کورد لە شاری #لۆزان# کۆنفرانسێکی فراوان دژی #پەیماننامەی لۆزان# ئەنجام دەدات
#14-07-2023#
لیژنەی کاری کۆنفرانسی 100 ساڵەی پەیمانی لۆزان لە سویسرا ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی 22-23ی تەمموزدا لە شاری لۆزان دەبن بۆ ئەنجامدانی کۆنفراسێک لەژێر درووشمی “لە سەدەمین ساڵیادی پەیمانی لۆزان، کورد و کوردستانییەکان پەیمانی لۆزان قبووڵ ناکەین و ڕەتیدەکەینەوە”.
پەیماننامەی لۆزان لە ساڵی 1923 لە دژی کورد لە سویسرا واژۆ کرا، تاوەکوو ئێستا جێگەی نیگەرانی و ناڕەزایی کوردە، بۆیە کوردانی سویسرا لیژنەیەکیان پێکهێناوەی بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسێک لە شاری لۆزان و دژی پەیماننامەی لۆزان، کە تێیدا باس لە ئەنجامی خراپی پەیمانی لۆزان دەکرێت، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
ئاژانسی فورات نیوز لە زاری ئەندامانی لیژنەی کۆنفراسی پەیمانی لۆزان بڵاوی کردەوە، وەک دەزانرێت 100 ساڵ لەمەوبەر ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی لە شاری لۆزان لە سویسرا واژۆ کرا، لە ئەنجامدا جارێکی دیکە کوردستان دابەش بوو، بۆیە ئێمەی نوێنەری حیزب و ڕێکخراو و دامەزراوە کوردییەکان لە ساڵیادی پەیمانی لۆزان ڕۆژانی 22 -23ی تەمموز لە شاری لۆزان کۆدەبینەوە، لەم کۆبوونەوەیەدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامی لۆزان و کاریگەرییەکانی لەسەر کوردستان دەکەین و هەڵوێستی خۆمان دیاری دەکەین.
ئاماژەیان بەوەش کرد، ئێمە وەک کوردستان دەمانەوێت هەڵوێستی خۆمان لەسەر سەدەمین ساڵیادی ئەم ڕێککەوتنە گڵاوە ڕابگەیەنین و نیشانی هەموو لایەک بدەین کە ئەم ڕێککەوتنە قبووڵ ناکەین، دەنگی خۆمان بە ڕای گشتی جیهان دەگەیەنین، لە 24ی تەمموزدا بەیاننامەیەک بۆ ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆنفرانسەکە لە بەردەم ئەو هۆڵەی کە واژۆکردنی پەیمانی لۆزانی تیایدا ئەنجامدرا دەخوێنینەوە.
باس لەوەش دەکەن، پێکەوە کۆدەبینەوە بە دەنگی بەرز بانگەوازی ویژدانی مرۆڤاییەتی و نێودەوڵەتی هاوار دەکەین و دەڵێین “ئێمە کورد و کوردستانی لە سەدەمین ساڵیادی پەیمانی لۆزان لە شاری لۆزان پەیماننامەی لۆزان ڕەتدەکەینەوە”.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی لیژنەکە، لە یەکەم ڕۆژی کۆنفرانسەکەدا فیلمێک نمایش دەکرێت، بەشداربووانیش دەتوانن قسەی لەسەر بکەن، دوای ئەوە لە سەرەتای کۆنفرانسەکەدا تەوەری “پەیمانی لۆزان و کاریگەرییەکانی لەسەر کوردستان” تاوتوێ دەکرێ، داواتر دکتۆر سوهەیلە قادری و پڕۆفیسۆر نەرمان محەمەد ئەمین عەلی لە زانکۆی سەڵاح لەسەر مێژوونووسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان قسە دەکەن..
هەروەها لە ڕۆژی دووەمی چالاکییەکەدا دوو دانیشتن بەڕێوەدەچێت، کوردی عومەر و سەحەر ئایدار بەڕێوەی دەبەن لە دانیشتنی یەکەمدا، باس لە “دۆخ و خەباتی ژنان” دەکرێت، مۆنفێر عەزیزۆغڵو لە زانکۆی برێمن و نەرمین عوسمان بەرپرسی دامودەزگاکانی ژنان لە سلێمانی، وەک وتاردەر ئامادە دەبن.
لە دانیشتنی دووەمدا گفتوگۆیەک لەسەر دۆخی ئەرمەن و ئاشووری و کلدان دەکرێت، لەم دانیشتنەدا نووسەر و لێکۆڵەر ئایدن ئەسڵان و مامۆستا نایری مورادیان قسە دەکەن، لە کۆتا دانیشتندا گفتوگۆ لەسەر تەوەری” 100 ساڵ خەبات دژی دەرئەنجامەکانی پەیمانی لۆزان” بەڕێوەدەچێت، کە لەلایەن بۆشرا محەمەد مەحمود و ڕۆژان حازمەوە بەڕێوەدەبرێت.
لە بەشی کۆتاییدا بڕیار و دەرئەنجامەکانی کۆنفرانس ڕادەگەیەنرێت، گفتوگۆیەک لەسەر بەیاننامەکە و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجام دەدرێت.[1]