ناونیشانی بابەت: سەیرترین چیرۆکی خۆشەویستی لە کوردستانە
ئامادەکردنی: #فاتمە قاسم#
لە گوندی بیران لە بنارەی چیای #پیرەمەگروون#ی سنووری #سلێمانی#، لە ماڵێکی بچووکی گڵین، لەنێوان چوار دیواردا، چیرۆکی خێزانێک بەخۆشەویستییەوە دەست پێدەکات، بە ئاوێتەبوونی هەر یەک لە (خۆشەویستی، ئەنفال، لەدەستدانی هزر، چاوەڕوانی، تەنیایی، بێهیوایی، وەفاداریی بە بەڵێن، هەوڵدان بۆ پێشخستنی هونەر لەسەر بەردی چیایەک لە چیاکانی #کوردستان#) لەژێر ناونیشانی قارەمانەکەی عائیشە، بە هەمان خۆشەویستی بەردەوام دەبێت.
عائیشە، ئەو ئافرەتە شۆخ و شەنگەیە، کە ژیانی هاوسەرگیریی لەگەڵ (مەلا قارەمان) پێکدەهێنێت و دوای 10 ساڵ، لە سەردەمی شاڵاوی ئەنفال، سەرەڕای لەدەستدانی خێزانی، بەهۆی بینینی مەرگێکی ناخهەژێن و جەرگبڕ، باری دەروونیی تێکدەچێت، بەڵام مەلا قارەمان ژیانی لە لێواری مەرگ دەپارێزێت و لەنێو باوەشی پڕ لە سۆزی، هەتا دواساتەکانی ژیانی ونبووی، خۆشەویستی دەکات، لەپاڵیشیدا گرنگی بە پێشخستنی هونەرەکەی دەدات.
لە ڕێگەی ئەم ڕیپۆرتاژەوە، کە لەلایەن ئاژانسی (باسنیوز) ەوە لەگەڵ فۆتۆگرافەر (#ناسح عەلی خەیات#) ساز کراوە، لاپەڕەکانی ژیانی ئەم خێزانە لە دەستی ناسح عەلیدا، وەک لاپەڕەکانی پەرتووکێک، یەکەیەکە دەکرێنەوە و لە هەر لاپەڕەیەک و ویستگەیەکدا خوێنەران سەرسام دەکات.
فۆتۆگرافەر، ناسح عەلی خەیات بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: ”ساڵانێک دەبێت کە دەستم بەدۆکیۆمێنتکردنی چیرۆکی ناوازە و کارەساتبار و تاقانەکانی ئەنفال کردووە، بۆیە لە ساڵی 2018، لەلایەن هاوڕێیانمەوە پێشنیاری کارکردن لەسەر ژیانی (مەلا قارەمان) م بۆ کرا و دوای سەرسامبوونم بە چیرۆکی ژیانیان، بڕیاری سەردانیکردنی گوندی بیرانم دا.“
ڕووویشی کردەوە: ”گوندی بیران گوندێکی بچووکە و دەکەوێتە بناری چیای پیرەمەگروون، لە گوندەکەدا نزیکەی 50 خانوو هەبوو، کە زۆربەیان بە گڵ و بەرد درووستکرابوون و دانەدانەیەکیش نۆژەن کرابوونەوە، خەڵکەکەیشی هەموویان دۆست و کەسوکاری یەکتر بوون. لەنێو یەکێک لەو خانووە گڵینە بچووکانەدا، مەلا قارەمان و عائیشەی هاوسەری، کە ڕزگاربووی ئەنفال بوون، دەژیان. سەرەتا هەوڵی ناسینی خۆم دا لەگەڵ مەلا قارەمان و تاقە کوڕەکەیان، کە خاوەنی خێزان بوو و خانووەکەی نزیکی خانووی باوکی بوو، دوای شەش جار سەردانیکردنم بۆ گوندەکەیان، لە ڕۆژ و کاتە جیاوازەکان و ئاشنابوونی تەواوم لەگەڵیان، خۆشبەختانە ڕەزامەندییان دا چیرۆکی ژیانیان بۆم باس بکەن، بە مەبەستی دۆکیۆمێنتکردنی بۆ مێژوو.
