زۆربەمان لەسەر ڕێگەی چونمان بۆ #چەمچەماڵ# و #کەرکووک# و هەولێر لە دەروازەی ئەم شورایەوە تێ پەریووین، بەڵام کەممان بۆ ساتێک لامانداوە گەشتێک بە دەوروبەریدا بکەین. ماوەیەک لەمەوبەر لەکاتی گەڕانەوەم لە چەمچەماڵ دابەزیم و ئەوەی لە گەرانەکەمدا دیقەتم دا وێرای ئەو خەرجی و ماندوبوونەی کە لە نوێکردنەوە و درووست کردنی ئەم شوێنەدا بەکار هاتووە، بیر لەوە نەکراوەتەوە لەسەر تابلۆیەک زانیارییەک لەسەر ئەم شوێنەوارە بەوانە ببەخشرێت کە سەردانی ئەم شوێنە دەکەن و زۆر کەس وا دەزانێت ئەم شورایە پەیوەندی بە شەری دەربەندی بازیانەوە هەیە و تەواو. بەڵام وەک لە چەند سەرچاوەیەکدا هاتووە سێ هەزار ساڵ لەومەبەر ئاشور بانیپاڵ کاتێک ویستویەتی وڵاتی زاموا داگیر بکات ئەو شورایەی وەک هێلی بەرگری قەڵەمرەوی دەسەڵاتەکەی درووست کردووە و لە دوای ئەویش دارو پەردوی ڕوخاوی ئەم شورایە وتۆپۆگرافیای ئەم شوێنە بۆ هەمان مەبەست لەلایەن دەسەڵاتداران و میرە کوردییەکانەوە سوودی لێ بینراوە و هەر چەند سەد مەترێک بە ڕوکاری بازیاندا و لەم دیو شوراکەوە لە ساڵی 1919 #شێخ مەحمود#ی نەمر دوای شەڕێکی بێ بەرانبەر لەپاڵ تاوێرە بەردێکدا بەسەختی بریندار دەبێت و بەدیلی دەگیرێت بۆیە هەڵبژاردەی ئەم ناوچەیە و بۆ بەرەنگاری لەلایەن شێخی نەمرەوە هەر لەو سۆنگەیەوە بووە، پاش کۆڕەوی ساڵی 1991 یش کاتێک هێزەکانی ڕژێمی ئێراق لە ناوچەکانی سلێمانی وەدەرنران و لە زنجیرەی بان مەقان گیرسانەوە جارێکی تر و تا ساڵی 2003 هەرچەندە چەمچەماڵ و تەکێ ناوچەی ڕزگار کراو بوون. بەڵام شوێنی ئەم شورایە وەک هێڵێکی بەرگری هێزی پێشمەرگە سوودی لێ بینرا. جا خۆزیا بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار ئەم چەند دێرەی بە زانیاری وردترەوە لەسەر تابلۆیەک دەنووسی.
[1]