ناونیشان: کەنداوی عومان
ئامادەکردن: #حوسێن عەبدولکەریم ڕۆستەم#
ڕوبەرێکی ئاوییە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی نیمچە دورگەی عەرەبی لە نێوان بازنەی پانی 22,30° و 27° لە باکووری نیوە گۆی زەوی و لە نێوان هێڵی درێژی 56° و 60° لە ڕۆژهەڵات.
کەنداوی عومان کەنداوێکە دەریای عەرەب لە لایەکەوە و گەرووی هورمز و کەنداوی عەرەبی لەلایەکی ترەوە بەیەکەوە دەبەستێت، سنووری کەنداوی عومان لە باکوورەوە بریتییە لە ئێران و لە ڕۆژئاواوە بریتییە لە ئیمارات و لە باشوورەوە عومان، کەنداوی عومان لە سەری حەد لە عومان دەست پێدەکات تاکو گەرووی هورمز درێژ دەبێتەو، دێژی کەنداوی عومان 480کم و پانی کەنداوی عومان 330کم و قوڵی کەنداوی عومان 3350م، کەنداوی عومان سەرچاوەی سەرەکی سامانی ماسییە بۆ ئێران و عومان.
$گرنگترین بەندەرەکانی کەنداوی عومان:$
_ خۆر فەکان لە ئیمارات.
_ بەندەری چاپهار لە ئێران.
_ بەندەری سوڵتان قابووس لە عومان.
_ بەندەری فوجێرە لە ئیمارات.
گەرووی هورمز دەکەوێتە سەری کەنداوی عومان، گەروویەکی ستراتێژییە کە پانی نزیکەی 55کم و گەرووی هورمز بەدەرگای وڵاتانی کەنداوی عەرەبی دادەنرێت بۆ جیهانی دەرەوە و لە هەموو ڕێڕەوییە ئاوییە جیهانییەکان گرنگترە، چونکە نزیکەی لە (90%) بازرگانی نەوتی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بەگەرووی هورمز تێپەڕدەبێت بۆ بازاڕەکانێ جیهان، و لە (20%) نەوتی بازرگانی هەمو جیهان و نزیکەی سێ لەسەر یەکی گازی سروشتی هەمو جیهان لە ڕێگەی گەرووی هورمز دەنێردرێت بۆ بازاڕەکانی جیهان.[1]