ناسیح عەلی لە ساڵی 2019 بە شێوازی وەرزانە دەست بە دۆکیۆمێنتکردنی ژیانی مەلا قارەمان و هاوسەرەکەی دەکات و دەتوانێت لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا پارچەیەکی ژیانیان لە هەموو ساتەکانی خۆشی و ناخۆشی، ترس و گریان، زاڵبوونی هێزی خۆشەویستی بەسەر کۆسپەکانی ژیان و کارکردن و ماندووبوون و پێشخستنی هونەر و سەختییەکانی ژیان لە ڕێگەی هەزار فۆتۆ و ڤیدیۆیەکی یەک کاتژمێری دیکۆمێنت بکات و لە ساڵی 2021 کۆتایی بە کارەکەی بێنێ.
سەبارەت بەمە، ناسیح عەلی وتی: چیرۆکی ژیانی مەلا قارەمان و عائیشەی هاوسەری، چیرۆکێکی پڕ لە خۆشەویستی و لە هەمان کاتدا پڕ لە ئازارە، بۆیە توانیم لە ڕێگەی گوێگرتن بۆ قسەکانیان و دۆکیۆمێنتکردنی ژیانیان لە سەرەتاکانی 2019وە، هەموو قسە و دیمەنەکان بیخەمە ڕوو، مەلا قارەمان و عائیشەی هاوسەری دوو پاڵەوانی سەرەکیی ئەم چیرۆکە پڕ لە ئازارەن. مەلا قارەمان پیاوێکی بەوەفایە و عاشقێکی ڕاستەقینەی زانست و مەعریفەت و هونەرە، لە سەردەمی منداڵیدا بە مەبەستی خوێندنی ئایینی و بوون بە مەلا، لەلایەن باوکییەوە دەخرێتە بەر خوێندنی حوجرە لە گوندی بیران، چونکە لەو سەردەمەدا حوجرە جێگرەوەی قوتابخانە بوو، بەتایبەت بۆ گوندنشینان، بەڵام بەهۆی ئەوەی مەلاکەیان کۆچی دوایی کردووە، بۆیە مەلا قارەمان تەنیا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ وانەکانی مەلایەتی دەخوێنێ و بەهۆی زیرەکییەوە دوای کۆچی دوایی مەلای گوندەکەیان، دەبێتە شوێنگرەوەی و پێشنوێژی بۆ خەڵکی گوندەکە دەکات.”
لە دریژەدا دەڵێت: ”ئیدی لەو ساتەوە هەتا ئەمڕۆ لەسەر کارەکەی بەردەوامە و لەنێو خەڵکدا بە مەلا قارەمان بەنێوبانگە، ساڵانێکی پێدەچێت تاکوو مەلا گەورەتر دەبێت و 10 ساڵ پێش شاڵاوی ئەنفال، عاشقی کچێکی شۆخ و شەنگی دانیشتووی هەمان گوندی بیران لە بناری چیای پیرەمەگروون دەبێت بە ناوی (عائیشە) . دوای داخوازیکردنی لەلایەن خێزانی مەلا قارەمانەوە، عائیشە دەبێتە هاوسەری مەلا قارەمان. عائیشە لەو کاتەدا جگە لە جوانییەکەی، لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە ساغ و بێکێشە بووە. لەنێو هەمان گوندی بیران لە خانوویەکی گڵینی بچووک، بەڵام بە قەبارەی دەریایەک پڕ لە خۆشەویستی و وەفاداری، لەگەڵ کوڕە بچکۆلانەکەیان ژیانی ڕۆژانەی خۆیان بەئارامی بەڕێوە دەبەن، هەتا پێش هاتنی شاڵاوی ئەنفال.
