سەروپێ لە هەندێک ناوچە پێی دەوترێت پاچە یەکێکە لەو خواردنانەی زۆر کەس حەز بە خواردنی دەکات و شێوازی ئامادەکردنی جیاوازی هەیە، زیاتر لە میوانداری و کەشی سارددا ئامادە دەکرێت.
لێرەدا بە ڕێگەیەکی ئاسان ئامادەکردنەکەی دەخەینە ڕوو.
کەرەستەکانی:
ورگ و قاچ و زمانی بەرخ
نیو کیلۆ قیمە
دوو کوپ برنجی خڕ
زەیت
دوو کەوچکی چێشت زیرە و زەردەچەوە و ئاڵەتی ڕەش و بەهاراتی سەروپێ
شەش دەنک مێخەک
خوێ بەپێی پێویست
زەیت
ئاو
بادەم و گوێز و کشمیش
$ئامادەکردنی$
سەرەتا سەروپێکان بەباشی پاککرابێت و شۆرابێتەوە، یەکەمجار قاچ و زمانەکەی بە لەتکراوی بخرێتە ناو بوخارێکەوە و بەهارات و خوێ و ئاوی گەرمی تێبکرێت، لەسەر ئاگرێکی بەهێز دابنرێت، دوای پێنج خولەک گڕی ئاگرەکە کەمبکرێتەوە.
ورگەکان پارچەپارچە بکرێت و بە دەزوو لاکانی بدورێت جگە لە لایەکی بۆ ئەوەی برنجەکەی تێبکرێت.
قیمەکە لە تاوەیەکدا سووربکرێتەوە و کەمێک زەیتی تێبکرێت، پاشان خوێ و کاکڵە گوێز و بادەم و کشمیشەکەی تێکەڵبکرێت و پێکەوە سووربکرێنەوە.
برنجەکە بشۆرێتەوە و زیرە و ئاڵەتی ڕەش و زەردەچەوە و خوێ و مێخەکی تێبکرێت و تێکبدرێت، دواتر قیمە سوورکراوەکەی تێکەڵبکرێت، دوای ئامادەکردنی برنجەکە بە کەوچک بکرێتە گیپەکانەوە، بە مەرجێک نیوەی گیپەکە برنجی تێبکرێت بۆ ئەوەی برنجەکەی ناوی ڕەق دەرنەچێت.
قاچ و زمانەکان لەناو بوخارەکە دەردەهێنرێت و دەکرێتە مەنجەڵێکەوە و گیپەکانی تێدەکرێت، دەخرێتە سەر ئاگرێکی مامناوەند و وازیلێدەهێنرێت تا دەکوڵێت، لە کۆتاییدا ئامادەی خواردن دەبێت.[1]