە، لە 88% دانیشتوانی هەڵەبجە لەکاروبارەکانی ئەو سەرۆکایەتیە ناڕازین.
میهرەبان سەلام، ئاوێنەنیوز: لێپرسراوی ڕێکخراوی هەڵویست لەهەڵەبجە، ڕێباز مەحمود، ئەمڕۆ چوارشەممە، بەئاوێنەنیوزی ڕاگەیاند، ڕاپرسیەکەمان لەسەر شێوەی درێژخایەن بوه و هەموو ئەو کەسانەی گرتۆتەوە کە ڕۆژانە سەردانی سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە دەکەن.
وتیشی، ئەمە یەکەم کارمان نییە سەبارەت بەفەرمانگەکانی هەڵەبجە، بەڵکو پێشتریش لەسەر بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شارەزور ڕاپرسییەکی هاوشێوەمان ئەنجامداوە و بەردەوامیش دەبین لەسەری.
بەوتەی ڕێباز، ئەنجامی ڕاپرسییەکەیان دەریدەخات کە 88%ی بەشداربوان لەئاستی کارەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە ڕازی نین.
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی تاچەند هەست بەرۆتین دەکەیت لەبەڕێکردنی کارەکەتدا، 37.41%ی بەشداربوان بەزۆر و 6.65% بەکەم و 19.94% بەتارادەیەک وەڵامیان داوەتەوە.
هەروەک 70.81%ی بەشداربوان لەبەرێکردنی کاروباری هاوڵاتیاندا کەمتەرخەمی بەدی دەکەن و تەنها 4.91%ی بەشداربوان ئەو کەمتەرخەمییە ڕەتدەکەنەوە.
- 30-10-2013