شاڵاوی ئەنفال، ئەو تاوانەی دەستی ڕژێمی بەعسی داگیرکار، کە لە 14-04-1988 ، بە هەشت قۆناغ و ماوەی حەوت مانگ بەسەر کورددا جێبەجێ کرا، بەپێی ئامارەکان، 182 هەزار کەس لە گەورە و بچووک، ژن و منداڵ و لاو ئەنفال کران و سەدان هەزاری دیکەیش ئاوارە بوون، ئەم کارەساتە دڵتەزێنە هەتا ئێستەیش خوێنی لێ دەچۆڕێ و هەرگیز ساڕێژ نەبووە و نابێت و لەبیری کەسوکار و ئازیزانیان و بیری خەڵکی کوردستان نەچووە، سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە گۆڕی ئەو پەپوولە بێتاوانانە دۆزرایەوە، بەڵام بەشی زۆریشیان هەتا ئێستا نادیار و بێ ناونیشانن و کەسوکاریان چاوەڕێ ئەوە دەکەن ڕۆژێک گۆڕی ئازیزانیان بدۆزرێتەوە، تاکوو بیانهێننەوە بۆ خاکی باوک و باپیرانیان، بەڵکوو لە ڕێگەی سەردانی گۆڕەکانیان، ئاگری دڵیان خامۆش و زامی دڵ و ڕۆحیان هەندێک ساڕێژ بکەن.
عائیشەیش وەک قوربانییەکی زیندووی ئەم کارەساتە، هەتا دواساتەکانی ژیانی لە خۆشییەکانی ژیان بێبەش بوو و بە دووبارەکردنەوەی (بردییان، کوشتییان، با لێرە بڕۆین) . بێدەنگییەکانی عائیشە لە ڕێگەی ترسێکی بەردەوامدا دەشکا و هەمیشە لەنێو بازنەیەکی داخراوی ڕەش دەخولایەوە، سەرەڕای پیشاندانی بە چەندین دکتۆر و پاڵپشتیکردنی لەلایەن مەلا قارەمانەو هەتا دوایین چرکەکانی تەمەنی، لە ساتە دڵتەزێنەکانی ئەو ڕووداو و مەرگەساتەدا دەژیا، کە بینیبووی.
ناسح عەلی، بەم شێوازە تیشک خستە سەر هەموو ڕەهەندەکانی ئەم چیرۆکە پڕ لە ئازارە و دەڵێت: ئەو چرکە سەختانە هەرگیز لە هزرم ون نابێت، کە مەلا قارەمان بە هەڵمژینی هەناسەیەکی ساردەوە، ساتەکانی پڕ لە کاریگەریی ئەنفالی بۆ باس کردم و منیش هەر وەک خۆی هەمووی بۆ (باسنیوز) دەگێڕمەوە.
لەگەڵ دەستپێکردنی شاڵاوی ئەنفال لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، دەست دەکرێت بە ئەنفالکردنی خەڵکی گوندەکە، لە کاتی ئەنفالکردنی ماڵی باوکی عائیشە و ناچارکردنیان بۆ سەرکەوتن لە ئۆتۆمبێلی سەربازی، سەرجەم تاکەکانی خێزانی توانای ڕووبەڕووبوونەوەیان نامێنێت و بەناچاری دۆخەکە قبووڵ دەکەن، تەنیا برایەکی عائیشە، کە لاوێکی کەمتەمەن بووە، لەپێناو مانەوەی خۆی و خێزانی، زۆر هەوڵی بەرخۆدان دەدات، بەڵام بە جارێک چەکدارانی ڕژێمەکە لێ تووڕە دەبن و بە لێدانی گوللەیەک لە سەری، کۆتایی بە ژیانی دەهێنن.
