ناونیشانی بابەت: ئایینی #ئێزدی# و شوێنەوارەکانی لە #کوردستان#/ بەشی یەکەم
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
$ئایینی ئێزدی$
ئێزدی یەکێکە لە ئایینە هەرە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا و بەتایبەتی کوردستان، کە سەرەتا لە چیای #لالش#ی سەر بە پارێزگای #دهۆک# سەری هەڵداوە و دواتر بە تێپەڕینی کات، لە ناوچەکانی دیکە بڵاو بووەتەوە.
$ناو و وشەی ئێزدی$
ناوی ئێزدییەکان لە وشەی ئێزەد، یەزەدە، یەزدان، یەزەت، کە بە واتای خوا دێت سەرچاوەی گرتووە، کە بە واتای شوێنکەوتووەکانی خوای گەورە دێت.
بە گوتەی سەرچاوەکان، ڕیشەی وشەی (ئێزدی) لە زمانە کۆنەکان بەو شێوازانەی خوارەوە هاتووە:
لە زمانی #ئاڤێستا#دا وشەی (Yazata)، کە بە واتای شایانی پەرستش هاتووە.
لە زمانی پەهلەوی، وشەی (yazd) و لە زمانی سانسکریت وشەی (yazata) هاتووە.
هەروەها لە زمانی سۆمەری وشەی (ئی- زی- دی) هاتووە، کە مانای پاکەکان دەدا، واتا ئەو کەسانەی ڕێگەی ڕاستیان هەڵبژاردووە.
$سەرەتای درووستبوونی ئێزدی$
ئێزدییەکان لەو بڕوایەدان، کە ئایینەکەیان سەرەکیترین ئایینی یەکتاپەرەستییە، هەروەها بڕوایان وایە خوا هەر لە سەرەتاوە ئەوانی وەک ئێزدی خەڵق کردووە، واتا ئەوان پێیان وایە، کە لەگەڵ ئەفراندنیان ئێزدی بوونە و ئایینەکەشیان ئایینێکە لەگەڵ سەرەتای درووستبوونی مرۆڤایەتی، لەگەڵ ئەم خەڵکە هاتووتە خوارەوە.
$بنەمای ئایینەکە$
ئێزدی بە یەکێک لەو ئایینانە دادەنرێت، کە درێژەپێدەری ئایینی میتراییسمە و یەکێک لەو ئایینانەیە، کە لەسەر بنەمای یەکتاپەرستی و خواپەرستی بنیات نراوە، واتا پەیڕەوانی ئایینی ئێزدی بڕوایان بە خواوەندێکی تاک هەیە، کە هەموو کەون و مرۆڤایەتیی درووست کردووە و سەرچاوەی ئەفراندنە.
لە ئایینی ئێزدیدا هاوبەش بۆ خوا دانانریت، ئەوان بڕوایان بە خێر و شەڕ و ڕۆژی دوایی هەیە.
پەیڕەوانی ئەم ئایینە بڕوایان بە (دۆنادۆن) یان (کراس گۆڕین) واتا گواستنەوەی گیان لە جەستەیەکەوە بۆ جەستەیەکی تر هەیە.
لەم ئایینەدا کوشتن و زینا و سوو لە کارە قەدەغەکراو و خراپەکانن.
مۆرکردن، واتە لە ئاو هەڵکێشان (تەعمیدکردن)، نوێژ، ڕۆژوو، زیارەتی پەرەستگای لالش، بەشداریکردن لە ڕێوەڕەسمە ئایینییەکان و سوننەت کردن، چەندین بنەمای گرنگی ئەم ئایینەن.
خۆر پیرۆزییەکی تایبەتی لای بڕوادارانی ئەم ئایینە هەیە، بەو ڕادەیەی، کە یەکێک لە پێنج نوێژی ڕۆژانەیان تایبەت کراوە بۆ خۆر، واتا لە کاتی خۆرهەڵاتن لە بەرانبەر هەتاودا ڕادەوەستن و خاک ماچ دەکەن و نوێژ دەکەن و ئەمە پێی دەگوترێت (نوێژی خۆر).
جگە لە نوێژی خۆر، لەم ئایینەدا چوار نوێژی تر هەن، کە بریتین لە نوێژەکانی شەبەق (بەری بەیان)، بەیانی (خۆرهەڵاتن)، ئێوارە و نوێژی خەوتنان، کە نوێژی (شایەتمانی ئایین)یشی پێ دەگوترێت.
لەگەڵ هەر نوێژێکیش ڕوو لە هەتاو ڕادەوەستن، ئەویش لەو بڕوایە سەرچاوەی گرتووە، کە هەموو ڕووناکییەکان لە هەتاوەوە سەرچاوە دەگرن.
لە ئایینی ئێزدیدا نوێژ بە زمانی کوردی دەخوێنرێت و لە تەواوی کاتی نوێژدا، نوێژکەر دەبێ بە پێوە ڕاوەستێت. لەم ئایینەدا نوێژ بەکۆمەڵ نییە و دەبێت لە شوێنێک، کە لە چاوی خەڵک دوور بێت و قەرەباڵخ نەبێت ئەم سرووتە دینییە جێبەجێ بکرێت.
ڕۆژ، هەتاو یان خۆر، لەم ئایینەدا ئەوەندە جێگای بەرز و باڵای هەیە، کە نوێژکەری ئێزدی دەبێت لە کۆتایی هەموو نوێژێک، نزایەک بۆ خۆر بکات، کە (نزای خۆر)ی پێ دەگوترێت، کە بە گوتەی سەرچاوەکان، ئەم نزایە بۆ کەسایەتییەکی ئایینی بە ناوی (#شێخ ئادی#) دەگەڕێتەوە.[1]