ناونیشانی پەرتووک: قەدەری #کەرکووک#
ناوی نووسەر: #گۆران فەتحی#
شوێنی چاپ: #سلێمانی#
ساڵی چاپ: 2023
ژمارەی چاپ: یەکەم
کەرکووک و ناوچەى #گەرمیان# ئەو ناوچانەى بەردەوام لەلایەن ڕژێمەکانى ئێراق بەعەرەبکردنی تێدا پەێڕەو کراوە، خەڵکەکەشى تووشی چەندین نەهامەتی و نەگبەتى و ماڵوێرانی هاتوون، چەندین ڕۆڵەیان شەهید و کوژراون و ماڵیان سوتێنراوە و دەربەدەرى شاران و تەرتەو وەرتەى وڵاتان بوون.
کەرکووک لانی کەم هەشتا بۆ نەوت ساڵە جێگەى ململانێی توندی نێوان کورد و عەرەبە، هەموو شۆڕشەکانى کوردی ئێراق کەرکووک تێیدا جێگای تایبەت و قودسیەتى خۆى هەبووە و هەر لەبەر کەرکووکیش کورد نەگەیشتۆتە ئەنجام لەکاتى دانووستان لەگەڵ ڕژێمە یەک لەدوا یەکەکانى ئێراق، لەو باوەڕەدا نیم هەرگیز کورد بتوانێ لەگەڵ عەرەب و ئینجا تورکمان بگاتە ئەنجام لەسەر کەرکووک، چونکە نەک عەرەب و تورکمان بەڵکوو دەستێوەردانى وڵاتانى دەوروبەریش ناهێڵێت ئاوا بەئاسانى کورد بە کەرکووک خۆش بێت و کەرکووکیەکانیش بە کوردستانی دایک خۆش بن، لەبەر ئەوەى شۆفێنییەتى عەرەب و شۆفێنییەتى تورانیەکانیش لە سەردەمی کۆن و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، دژن و ڕازی نابن یەک بستى کەرکووک و گەرمەسێر بگەڕێتەوە سەر ئەو قەوارەى دواى نەوەد و یەک هاتۆتە ئارا کە ئەویش هەرێمى باشووری کوردستانە.
هەروەکوو چۆن قەدەرى کورد تا ئێستا نەیهێناوە دەوڵەتێکى سەربەخۆ پێکبهێنێ، قەدەرى کەرکووک و کەرکووکیەکانیشە شارەکەیان بەردەوام بەو شێوە هەڵواسراوییە بمێنێتەوە، دواى ئەوەى چەندین شەهیدیان لەپێناویدا داوە و بەردەوام ئامادەبوونە ژیان و ڕوح و ماڵى خۆیانى بۆ بکەنە قوربانی، خۆپیشاندانەکەى ماوەی پێشووى شارى کەرکووک دژ بە بڕیاری 24ی پەڕڵەمانى ئێراقی تایبەت بەیاساى هەڵبژاردنی ئەنجوومەنى پارێزگاکان و خوێنڕشتنیان بەهۆى تەقینەوە و تیرۆر و تەقەکردنى بەرەى تورکمانى باشترین بەڵگەیە بۆ ڕەوایى داواى کورد لە کەرکووک، وڵامێکیشە بۆ شۆفێنیەکان لە بەغدا کە ئەم شارە ئەگەر نەشگەڕێتەوە سەر هەرێمى کوردستان ئەوا بێگومان تیکەیەکی ئاسانیش نابێت بۆ عەرەب کەلووشی بدات، ڕاستە قەدەرى کەرکووکیەکان بەردەوام نەهامەتى و ناخۆشی بووە، بەڵام هەرگیز کۆڵیان نەداوە و نەیانهێشتووە لە کوردستانی دایک جیا بکرێینەوە، کەرکووکیەکان جارێکى تر ملکەچى ئەو قەدەرەش نابن و بەسەریدا ڕادەپەڕن. [1]