بەهۆی نزیکبوونی ماڵی عائیشە لە ماڵی باوکی، بەبێ دەسەڵاتی و بە دڵێک کە ئاگر وەک گڕکان تیایدا هەڵدەقوڵێت، بینەری سەرجەم ڕووداوەکە دەبێت و بەهۆی خوێناویبوون و مردنی براکەی لەبەرچاوی، لە حاڵەتێکی بێدەنگی و شۆک دەمینێتەوە، هەر لەنێو ئەم هەموو کارەساتەدا، مەلا قارەمان لە ترسی لەدەستدانی گیانیان، عائیشە و کوڕەکەیان بۆ دەشتی پیرەمەگروون دەبات و لە کامپی کۆمەڵەی زۆرەملێی پیرەمەگروون نیشتەجێ دەبن، ئەم هۆکارانەش بوونە پاڵنەرێک بۆ ئەوەی، عائیشە لە دوای شۆکبوون بەم کارەساتە، هزری خۆی لەدەست بدات و تووشی کێشەی دەروونی بێت و دوای سێ مانگ بەتەواوەتی تێکبچێت.
هەرچەندە مەلا قارەمان هەموو هەوڵی خۆی لە ڕێگەی دڵنەوایی و گفتوگۆ و چارەسەری دکتۆرەوە بۆ چاکبوونەوەی عائیشە دەدا، بەڵام دووبارەبوونەوەی دیمەنی کوشتنی براکەی لە مێشکیدا، پاڵنەرێک بۆ نەهێشتنی باشبوونەوەی عائیشە بوو، بەڵام عائیشە هاوسەرەکەی خۆی بە باشی دەناسی و تەنیا بە هەبوونی هاوسەرەکەی هەستی بەئارامی دەکرد و دوای بێدەنگییەکی زۆر، چەند وشەیەکی دووبارە دەکردەوە (بردیان، کوشتییان، با لێرە بڕۆین) ، ئەمانەش پیشاندەری ئەوە بوون، کە عائیشەی تەمەن 70 ساڵ، هەرچەندە جەستەیەکی ساغی هەبوو، بەڵام ئاوەز و دڵ و ڕۆحی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێ و ئازاری سەردەمی ئەنفالدا بوو.
ناسح عەلی خەیات، لە کاتی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ژیانیان، ئەوەیشی بۆ قسەکانی زیاد کرد: ئەوەی کە زۆر سەرنجی ڕاکێشام، کۆڵنەدانی مەلا قارەمان بوو، ئەمەش لەوێ دەست پێدەکات، کە دوای شەش ساڵ، واتە له سەردەمی ساڵی نەوەدەکانەوە سەرلەنوێ مەلا قارەمان و خێزانەکەی لە کامپی کۆمەڵەی زۆرەملێ گەڕانەوە بۆ گوندی بیران و لەنێو ماڵە بچکۆلانە گڵینەکەیان، کە ساڵانی حەفتاکان درووستکرابوو و لە ژوورێک پێکهاتبوو. نیشتەجێ بوون، هەرچەندە لەو گوندەدا هەندێک لەو کەسوکارانەی مەلا و عائیشە، کە بەرکەوتووی شاڵاوی ئەنفال نەبوون، دەژیان، بەڵام مەلا قارەمان شوێنگرەوەی هەموو کەسێک بۆ هاوژینەکەی بوو، هەتا دواچرکەکانی ژیانی عائیشە ژنی نەهێنا، هۆی دووبارە هاوسەرگیری نەکردنیشی سەرەڕای زانینی باشنەبوونەوەی عائیشە لە ڕووی دەروونییەوە، ئەو بەڵێنە بوو، کە لە کاتی مارەکردنی عائیشە بە خەزووری دابوو، مەلا ئەو کاتەی دەست دەخاتە نێو دەستی خەزووری و لەگەڵی پەیمان دەبەستێت، بۆ هەمیشە عائیشە وەک چاوی خۆی بپارێزێت. دوای نەخۆشبوونی عائیشە، پێی وابوو ئەگەر خیانەت لەو پەیمانە بکات، بە چ شێوازێک دەتوانێت لەو دونیا وەڵامی خەزوورە ئەنفالکراوەکەی بداتەوە؟ بۆیە بۆ ئازارنەدانی دڵ و ڕۆحی عائیشە، وازی لە ژیانی تایبەتیی خۆی هێنا و ڕێگەی نەدا جگە لە خۆی، هیچ کەسێک خزمەتی عائیشە بکات، هەموو کات دوعای دەکرد عائیشە پێش خۆی بمرێت، چونکە پێی وابوو ئەگەر سەرەتا خۆی بمرێت، عائیشە وێڵ و سەرگەردان دەبێت و هیچ کەسێک وەک خۆی بەخێوی ناکات.
