ناونیشانی پەڕتووک: دیوانی شێخ ئەحمەدی شێخ غەنی (فەوزی)
ئامادەکردن: #سدیق ساڵح#
شوێنی چاپ: #سلێمانی#
دەزگای پەخش: #ژین#
ساڵی چاپ: 2019
[1]
دڵێ گیرۆدەی زوڵف و خاڵ نەبێ
شێواوی عیشوەی چاوی کاڵ نەبێ
ئاواتەخوازی لێوی ئاڵ نەبێ
لە بۆتەی عەشقا زیوی قاڵ نەبێ
ئەو دڵە یا خوا بەر خەنجەر درێ
وەک کۆتەی قەساب لەت و پەت کرێ
سەرێ شێواوی عیشوەو ناز نەبێ
پۆڕی خوراوی بازی ناز نەبێ
دەنگی وەک تەلی تار و ساز نەبێ
لە ڕێگەی عەشقا بەردەباز نەبێ
ئەو سەرە یاخواجێگەی سەر دار بێ
بە پەند کراوی کوچە و بازاڕبێ
دەمێ بە زیکری یار نەکرێتەوە
زوخاوی جەرگی پێ نەسڕێتەوە
شوکری جانانەی پێ نەدرێتەوە
گرەوی عەشقی پێ نەبرێتەوە
ئەو دەمە یاخواهەنجن هەنجن بێ
خنکاوی بەحری خەمی بێ بن بێ
پێیە گەڕۆکی کوچەی یار نەبێ
لە هاتو چۆدا بریندار نەبێ
دایم زەعیف و دەردە دار نەبێ
لە کۆتەی عەشقا گرفتارنەبێ
ئەو پێیە یاخوا دایم ئەسیر بێ
بەشی هەر بەند و کۆتە وزنجیر بێ
ئەحمەدی شێخ غەنی (فەوزی)