مەلا قارەمان یەکێک لە باشترین فیتەرەکانی سەردەمی خۆی بوو، بەڵام بۆ ئەوەی عائیشە و کوڕەکەیان بەجێ نەهێڵێت، بڕیار دەدات بۆ کارکردن نەچێتە شار و هەر لەو گوندەی خۆیان پیشەی شوانی هەڵدەبژێرێت و دەبێتە شوانی مەڕوماڵاتی دانیشتووانی گوندەکەیان، بۆ ئەوەی بتوانێت لە ڕۆژەکەدا چەند جارێک سەردانی عائیشە بکات و هەمیش لە ڕێگەیەوە بڕە پارەیەک بەدەست بهێنێت، بۆ دەستەبەرکردنی بژێویان.
مەلا قارەمان هەر لە منداڵییەوە، بەهۆی خوێندنی چەند ڕۆژەی لە حوجرە، خولیای زانست و مەعریفەت و هونەر دەبێت و بەهۆیەوە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەست بە هونەری هەڵکەنین دەکات و کۆمەڵێک ئایاتی قورئانی پیرۆز و هۆنراوەی شاعیرانی گەورەی کورد لەسەر تاشەبەردەکانی چیای پیرەمەگروون دەنووسێت، لە ساڵی 1976 لەسەر تاشەبەردێکی هەمان چیا، ئەلفبێ ئینگلیزی بە گەورە و بچووک هەڵدەکۆڵێت و دوای گەڕانەوەشی بۆ گوندەکەیان لە دوای شاڵاوی ئەنفال، نەخۆشیی هاوژینەکەی بە بەربەستێک لە بەرانبەر پێشخستنی هونەرەکەی دانانێت و ڕۆژانە هاوکات لەگەڵ بردنی مەڕوماڵات بۆ چیای پیرەمەگروون، کۆمەڵێک کاری هونەری لەسەر تاشەبەردەکان دەکات و بە درێژایی تەمەنی هەتا ئەمڕۆ (2023) ، زیاتر لە 30 کاری هونەریی هەڵکەنینی کردووە، جگە لەمەش، لە ڕێگەی دەستە ماندووەکانی، توانیویە خاک و خۆڵی چیای پیرەمەگروون لابدات و لەپێناو هاتوچۆی خەڵک و ئۆتۆمبێلەکان جادەیەک درووست بکات، بۆیە مەلا ڕۆڵێکی زۆری لە خزمەتکردنی گوندی بیران هەبووە و هەیە.
هەرچەندە کە مەلا قارەمان لەو کاتەدا تەمەنی نزیکەی 80 ساڵ بووە و شەوان بە ماندوویەتی دەگەڕایەوە ماڵ، بەڵام لەبەر خۆشەویستیی بۆ خوێندن و فێربوونی زانست و زانیاریی نوێ، کونجێکی ماڵە گڵینەکەی بە شێوازی پەرتووکخانەیەک درووستکردبوو و خاوەن زیاتر لە 100 پەرتووکی جۆراوجۆر بووە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی، کە زۆربەیان مێژوویی بوون و شەوان چەند کاتژمێرێکی خۆی بۆ خوێندنەوەیان تەرخان دەکرد، هەتا ئێستای لە هەموو کارەکانی و خزمەتکردن خەڵکی گوندی بیران بەردەوامە.
ناسح عەلی، لە کۆتاییدا وتیشی: دوای کۆکردنەوەی سەرجەم زانیارییەکان لەسەر ژیانیان، جگە لەوەی لە ساڵی 2019 لە ڕێگەی فۆتۆ و ڤیدیۆ و بە شێوازی وەرزانە دەستم بە دۆکیۆمێنتکردنی ژیانیان کرد، بەڵکوو هەوڵی دابینکردنی ژیانێکی باشترم بۆیان دا، سەرەتا هونەرمەندی کورد دڵشاد عەلی، کە دانیشتووی دەرەوەی وڵاتە، توانی لە ڕێگەی فۆتۆکانمەوە تابلۆیەکی مەلا قارەمان بکێشێت و لەنێو یەکێک لە پێشدانگەکانی خۆی بیفرۆشێت و پارەکەی بگەینینە دەستی مەلا قارەمان، بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی عائیشە، هەروەها لە ڕێگەی پۆستکردنی وێنەکانیان لەسەر ماڵپەڕی فەیسبووک و ئینستاگرامی تایبەت بە خۆم، ڕێکخراوەکان و خەڵکی خێرخواز دەستی یارمەتییان بۆ ماڵی مەلا قارەمان درێژ کرد و توانیمان سەرلەنوێ خانوویەکی خنجیلانە و جوانیان بۆ درووست بکەین، بەڵام بەداخەوە چەند مانگێک پێش ئێستا، عائیشە بە کۆڵەبارێک لە نەخۆشی و ترس و ئەو ئاواتانەی، کە لەم دونیایە بەدی نەهاتن، بۆ هەمیشە ڕۆیشت و کۆچی دوایی کرد، تەنیا ناوێک و چیرۆکێکی پڕ لە ئازاری لێ مایەوه و کوڕەکەشیان چەند ساڵێک پێش ئێستا ژیانی هاوسەرگیریی پێکهێنا، بەڵام مەلا قارەمان ئێستا بەسەختی دەتوانێت لە دوای عائیشە لەنێو ماڵە بێدەنگەکەی ژیان بەسەر ببات، بۆیە منیش هیوادارم سپۆنسەرێکم هەبێت، بۆ ئەوەی بە زووترین کات مۆنتاژی فیلمەکەم لەژێر ناونیشانی (قارەمانەکەی عائیشە) تۆمار بکەم، کە فیلمێکی یەک کاتژمێریە، هەروەها دەمەوێ جگە لە زمانی کوردی، بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزییش وەرگێڕانی بۆ بکەم، تاکوو بچێتە سەر شاشەی سینەماکان و مەلا قارەمانیش وەک میوانێکی تایبەت ئامادە بێت و بەرهەمی ماندووبوون و وەفاداریی خۆی لە ڕێگەی فیلمەکەمەوە ببینێت، دڵنیام دوای ئەوەی خەڵک فیلمەکە دەبینن، چیرۆکی فیلمەکە هەر وەک من، کاریگەریی خۆی لەسەر سەدان بینەری دیکەش بەجێ دەهێڵێت، ئەوکات زیاتر بە مانای ڕاستەقینەی عەشق و وەفا و هونەر وەفاداری دەزانن.“
ئەم چیرۆکە تراژیدیایە، وەک سەدان چیرۆکی دیکە لەبیر ناکرێت و مەلا قارەمان تا ئێستایش سەرەڕای نەبوونی عائیشە و سەختییەکانی تەنیایی، سەرقاڵی ژیانە و لە کارەکانی ڕۆژانەی، کە بریتین لە مەلایەتی و شوانی و هونەری و خوێندنەوەی پەرتووکی جۆراوجۆر بەردەوامە، تەنیا لە خزمەتکردنی هاوسەر و تاکە خۆشەویستی ژیانی نەبێت و هەر ئەمەش وای کردووە، ئەو ئازارەی کە لە دڵیدا هەیە، هیچ کات لەبیر نەکات، بۆیە بە (قارەمانە بەوەفاکەی عائیشە) ناسرا.[1]